Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
نامەیەکی کراوە بۆ بەنیسەدر (بنی صدر) و گشت ئەوانەی دژی مافەکانی نه‌ته‌وه‌ی کوردن لە هەر کوێیه‌ک هەن. له‌لایه‌ن: عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان نامەیەکی کراوە بۆ بەنیسەدر (بنی صدر) و گشت ئەوانەی دژی مافەکانی نه‌ته‌وه‌ی کوردن لە هەر کوێیه‌ک

Arefubanisedrشیکردنەوەی مانای نەتەوە یا ناشیونالیزم، بە زمانی ئەو وڵاتانەی کە جەنابت و هەزارانی وەک ئێوە پەنابەری مرۆڤایەتی تێدا وەرگرتووە. ناسیۆنالیزم بە ئینگلیزی: Nationalism واتە نەتەوەییبوون لە زمانی فەڕەنسیی nasionalisme و لە وشەی nation کە لە بنەڕەتەوە لە وشەی لاتینیی nascor واتە ‌ (من ھەم)، (لەدایک بووم) یان (ھاتوومە دونیا) ـوە‌ ھاتووە. ئەوانەی کە سەر بەو باوەڕەن بە ناسیونالیست واتە نەتەوەیی ناسراون.
کەوابوو جەنابی بەنی سەدرو بەنی سەدرییەکان، منی )کورد هەم ( نەتەوەم و لە نەتەوەی کورد و لە خاکی کوردستان لە دایکبووم، نەک لە ئێران و نەک لە پەرسیان لاندەکەی جەنابتان.
ئاغایان و خانمانی وڵاتی پەرسیان. له‌ پێشدا ده‌بێ بڵێم کە من نامەوێ بێڕێزی بە هیچ نەتەوەیەک بکەم، بەتایبەت نەتەوەی ئێوەی فارس، بەڵام ناشتوانم لە ئاست بێڕێزیکردنی ئێوەی ناسیونالیستی فارس کە تەنیا خۆتان پێ نەتەوە و مرۆڤە، بێدەنگ بم. ئێوەمانان کە بە خۆتان دەڵێن "ئێرانیی باستانی"، لە درێژاییی مێژوودا داگیرکەری زمان و مێژوو و فەرهەنگی نەتەوەکانی بندەست بوون و بۆ خۆتان خاوەنی مێژوویەکی تایبه‌ت بە خۆتان نەبوون، بەڵام دزێکی باشی تاڵانکه‌ری مێژوو و فەرهەنگ بوون. بەو زیرەکییەی خۆتان واتان کردووە کە ئێسته‌ش که‌وا هەزارەی سێیەمە، لە نەتەوەکانی بندەستی ئێوە، وەک کورد، بەلووچ، عەرەب، تورکمەن، ئازەری و هتد خەڵکانێک هەبن بە شاخ و باڵتان بڵێن و مێژووی خۆیان لێ بشێوێت. ئێوە لە نواندنی نەرمی نەتەوەکان بە مەبەستی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان، لە ئاست ئێوە وای کرد ئێوە ئیدی وا لە خۆتان ڕازی ببن و کەڵکی خراب وەرگرن، و وشەی سەر زارتان پەرسیان و ئێرانیی باستانی بەکار بێنن. کاتێک لە هەر کەسایەتییەکی مێژوویی کە ئێوە بە هی خۆتانی دەزانن و شانازیی پێوە دەکەن، دەکۆڵینەوە دەبینین یا کوردە یا بەلووچە یا عەرەبە یا تورکە، بەڵام ئێوە بە مەیلی خۆتان ڕەگەز و مێژووشتان شۆردووەتەوە و کردووتانە بە شاسواری پەرسیان.
من مێژووناس نیم و باش لە ڕەگ و ڕیشەی ئێوەمانان شارەزا نیم، بە پێویستیشی نازانم زۆری لە سەر باسبکەم، بەس ئەوەی باش شارەزام کە ئێوە بۆ منی کورد نەتەوەیەکی نامۆن و خاکی منی کورد و چەند نەتەوەی دیکەتان داگیر کردووە، دەستتان بەسەر مێژوو و سەروەت و سامان و فەرهەنگ و زمانەکەشیا گرتووە.
با وه‌بیرتان بێنمەوە کە شای دەرکراوتان لە ئێران، بۆ خۆی سەلماندوویەتی کە شتێک بە نێوی زمانی فارسی نەبووە و هەمووی هی نەتەوەکانی دیکەیە و کردوویانە بە هیی خۆیان، بەڵگەش بۆ ئەو ڕاستییە ئەوەیە، لە ڕوانگەی هیندێک سەرچاوەی فارسی زمانەوە دەگێرنەوە، و دەڵێن لە ساڵی ١٣٥٢ شای ئێران لەگەڵ یەکێک لە ڕاوێژکارانی خۆی باسی ئەوە دەکات، کە چی دیکە نابێت زمانی عەرەبی تێکەڵی زمانی فارسی بکرێت. لەو پێوەندییەدا بڕیارێک بەو شێوە دەردەکات. (استعمال لغات عربی اکیدا ممنوع است) لێرەدا دەبینین کە تەنیا وشەی (است) فارسییە و باقیی عەرەبییە. ئیدی ڕاوێژکارەکەی پێێ دەڵێ گەورەم ئەمە تەنیا (است) فارسییە و باقیی عەرەبییە. لە ئاکامدا شا پێی دەڵێ کەوا بێت لێی گەڕێ، بەڕاستی خاوەنی زمانێکی پاراوی تایبەت بە خۆمان نین، باشترە دەستی لێ نەدەین با ئەوەشمان لێ ئاشکرا نەبێت.
ئەمانە هەموو بەڵگەن کە ئێوە چۆن خۆتان لێ بووەتە ئیمپراتۆری جیهانی، و باس لە خاکی زۆر وڵاتی دیکەش دەکەن کە قەدیم لە ژێر دەسەڵاتی ئێوەدا بووە و دەبێت بیگەڕێننەوە. زۆر نەتەوەی دیکەش وەک ئێمەی کورد خاکی داگیرکرابوو، وەک نەتەوەی بندەست بە ناوی یەکێتیی سۆڤێەت، بە ناوی بۆڵغاری، بە ناوی بەریتانیای گەورە و زۆری دیکە بوون، کە بەپێی تێپه‌ڕینی زەمان، نەتەوەکان هەموو جیابوونەوە و دەوڵەت و کیانی خۆیان ڕاگەیاند، بۆ بیرهێنانەوەتان ئاماژە بە دواترین نەتەوەی وەک مۆنتینیگرۆ و کۆسۆڤۆ و باشووری سوودان دەکەم. ئیدی ئێوە تا کەی دەتوانن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی زەمانە بەربەرەکانی بکەن، یا چەندەتان پێ دەکرێت.
من وەک کوردێکی نەتەوەیی و سەربەخۆخواز و خەباتکار بۆ ڕزگاریمان لەژێر ستەمی ناسیۆنالیستیی فارسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وێڕای پیرۆزباییکردن لەو ڕێکەوتننامەی نێوان کۆمەڵەو حدکا، هاوکات بە شێوەیەکی دڵسۆزانە ڕەخنەم لە خاڵێک لەو ڕێکەوتننامەی ٢حیزبی دێرینی وڵاتەداگیرکراوە کەم گرت، ئەویش ئەوە بوو کە ئەوان لەو ڕێکەوتننامەیه‌دا باسیان لەسەر تەبابوون بۆ ئێرانێکی فیدرال کردبوو. بۆ ئێمەی نەتەوەیی پرسیارە، کام ئێران و کام پێکەوەژیان و کام فیدراڵی لەگەڵ ئێوەمانان؟
ئێمەمانان و ملوێنانی وەک ئێمە چاوەرێێ ڕێکەوتننامەی لایەنە کوردییەکان دەکەن بۆ سەربەخۆیی، کە چی ئێوە بەوەش ڕازی نین لەو ڕێکەوتننامەدا ئاماژە بە فیدراڵیش کراوە، هەروەها بەوەش نیگرانن ئەو ٢ لایەنە کوردییە هاوپەیمانن، و ناتانەوێ ماڵی کورد یەکگرتوو بێت. ئەم کردەوەی ئێوە باشترین بەڵگەیە بۆ ئەوەی ئێمەی کورد یا نەتەوەکانی دیکەی بندەست بە خەیاڵی پێکەوە ژیان و فیدراڵی لەگەڵ ئێوە ماناندا نەژین. ئێوە کە هێشتا تاراوگە نشینن و لە شەقامەکانی لۆس ئەنجلوس و باقی ویلایەتەکانی ئەمریکاو وڵاتانی ئوروپادان، و بە خەیالی سەیرو سەمەرە ئێرانی کۆن دروست دەکەنەوە. یا بەو شێوە لە سەر چارەنووسی گەلی کوردی قارەمان بریار دەدەن. ئایا ئێوە لە سەر کام بنەما ئەو مافە بە خۆتان دەدەن وا بە سەر نەتەوەیی دیکەدا بریار بدەن؟
بە ڕێنوێنی لێم وەردەگرن یا ئامۆژگاری خراب نییە کە جارێکی دیکە بیرێک لە قارەمانی و خۆراگری گەلی کورد بکەنەوە، کە کورد هەرگیز بە ئێوە مانان بە چۆکدا نەهاتووەو ناشیەت.
٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ی خۆتان واتە هەر لە یەکەم ساڵی دەستبەکاربوونی جەنابتان وەک سەرۆک وەزیری نۆیی ئێران، ئەوە بوو شانبەشانی ئیمامەکەت خۆمەینی دەستوری جیهادی کورد کافرتان بە سەر گەلی کوردا سەپاند، و هێزە جەلادەکەت بە سەرپەرەستی ئاخوند خاڵخاڵیەوە بەردایە سەر گوندو شارەکانی کوردستان، بە هێزەکەت ڕاگەیاند کە پۆستاڵەکانتان لە پێنەکەنن تا خەڵکی کورد قەتڵ و عام دەکەن، ئەوەی پێتان کرا درێغیتان نەکرد.

ئاغای بەنیسەدر ئایا کورد بەو جینایەتەی ئێوە چاوترسکراو وازی لە کورد بوونی خۆی هێنا؟ یا بە پێچەوانەکەی شۆرشەکە زیاتر پەرەی سەند. لە خۆتانی بەناو ئوپوزوسیون و سیاسی بپرسن کە کام لە ئێوە بە قەت گەلی کورد دژێ ڕێژیمە داگیرکەرەکانی ئێران لە شاهەنشایی و تا کۆماری ئیسلامی خەباتی کردوە. وەک دەبین کە خەبات تا ئیستا بە هەموو قوربانیدانێکی جۆراو جۆری وەک ژینوساید، موخەدەراتکردن، لە سێدارەدان و بەندی درێژخایەن درێژەی هەیە و درێژەی دەبێت.
یا باشتر وایە کە ئاورێک لە ئاماری شەهیدەکانی کوردستان لە پێناوی ئازادی و سەروەری بدەنەوە، و ببن کە گەلی کورد لە پێناو بە دەستهێنانی سەربەخۆیی و ڕزگاری ئامادەیە ڕۆڵەکانی خۆیا فیدای ئازادی وڵاتەکەی بکات. تا سەربەخۆیی یەکجاریش خەبات و تێکۆشانی ئەم گەلەش بەردەوامە.
ئاغایان و خانمانی ئێرانی : سەدام حسینێک هەبوو کە هەموو فارس لێێ دەترسان، بەڵام گەلی کورد تا لووتکەی سەرکەوتن بەربەرەکانی لەگەڵ کرد، نزیک بە ٢٠٠ هەزار کوردی ئەنفال کرد، بە هەزاران گوند و خۆێندنگا و شار و شاروچەکەو نەخۆشخانە و قووتابخانەی کوردی وێرانکرد، بەڵام کورد هەر کۆڵی نەداو بەرامبەری ڕاوەستا. هەروەک دەبینن کە لە ئاکامدا بەڕێز مامجەلال تاڵەبانی چووە سەر کورسیەکەی سەدام حسین، و حکومەتی هەریمی کوردستانیان بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی دروستکرد، کە لە ئاست جیهاندا وەک پریزیدنتێک پێشوازی لێدەکرێت.
ئەوەتە دەبینن دەیاننساڵە ڕێژیمێکی وەک تورکیا کە دان بە مافەکانی ٢٥ ملۆین کورددا نانێت بە دەست کوردەوە لە چی ژیانێکدایە، و چەندە دابەزینی بە خۆییەوە بینییوە، جاران بەس بە کارهێنانی وشەی کوردستان چەند مانگ حوکمی بەندی هەبوو، ئیستا تەلەفزۆێنی کوردی کردوەتەوە، ئیستا دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت و مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەکات. ئەوەتە بەشی زۆر چالاکوانان بۆ رۆخانی ڕێژیمەکەی ئەسەد لە کوردە قارەمانەکانی بندەستی سوریایی بەعسییە.
ئێوە دەبێت خۆتان لەو خەونە بە خەبەر کەنەوە کە چیدیکە هیچ نەتەوەیەک نایەتە ژێر ڕكێفی ئێوە، ئەو هێزە سەربازییەی کە ئیستا کۆماری ئیسلامی بە دەستیەوەتی و سەرمایەیەکی زۆری نەتەوەکانی لە سەر خەرج کردوە، بەڵام کورد لە بەرامبەریدا خەبات دەکات، پێموانییە ئێوە لە پاش نەمانی ئەم ڕێژیمە ببنە خاوەنی ١٠% ئەو هێزەش.
ئاغای بەنی سەدر و هاومەرامەکانی ، ئێوە باش دەزانن کە گەلی کورد نەتەوەیەکی خاوەنی ٥٥ ملۆین خەڵکە، کە خاکی نزیک بە ١٣ ملۆینی لە لایەن حاکمیەتی شۆفینیستی ئێوە داگیر کراوە. لە حاڵێکدا کە ژمارەی ئێوەی فارسی ئێرانی لە جیهاندا ناگاتە ٣٥ ملۆێنیش. ئەوە چۆنە ئەو هەموو شانازی و شاکارە دروستکراوە بە خۆتان ڕەوا دەبینن و مافی ٥٥ ملۆێن مرۆڤی کورد بە ڕەوا نابینن؟.
ئێوە باش دەزانن کە بەرەو جیهانی ٢٠١٣دەرۆین و تەکنۆلۆژیاو پێشکەوتنەکان پەرە دەستێنن و لە باتی مرۆڤی ئاسایی مرۆڤی ڕۆبۆرتیش درۆستدەکرێت، یانی بێجگە لە گیانلەبەرەکان بگرە ئاسنەکانیش ئیدی بندەستی قبووڵناکەن. باشتر وایە بیرێک لە دوارۆژی خۆتان بکەنەوە، و شۆێنێک بە پاکی بۆخۆتان بهێڵنەوە کە نەتەوەکانی بندەست ڕێگاش بە ئێوە بدەن، وەک حکومەتی فارسی لە چوارچێوەی جۆگرافیایی خۆتان وەک وڵاتێکی دراوسێ بژین.
تا ئێره‌م ڕاست کردووه‌ته‌وه‌.
بەنی سەدرو بەنی سەدرییەکان: من وەک نووسەری ئەم نامەیە براو هاونەتەوەی هەردوو حیزبی دیمۆکرات و کۆمەڵەم و شانازی بە خەبات و چالاکیان دەکەم، بەڵام لە بواری شێوەی سیاسەتکردنیان لەگەڵ ئێوە مانان، هاوبیریان نیم و بگرە زۆر گلێێم لێیان هەیە، چوون ئەوەندە بە نەرمی لەگەڵ ئێوە جووڵانەتەوە، ئێوە بەو شێوە دەروانە چارەنووسی کوردەوە. ئێمە لە سیاسەتکردن بەرامبەر بە ئێوە بۆچوونێکی زۆر جیاوازترمان لەگەڵ هەردوو حیزبی برامان هەبووە. ئیستا بۆ خەڵكی کوردستان ئاشکرابوو کە بۆچوونەکەی ئێمە، بەرامبەر بە ئێوە مانان لە جێێ خۆیدا بووە.
ئێمە سەدان گەنجی نەتەوەیی ماوەی نزیک بە ٧ ساڵە ڕێکخراوێکمان بۆ سەربەخۆیی یەکجاری لە ژێر ستەمی داگیرکەر لە ئێران دروستکردوەو و لە ژێر ناوی پارتی سەربەستیی کوردستان، یا بە ڕوونتر و بە زمانێکی سادەی عەرەبی بە فارسیکراوی ئێوە مانان( حزب استقلال طلب کوردستان) . دڵنیاشبن کە تەواوی نەوەی نۆیی کورد سەربەخۆخوازە نەک ژێردەستخوازی ئێوە.
لێتان ناشارمەوە کە ئەو هەڵچوون و هات و هاوارەی چەند حەفتە پێشووی ئێوە، قازانجێکی زۆری بۆ ئێمە وەک گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، و بە تایبەت بۆ ئێمەش وەک پارتی سەربەستیی کوردستان، کە هەر لە سەرەتایی دروستبوونمانەوە ئەو ڕاستییەمان بە گۆێ خەڵکی خۆماندا دەگەیاند کە ئێوە کێن و لە چی پێستێکدان. ئەمکردارەی ئێوە زۆر کوردی ئێرانیخۆازی وەخەبەر کردەوە، و هاتنە سەر ئەو باوەرەی کە بیرکردنەوە لە پێکەوە ژیان لەگەڵ ئێوە مانان بیرکردنەوەیەکی هەڵە بووە.
لە کۆتاییدا بە پەندێکی کوردی ڕەسەن کۆتایی پێدێنم کە دەڵێن وتەی ڕاست (حەق) ڕەقە.

٦ی ڕەزبەری ٢٧١٢ی کوردی بەرامبەر بە ٢٨/٩/٢٠١٢ زاینی

له‌لایه‌ن: عارف باوەجانی، سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان

2012-10-03 07:43:40

Share