Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
فیلمی هیندیی............. ستیڤان شه‌مزینانی

veera13

فلاشباك -4-

فیلمی هیندیی

نووسینی: ستیڤان شه‌مزینانی

له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو، سه‌یركردنی فیلمی هیندیی له‌لای هه‌موو خه‌ڵكی باشووری كوردستان ببووه‌ نه‌ریت. هه‌موو كه‌س ده‌یزانی شه‌وانی سێشه‌ممه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنی كوردیی كه‌ركووك له‌ دوای ده‌نگوباسی كاتژمێر "10"، دوا بابه‌تی شه‌و فیلمێكی هیندییه‌. دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش به‌رنامه‌كانی تیڤی كۆتایی ده‌هات و خشه‌خشه‌كه‌ ده‌ستی پێده‌كرد. ئێمه‌ ئه‌وسا منداڵ بووین، هه‌موو هیوایه‌كمان ئه‌وه‌بوو شه‌و خه‌ومان لێ نه‌كه‌وێت، یان ماڵه‌وه‌ ناچارمان نه‌كه‌ن به‌ سه‌عیكردن، بۆئه‌وه‌ی بتوانین پڕ به‌ دڵ ته‌ماشای ئه‌و فیلمه‌ هیندییه‌ ساكارانه‌ بكه‌ین، كه‌ له‌لای ئێمه‌ زۆر قووڵ و كاریگه‌ر بوون.
ئێمه‌ منداڵ بووین، وامانده‌زانی هیندستان خۆشترین ولاَتی سه‌رزه‌مینه‌، وه‌ها تێده‌گه‌یشتین هه‌موو خه‌ڵكی ئه‌و ولاَته‌ هه‌ر سه‌رقاڵی فیلم و گۆرانی وتنن. بیرمان ده‌كرده‌وه‌ ره‌نگه‌ هیندستان هێنده‌ دوور بێت، هه‌رگیز نه‌توانین بیگه‌ینێ، نه‌ك وه‌ك ئێستا كه‌ هه‌ندێك كه‌س بۆ چاره‌سه‌ری هه‌لاَمه‌تیش سه‌ردانی هیندستان ده‌كه‌ن. بیرم دێته‌وه‌ جارێكیان "رێبوار"ی برام، له‌ ماڵه‌وه‌ تووڕه‌بوو، پڕ جانتایه‌ك جل و پێداویستی خۆی هه‌ڵگرت، وتی ده‌ڕۆم بۆ هیندستان و قه‌ت نامبیننه‌وه‌، مه‌گه‌ر له‌ ته‌له‌فزیۆندا بمبیننه‌وه‌. ئاخر ئه‌و برایه‌م هیوایه‌تی پله‌ یه‌كی فیلمی هیندیی بوو، ناوی هه‌موو ئه‌كته‌ر و فیلمه‌كانی وه‌ك ئاو و دۆ له‌به‌ربوو، ئه‌وه‌نده‌ی گۆرانی هیندیی له‌به‌ربوو، به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ وانه‌كانی قوتابخانه‌ی له‌به‌ر بكردایه‌ ئێستا دوو سێ دكتۆرای هه‌بوو.
من یه‌كێك بووم له‌ ته‌ماشاكاره‌ هه‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كانی فیلمی هیندیی، بڕوا ناكه‌م شه‌وبژێرم له‌ بینینی هیچ فیلمێك كردبێت له‌ هه‌شتاكاندا. ئه‌و شه‌وه‌ی بڕیاربوو فیلمی هیندیی بكات، سه‌رله‌ئێواره‌كه‌ی زۆر باش بۆی ده‌خه‌وتم. به‌ خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌مم ده‌وت هه‌ر 20 خوله‌ك پێش فیلمه‌كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵمبستێنه‌. ئه‌ویش هه‌روای ده‌كرد. كاتێك له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستام، ده‌مبینی دیسان، چا لێنراوه‌ته‌وه‌، نان و ماست، یان گوێز و هه‌نگوین، زۆر جاریش هێلكه‌ و رۆن ئاماده‌ كرابووه‌وه‌، چوونكه‌ ئه‌وه‌ ببووره‌ ژه‌می چواره‌م. له‌گه‌ڵ سه‌یری فیلمه‌كه‌ نانیشمان ده‌خوارد، پاشان چه‌ره‌س، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كردیت گه‌ده‌ت پڕ بێت و به‌ ئاسانی خه‌وت لێنه‌كه‌وێت، بۆیه‌ تا كۆتایی به‌دیار ته‌ماشاكردنی فیلمه‌كانه‌وه‌ ده‌ماینه‌وه‌.
تێكڕای گه‌نجان خولیای لاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌كته‌ره‌ هنده‌كانیان هه‌بوو، به‌لاَم بارودۆخی كۆمه‌لاَیه‌تی رێگربوو له‌وه‌ی بتوانن له‌ شێوه‌ی خۆگۆڕین لاساییان بكه‌نه‌وه‌. "رێبوار"ی برام وه‌ك وتم زۆر سه‌رسام بوو، به‌ ئه‌كته‌ره‌ هنده‌كان. ئێواره‌یه‌ك به‌ قاتێك چاكه‌ت و پانتۆڵی سپی و قۆنه‌ره‌یه‌كی ره‌شی له‌مه‌عه‌وه‌، كه‌ عه‌ینه‌كێكی ره‌شی گه‌وره‌شی له‌ چاودا بوو، خۆی كرده‌وه‌ به‌ ماڵدا، بێ هیچ قسه‌یه‌ك رووی كرده‌ دایكم و گووتی "له‌ ئه‌میتا ده‌چم؟" دایكیشیم زۆر لێی تووڕه‌بوو وتی، نه‌خێر له‌ شێره‌ ده‌چیت، سه‌روپۆته‌لاَكت هه‌روه‌ك ئه‌وه‌. ئاخر "شێره‌"ی داماو له‌ هه‌موو فیلمێكدا رۆڵی سته‌مكار و مافیا و جه‌لادی ده‌بینی و له‌ كۆتاییدا هه‌موو فیلمه‌كانیشدا ده‌كوژرا. ئه‌و شێره‌ داماوه‌ زیاتر له‌ هه‌زار جار به‌ ده‌ستی میسۆن و ئه‌میتاب كوژراوه‌، وه‌ك پشیله‌ی حه‌وت رۆح وابوو، هه‌ر ده‌كوژراو و له‌ فیلمێكی نوێتردا زیندوو ده‌بووه‌وه‌.
ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی لای من زۆر خۆشه‌ویست بوون، بریتیبوون له‌ "ئه‌میتاب، میسۆن دارۆ مه‌نده‌ر"، ئه‌و فیلمانه‌شی هه‌میشه‌ پێیان سه‌رسام بووم، بریتیبوون له‌ فیلمه‌كانی "شوعله‌، دیكسۆ دانسا، شاهنشا، مه‌رد، تۆفان". زۆرتر ئه‌و فیلمانه‌ ره‌واجیان هه‌بوو ئه‌میتاب و میسۆن رۆڵیان تێدا ده‌بینی. ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ هێنده‌ خۆشه‌ویست بوون، وێنه‌كانیان له‌ زۆرێك له‌ ماڵه‌كاندا هه‌بوون، یان ده‌نران به‌ به‌رگی ده‌فته‌ره‌كانه‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ر قوتابخانه‌كه‌ی ئێمه‌ "به‌رانان"، دوكانێك هه‌بوو به‌ ناوی دوكانی "بۆتان" ئه‌م دوكانه‌ ته‌نیا وێنه‌ی ئه‌كته‌ره‌ هندییه‌كانی ده‌فرۆشت، ته‌نانه‌ت خاوه‌نه‌كه‌شی "بۆتان" یه‌كێك بوو له‌ سه‌رسامه‌كان به‌ فیلمی هیندیی. ده‌یان جار رۆژانه‌كه‌ی خۆم كه‌ بۆ قوتابخانه‌ وه‌رمده‌گرت، ده‌مدا به‌ وێنه‌ی ئه‌كته‌ره‌ هنده‌كان له‌ ژن و پیاو. وا بزانم جارێك وێنه‌كانم ژمارد زیاتر له‌ 60 وێنه‌ بوو، كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان هێنده‌ی لاپه‌ڕه‌یه‌كی ئه‌ی فۆڕ قه‌باره‌یان گه‌وره‌ بوو.
وه‌ك وتم ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركووك له‌ هه‌فته‌یه‌كدا ته‌نیا یه‌ك شه‌و، فیلمی هیندیی په‌خش ده‌كرد، به‌لاَم بڕوا ناكه‌م من شه‌وبژێرم لێكردبێت. هه‌ندێك جار به‌رۆژ هێنده‌ی هیلاك ده‌بووم به‌هۆی فتبۆڵ و قوتابخانه‌ و سه‌عیكردنه‌وه‌، به‌ دیار سه‌یركردنی فیلمه‌كه‌وه‌ خه‌وم لێده‌كه‌وت، به‌لاَم هێنده‌ فیلمه‌كانم خۆشده‌ویست و تامه‌زرۆیان بووم، ئه‌و به‌شه‌ی فیلمه‌كه‌ كه‌ من نه‌مبینیبوو به‌ خه‌ون ته‌واوم ده‌كرد، رووداوه‌كان له‌ خه‌ونه‌كانمدا به‌ ریتمی ئه‌و به‌شه‌ ده‌ڕۆیشتن به‌واقیعی بینیبووم. جاریش هه‌بووه‌، خۆم چوومه‌ته‌ ناو رووداوه‌كانی فیلمه‌كه‌وه‌، له‌ خه‌ونمدا هه‌ستم به‌وپه‌ڕی شادیی ده‌كرد، كه‌ بوومه‌ته‌ ئه‌كته‌ر و له‌ په‌نا ئه‌میتاب و میسۆن به‌شداریی فیلم ده‌كه‌م. هه‌ر كه‌ سبه‌ینێ له‌ خه‌و راده‌بورام، زۆر خه‌فه‌تم ده‌خوارد، خوشكه‌كانم ناچار ده‌كرد، رووداوه‌كانی فیلمه‌كه‌م بۆ بگێڕننه‌وه‌، چوونكه‌ له‌ قوتابخانه‌ باس هه‌ر باسی فیلمه‌كه‌ی شه‌و بوو، نه‌ده‌كرا بڵێم نه‌مبینیوه‌، به‌ تایبه‌ت "شه‌ڕی ئه‌خیر" چوونكه‌ ئه‌وسا زاراوه‌ی "شه‌ڕی ئه‌خیر" له‌ هه‌موو زاراوه‌كه‌ی تر زیاتر ده‌هاته‌ سه‌ر زاران.
ئه‌وه‌ نه‌بوو، به‌ بینینی یه‌ك فیلمی هیندیی له‌ هه‌فته‌یه‌كدا، تینووێتیمان له‌و فیلمانه‌ بشكێت، ئێمه‌ كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ڤیدیۆمان هه‌بوو، ده‌چووین كاسێتی فیلمه‌كانمان ده‌هێنا و لێمانده‌دایه‌وه‌، بۆ ئه‌وانه‌شی له‌ رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ له‌ ئێمه‌ گه‌وره‌تربوون ده‌چوونه‌ سینه‌ما بۆ بینینی فیلمه‌ هیندییه‌كان. هه‌ندێكجاریش بۆ فیلمه‌كانی "ترنتی". ئێمه‌ یه‌كێك بووین له‌ ماڵه‌ شانسداره‌كان كه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ڤیدیۆمان هه‌بوو، چوونكه‌ ئه‌و ئامێره‌ له‌ كه‌م ماڵدا هه‌بوو، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك كاسێتێكمان بهێنابایه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ماڵه‌كه‌مان جمه‌ی ده‌هات له‌ گه‌نج و پیر بۆ بینینی فیلمه‌ هیندییه‌كان. چوونكه‌ ئه‌وسا خه‌ڵك هه‌موو بێزارببوون له‌ وتاره‌ دوور و درێژ و بێزاره‌كه‌ره‌كانی سه‌ددام كه‌ هه‌مووی قه‌وانێكی دووباره‌ بوو، ئه‌وه‌ی كه‌مێك ئاسووده‌یی ده‌دا به‌ خه‌ڵك فیلمی هیندیی و بڕگه‌ كۆمیدییه‌كانی "دی دی" و "ماوه‌ی بیانی" بوو.
ئه‌وێ رۆژێ هێنده‌ عاشقی فیلمی هیندیی بووین، هیچ ده‌رفه‌تێكمان بۆ بینینی فیلمه‌ هیندییه‌كان به‌فیڕۆ نه‌دا. له‌ هه‌شتاكان له‌ رۆژانی جه‌ژندا له‌ هه‌ر گه‌ڕه‌كێدا، یه‌ك دوو ڤیدیۆخانه‌ ده‌كه‌ونته‌ كار، ئه‌م ڤیدیۆخانانه‌ هه‌ر یه‌ك سه‌عات جارێك، فیلمێكیان په‌خش ده‌كرد، بۆ نموونه‌ فیلمی هیندیی و فیلمه‌كانی بروسلی و جاكیشان. هه‌ر كاتێك ده‌گه‌یشته‌ سه‌ر گرته‌یه‌كی پۆرۆنۆ یان ئیغرا، به‌ په‌له‌ په‌لی كاكی ڤیدیۆچی، گرته‌كانی پێشده‌خست. ئێمه‌ش وه‌ك منداڵه‌ چه‌قاوه‌سووه‌كان هاوارمان ده‌كرد "په‌ڕانی، په‌ڕانی". جگه‌ له‌وه‌ش كه‌م فیلم هه‌بوو به‌ یه‌ك كاتژمێر ته‌واو بێت، بۆیه‌ ناچاربوون زۆرێك له‌ گرته‌كان پێشبخه‌ن، ئێمه‌ش به‌لامانه‌وه‌ ئاسایی بوو، هه‌ر حه‌زمان له‌ كوشتنی "شێره‌ و جه‌بار" بوو. له‌ فیلمه‌كانی "بروسیلی"شدا، ته‌نیا چێژمان له‌ شه‌ڕه‌ده‌سته‌كان ده‌بینی و شادومان ده‌بووین به‌ كوشتنی "حه‌كیمه‌ درێژ". جا ئه‌و حه‌كیمه‌ هه‌ر خۆی ناوی حه‌كیم بوو یان ئێمه‌ ئه‌و ناوه‌مان لێنابوو، ئه‌وه‌یان نازانم.
ئێواره‌یه‌ك میوانمان هه‌بوو، خزمه‌كانمان له‌ به‌غداده‌وه‌ هاتبوون. بڕیارماندا دوو كاسێتی فیلمی هیندیی بهێنینه‌وه‌ تاكو وه‌ك شه‌وچه‌ره‌، میوان و خزمه‌كانی پێ دڵخۆش بكه‌ین. چووینه‌ یه‌كێك له‌ دوكانه‌كانی به‌كرێدانی كاسێتی ڤیدیۆ، داوای دوو فیلمی هیندیمان كرد، ئه‌ویش دوو كاسێتی دا به‌ ئێمه‌ و گووتی ئه‌وه‌ ئه‌و دوو فیلمه‌یه‌ كه‌ داواتان كردووه‌. ئێمه‌ش بردمانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، هه‌موو دڵخۆش بوون و په‌له‌په‌لی دونیایان لێكردین. ئه‌وه‌بوو فیلمی یه‌كه‌ممان خسته‌ سه‌ر ڤیدیۆكه‌، هه‌ر نه‌یخوێنده‌وه‌. ناچار كاسێتی دووه‌ممان خسته‌ سه‌ری، ئه‌ویش یه‌كێك بوو له‌ فیلمه‌ ئیباحییه‌كانی ئه‌كته‌ری تورك "بانو ئه‌لكان", به‌مه‌ش "رێبوار"ی برام زۆر ته‌ریق بووه‌وه‌. به‌ تایبه‌ت میوانه‌كانمان خه‌ڵكی به‌ته‌مه‌نیان تێدابوو.
براكه‌م تووڕه‌ بوو، وتی مادام ئه‌و دوكانداره‌ به‌ منی رابواردووه‌، ده‌بێت پێی رابوێرمه‌وه‌. بۆیه‌ بۆ رۆژی دوایی چووبووه‌وه‌ بۆ لای دوكانداره‌كه‌ و پێی وتبوو، ده‌ستخۆش فیلمه‌كانی ئه‌مشه‌وم زۆر به‌دڵ بوو، به‌لاَم پێویستم به‌ فیلمێكی هیندییه‌، گۆرانی و بارانبارینی تێدا نه‌بێت. كابرای دووكاندار دوو كاتژمێر گه‌ڕابوو به‌ دوای فیلمێكی وه‌هادا به‌لاَم ده‌ستی نه‌كه‌وتبوو. دوای ئه‌وه‌ براكه‌م وتبووی تۆ دوێنێ به‌ منت رابوارد، منیش ئه‌مڕۆ پێم رابواردیته‌وه‌، ئاخر هه‌ی مه‌غۆل فیلمی هیندیت بینیوه‌ باران و گۆرانی تێدا نه‌بێت؟. به‌مه‌ش كابرا ده‌می ببوو به‌ ته‌ڵه‌ی ته‌قیو و هیچی پێنه‌كرا.
به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ حاڵی ئێمه‌ بوو له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاكاندا، كاتێك ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌كان هات، راپه‌ڕین و ئازادیی كوردستان، بووه‌ سه‌ره‌تایه‌كی نوێ و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێشووی له‌گه‌ڵ خۆیدا راپێچا. من له‌وساوه‌ تائێستا سه‌یری فیلمی هیندیم نه‌كردووه‌، به‌لاَم له‌م رۆژانه‌دا له‌ ماڵی ناسیاوێك بووم، به‌ هه‌مان شه‌وق و تامه‌زرۆیی هه‌شتاكانه‌وه‌، سه‌یری كه‌ناڵی "زی ئه‌فلام"ی ده‌كرد كه‌ چه‌ناڵێكی عه‌ره‌بی- هیندییه‌ و رۆژانه‌ چه‌ندان فیلمی هیندیی په‌خش ده‌كات. منیش كه‌مێك له‌ خۆم رامام، هه‌موو ئه‌و یاده‌وه‌رییانه‌ به‌خێرایی گه‌ڕانه‌وه‌ ناو مێشكم كه‌ لێره‌دا یادداشتم كردوون.

 

 

 

Share