Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: ستراتیژی مالیكی ئەوەیە كەركوك نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان

nermin-othmanنەرمین عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان: ستراتیژی مالیكی ئەوەیە كەركوك نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان

نەرمین عوسمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و جێگری پێشووی سەرۆكی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەی 140 پێی وایە هێشتا دوو قۆناغە هەستیارەكەی ماددەی 140 جێبەجێنەكراون بەهۆی زۆر هۆكاری ناوخۆیی و ئیقلیمییەوە. نەرمین عوسمان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، كورد خۆیشی هۆكاری ئاڵۆزتربوونی كێشەی كەركوكە. ئەوەش ناشارێتەوە كە مالیكی ئامادەیی ئەوەی تێدایە هێز و سوپا دژی كەركوك و هەرێمی كوردستان بەكاربهێنێت.

سڤیل: پێنج ساڵ بەسەر ماوە یاساییەكەیدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا قۆناغی دووەم و سێیەمی ماددەی 140 جێبەجێ نەكراوە، هۆكاری ئەمە چییە؟

نەرمین عوسمان: راستییەكەی ئەو دوو قۆناغەی ماوە و جێبەجێ نەكراوە، دوو قۆناغە هەستیارەكەیەو بەندە بەقۆناغی یەكەمەوە، بۆ نموونە تا سنوورە ئیدارییەكان نەگۆڕدرێنەوە، ئێمە ناتوانین بڵێین سەرژمێری دەكەین، چونكە نازانین سەرژمێریەكە لەئاستی قەزا یان پارێزگای كەركوكە. هەروەها نازانین چ شوێنێك سەر بەپارێزگای كەركوكە بۆ ئەوەی سەرژمێرییەكەی تێدا بكەین. هەروەها سەرژمێری كەركوك جیاوازە لەو سەرژمێرییە گشتییەی كە بڕیارە لەسەر ئاستی عێراق بكرێت و ئەمە لەماددە دستوورییەكە زۆر بەڕوونی باسی لێدەكات، كە ماددەی 58ی سەردەمی ئەنجومەنی حوكمەو گۆڕاوە بۆ ماددەی 140 لەدەستووری هەمیشەیی عێراق. بێگومان تاكو قۆناغی یەكەم تەواو نەبێ، ناتوانرێ دەست بەقۆناغەكانی دیكە بكرێت، هەربۆیەشە ناهێڵن قۆناغی یەكەم تەواوبێت. هۆكاریش زۆرن بۆ نەهێشتنی تەواوكردنی قۆناغی یەكەم كە پەیوەستە بەهۆكاری ناوخۆیی و ئیقلیمی.

سڤیل: لەنێو ماددەی 140 بڕیار لەسەر ئەوەدراوە راپرسی لەسەر ئاستی شاری كەركوك یان قەزا و ناحیەكانیشی دەگرێتەوە؟

نەرمین عوسمان: نەخێر ئەوەش دیاری نەكراوەو پێویستە بچێتەوە پەرلەمان جارێكی دیكە، بۆ ئەوەی بڕیار لەو مەسەلەیە بدرێت و ئەوەش یەكێكە لەكەموكوڕییەكانی ماددەی 140.

سڤیل: پێت وایە بەمەبەست ئەوە دیاری نەكراوە؟

نەرمین عوسمان: نەخێر ئەوە بەسەریاندا تێپەڕیوە، تاوەكو ئێستا لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان زۆر لایەن جیاوازییان هەیە، بۆ نموونە لەسەر ناوچەی نخێب، شیعەكان دەڵێن ئەوە ناوچەی ناكۆكی لەسەرە، بەڵام سوننەكان بەهی خۆیانی دەزانن و دەڵێن هیچ ناكۆكی لەسەر نییە. لەناو دەستووردا پێناسەیەكی ورد بۆ ئەو ناوچانە نەكراوە، هەروەها بەوردی و دیاریكراوی باسی ئەوە نەكراوە چۆن و لەسەر چی ئاستێك راپرسی لەسەر چارەنووسی ئەو ناوچە دەكرێت.

سڤیل: ماددەی 140 زۆر ناوچەی دیكەش دەگرێتەوە، بەتایبەت ئەو گۆڕانكارییە سنورییانەی لەسنوورەكانی شیعە و سوننە كراون، كەواتە بۆچی بەتەنیا كورد خەم لەم ماددەیە دەخوات و شەڕی جێبەجێكردنی دەكات؟

نەرمین عوسمان: راستە لەناوچەكانی شیعە و سوننەیش گۆڕانكاری كراوە، بەتایبەت هەندێك ناوچەی سوننەنشین خراوەتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی رێژەی سوننە لەبەغدا زیادبكات، یان هەندێك ناوچەی شیعە گۆڕانكاری تێداكراوە، بەڵام ئەوانە گۆڕانكاری سیاسی گەورە لەسەرە ئاستی عێراق دروستناكەن، هەروەها كێشەی ئێمە كێشەیەكی نەتەوەییە لەسەر خاك و وڵاتی خۆمان، بەڵام كێشەی ئەوان كێشەیەكی مەزهەبییە نەك نەتەوەیی.

عەرەب و هەندێ وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبی بەخەتەرێكی گەورەی دەبینن كەركوك بگەڕێتەوە سەر كوردستان، دەڵێن رووبەری جوگرافی و رێژە و ئاستی بەرهەمی نەوت و كانزایی كوردستان زیاد دەكات، جیۆپۆلەتیكی كوردستان زۆر بەهێز دەبێت، ئەگەر رۆژێ كورد ویستی سەربەخۆیی رابگەیەنێت.

سڤیل: واتە عەرەبەكان گەڕانەوەی كەركوك و ناوچە داگیركراوەكانی دیكەی كوردستان وەكو چوونە پێشەوەی قۆناغێكی دیكەی سەربەخۆبوونی كوردستان دەبینن؟

نەرمین عوسمان: بەڵێ ئەوان لەمە دەترسن، پێم وایە ئەگەر عەرەبەكان و وڵاتە ئیقلیمییەكان ئەم ترسەیان نەبووایە، ئەوا كەركوك و ناوچەكانی دیكە ئاسانتر دەگەڕێنرانەوە سەر هەرێمی كوردستان. ترسەكە لای ئەوان ئەوەندە گەورەیە رۆژێك بیریش لەوە نەكەنەوە كە رێگە بدەن كەركوك و ناوچەكەی دیكە بێتەوە سەر هەرێمی كوردستان. بیرمان نەچێت ئابووری كەركوك ئابوورییەكەی ئامادەكراوە، هەروەها كۆمپانیای نەوتی باكوور لەسەر ئاستی جیهان ناسراوەو كۆمپانیایەكی گەورەیە، ئەوان پێیان وایە ئەگەر كەركوك بەو ئابوورییە ئامادەكراوەوە بێتەوە سەر كوردستان، ئەوا كوردستان تووشی لاسەنگی ئابووری نابێت.

سڤیل: چەند ساڵێك پێش ئێستا ستیڤان دیمستۆرا نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان راپۆرتێكی لەسەر ناوچە جێناكۆكەكان ئامادەكرد، پێشنیاری ئەوەی كرد هەندێك لەناوچەكانی وەكو مەخمور و خانەقین و شوێنی دیكەیش وەكو قۆناغی یەكەم بخرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام كورد ئەمەی قبوڵ نەكرد، بۆچی؟ ئایا باشتر نەبوو یان بڕێكی كێشەكە لەكۆڵ نەدەبووەوە، ئەگەر ئەو داوایەی قبوڵ بكردایە؟

نەرمین عوسمان: نەخێر باش نەبوو، چونكە دیمستۆرا باسی لەهەندێك شوێن كردبوو كە ئێستا بۆ خۆی لەسەر كوردستانە بەپێی دەستووری عێراقی، بۆ نموونە وەكو ئاكرێ كە ئێستا هەر لای خۆمانە. ئەو ئەگەر بۆ نموونە باسی شێخان و خانەقین و بەدرە و جەسانی بكردایە، ئەوكاتە باش بوو رازی دەبووین، بەڵام ئەو پێشنیاری كۆمەڵێك ناوچەی كردبوو، ئێمە ئێستا لای خۆمانەو كەس ناتوانێ داوای بكاتەوە لێمان، ئەویش بەپێی پێناسەی حكومەتی هەرێم و ناوچەی فیدراڵ.

سڤیل: نوری مالیكی لەدیدارێكیدا گوتویەتی ئەوەی لەسەر منە بۆ ماددەی 140 كردوومەو سەرۆكایەتی كۆمار بەئەركەكانی خۆیان هەڵناسن بۆ قۆناغەكانی دیكە، ئەمە تاچەند راستە؟

نەرمین عوسمان: مالیكی دەیەوێت خۆی بدزێتەوەو دەربازی بێت لەو بەرپرسیارێتییەی لەسەر شانێتی بەرانبەر ماددەی 140، چونكە هێشتا زۆر شت ماوە لەدەسەڵاتی ئەودایەو نایكات. مالیكی تەنیا یەك قۆناغی لەدەسەڵاتی ئەو نییە، كە بریتییە لەچاككردنەوەی سنوورە ئیدارییەكان كە ئەویش بەڕێز مام جەلال لەچوارچێوەی پرۆژەیەكدا داویەتییە لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. هۆكاری دەنگ لەسەرنەدانیشی ئەوەیە هیچ كام لەو لایەنانە كۆك نین لەسەر گێڕانەوەی سنوورە ئیدارییەكان بۆ ئەسڵی خۆیان و دژی پرۆژە یاساكەن. مام جەلال لەخولی پێشوو نەیتوانی ئەم كارە بكات لەبەر دوو هۆكار، بەتایبەت ئەوكاتە دەستەی سەرۆكایەتی كۆمار كە بریتی بوون لەمام جەلال، عادل عەبدولمەهدی و تارق هاشمی هەریەكەیان مافی ڤیتۆیان هەبوو، تارق هاشمی دژی جێبەجێكردنی ماددەكە بوو، بۆیە ڤیتۆی دەكردو پرۆژە لەبار دەبرا.

سڤیل: بەڵام باس لەوە دەكرێت پرۆژەكەی مام جەلال سەتحییەو تەنیا هێڵە گشتییەكانی دیاری كردووە؟

نەرمین عوسمان: بەرێز مام جەلال ناتوانێت بچێتە ناو هەموو وردەكارییەكانەوە، بەڵكو ئەوە ئیشی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانە، پرۆژەكە پشتی بەستووە بەو گۆڕانكارییە ئیدارییانەی لەو سنوورانەدا كراوە و لیژنەی یاسایی دەتوانێت دەوڵەمەندی بكات، هەروەها لەئەنجومەنی نوێنەرانیش دیسانەوە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

سڤیل: بۆ ئاڵۆزبوونی كێشەی كەركوك حزبە كوردییەكانیش بەرپرسیار دەكرێن بەوەی نەیانتوانی مامەڵەیەكی ئیجابی لەگەڵدا بكەن، ئەم بۆچوونە تاچەند دروستە؟

نەرمین عوسمان: بەڵێ حزبە كوردستانییەكانی ناو كەركوك كێشەیان بۆ خۆیان و كەركوكیش دروستكردووە، ماوەیەكی زۆر لەكەركوك وەكو چۆن تائێستایش لەكوردستان بەتەواوی كۆتایی نەهاتووە دیاردەی دوو ئیدارەیی كوردی هەبوو، دوو هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پەروەردەو زۆر شتی دیكەیش ئەمانە زیانی گەورەیان هەبوو بۆ كەركوك و كێشەكەی. هەروەها بەم دواییانەیش كە یەكێتی و پارتی و حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەكانیان كرد كێشەی دروستكردو كورسی كوردی كەمكردەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. ئەو ناكۆكییەی لەنێوان حزبە كوردییەكان هەبووە دەرفەتی ئەوەی داوەتە حزبە توركمانی و عەرەبی شۆڤێنییەكان كە خۆیانی پێ بەهێزبكەن لەسەر حسابی ئێمە.

سڤیل: لەكەركوك یەكێتی و پارتی دەسەڵاتدار بوون، كەواتە ئەوان بەرپرسیاری سەرەكین لەدروستبوونی ئەو كێشانە ئێستا هەیە؟

نەرمین عوسمان: بەڵێ راستە لەگەڵتام لەو بۆچونەدا، دەبوو كورد یەكهەڵوێست و یەك سیاسەتی بۆ كەركوك و ناوچەكانی دیكە هەبووایە. دەرفەتی ئەوەی نەدایە دوژمنەكانی سوودی لەناكۆكییەكانی وەربگرن.

سڤیل: بەكورتی كورد خۆی یەكێك بووە لەهۆكارەكانی ئاڵۆزبوونی كێشەی كەركوك؟

نەرمین عوسمان: بەڵێ راستە دوو ئیدارەیی كاریگەری خراپی هەبوو.

سڤیل: لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە پەیوەندی كورد و توركمان لەكەركوك زۆر ئاڵۆزبوون، ئەوە رەهەندێكی ئیقلیمی هەبوو یان كورد نەیتوانی سیاسەتێكی باش بەرانبەر توركمانەكان پەیڕەو بكات و تێیانبگەیەنێت پێكەوە ئەژین و دەستی ئاشتیان بۆ درێژبكات؟

نەرمین عوسمان: هەردوو هۆكارەكە راستە. توركیا زوو كەوتە خۆی و حزبە توركمانەكانی بانگهێشتی توركیا كردو كۆنگرەی بۆ سازكردن و پارەی زۆر دەدانێ و بەهێزی كردن، چونكە دەیزانی ئەو ناوچانە بۆ كورد زۆر گرنگن. هەروەها گوتاری سیاسی كورد لەوكاتەدا گوتارێكی توندبوو، چونكە كاتێك میللەتێكی چەوساوە ئازاد دەبێ گوتار و موخاتەبەكردنی توند دەبێت و ئەو رۆحیەتی توڵەسەندنەوەیە هەندێك لایەنی لەخۆی كرد، نەیتوانی ئەوە لەلایەنی بەرانبەر بگەیەنێت كە ئەو چی دەوێت. توركمانەكانیشی لەوە تێنەگەیاند كە ئەوانیش چەوساوەن و پێویستە پێكەوە ئاسەوارەكانی چەوساندنەوە نەهێڵین و مافی تەواوی خۆیان هەیە.

سڤیل: كورد رێگایەكی دیكەیشی گرتەبەر، ئەویش دروستكردنی حزبی توركمانی نزیك لەخۆی بوو و ئەوەیش شەقامی توركمانی توڕەكرد، ئایا ئەوەیش هەڵە نەبوو؟

نەرمین عوسمان: نەخێر ئاساییە، توركیا بۆ دەهات حزبی توركمانی دروستكردو دەیكردە هاوپەیمانی خۆی، ئەی كورد بۆ ئەو كارە نەكات؟ جگە لەوەیش پێشتر لەهەرێمی كوردستان حزبی توركمانی هەبوون و پەیوەندییان لەگەڵ كورد باش بوو. ئەمە سیاسەتكردنەو پێویستە هەوڵبدەیت حزبی سەر بەخۆت دروست بكەیت.

سڤیل: بەم دواییانە كێشەی كەركوك تێكەڵكرایەوە بەكێشەكانی دیكەی عێراق، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەوڵی بەسەربازگەكردنی كەركوك دەداتەوە، ئەمە بۆچییە ئایا نەزعەی شەرانگێزی مالیكییە یان چی دیكە هەیە؟

نەرمین عوسمان: زۆر شتی دیكەیش هەیە، من پێشتریش گوتوومە مالیكی ئامادەیی ئەوەی هەیە هێز بەكاربهێنێتەوە بەرانبەر بە كەركوك و كوردستانیش. ستراتیژی مالیكی ئەوەیە كە كەركوك نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەوە هەم كێشە لەگەڵ كوردستان دروستدەكات و هەم شەقامی عەرەبیش بۆ خۆی كێش دەكات. لەلایەكی دیكەشەوە بەكارهێنانی وەرەقەیە بۆ نموونە كێشەی نەوت و غاز چارەسەر دەكات، بەڵام فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیجلە دروست دەكات، بۆ ئەوەی وەرەقەكانی لەسەر مێزی گفتوگۆ زۆربن.

سڤیل: هیچ رێككەوتنێك دەتوانێت جێگای ماددەی 140 بگرێتەوە؟

نەرمین عوسمان: ئەگەر رۆحی ماددەكە تێك نەدرێ ئاساییە.

سڤیل: كەركوك بكرێتە هەرێمێكی سەربەخۆ كورد زیانی لێدەكات؟

نەرمین عوسمان: كورد زۆر زیانی لێدەكات، چونكە ئەوكاتە بەپێی دەستوور ئەو هەرێمە حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكی دەبێت و بەرژەوەندی جۆراوجۆر دروستدەبێت و هەرێمی كوردستان نەوەكو ئێستا دەتوانێت ئامادەیی تیایدا هەبێت و نە پەیوەندیشی وەكو ئێستا لەگەڵیدا دەمێنێتەوەو ئەگەری گەڕانەوەیشی زۆر زەحمەتتر دەبێت. لەگەڵ ئەمانەشدا پێم وایە تاكە رێگا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تەنیا گفتوگۆ و سووربوونە لەسەر داواكارییەكانمان.

لە سڤیل وەر گیراوە بە ئامانەتەوە

Share