Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
رۆژی بەرەنگاربونەوەی لەسێدارەدان ......پێشڕەو حەمید

PSHTIWAN HAMEDرۆژی بەرەنگاربونەوەی لەسێدارەدان
کوشتنی مرۆڤ بەھەر بیانویەکەوە بیت تاوانێکەو دەکەوێتە دەروەی ڕەوشتی مرۆڤ بونەوە
پێشڕەو حەمید
کوشتنی مرۆڤ بەھەر بیانویەکەوە بیت تاوانێکەو دەکەوێتە دەرەوەی ڕەوشتی مرۆڤ بونەوە، ھەر دەسەڵات و حکومەتێک لەبەرامبەر تاوانی ھەرکەسێک بۆ وەرگرتنی مافە یاسایەکانی خۆی ئەو کەسە ڕوبەڕوی مردن بکاتەوە،

ئامادەکردنی: ھیوا ئەحمەد

گفتگۆی ئەم جارەی تەوەر لەگەڵ( پێشڕەو حەمید ) رۆژنامەنوس و بەرپرسیی پێشوی ڕاگەیاندی ڕێکخراوی چاودیری کوردۆسیاد – چاک، دەبێت، تا بەرێزیان لە ریگەی ئەم گفتوگۆیەوە بتوانێت بۆچونەکانی خۆی لە وەڵام بە چەند پرسێارێکی تەوەرەکەمان بخاتە روو.

ھیوا ئەحمەد: ئەمرۆ تیروانینی جۆراوجۆر وجیاواز ھەیە سەبارەت بە سزای لە سێدارەدان، چینە دەسەڵاتدارەکان و دەوڵەتەکان، بەتایبەتیش دەوڵەت و حیزبە دیکتاتۆرییەکان و رۆشنبیران و قەڵەم بەدەستانی دەوری ئەم رژێمانە ھەمیشە سزای لە سێدارەدانیان بە پێویست زانیوە و جێبەجێیان کردوە، لە بەرامبەریشدا ئازادیخوازان و داکۆکیکەرانی مافەکانی مرۆڤ دژی سزای لە سێدارەدان بوون و بەتاوانیان لە قەڵەم داوە و خوازیاری قەدەغەکردنی بوون، ئێوە لەم بارەیەوە دەڵێن چی و تێروانینی ئێوە سەبارەت بە سزای لە سێدارەدان چ لە رووی مێژوویی و چ لە ئەمرۆدا چۆنە؟

پێشڕەو حەمید: کوشتنی مرۆڤ بەھەر بیانویەکەوە بیت تاوانێکەو دەکەوێتە دەروەی مۆراڵی مرۆڤ بونەوە، ھەر دەسەڵات و حوکومەتێک لەبەرامبەر تاوانی ھەرکەسێک بۆ وەرگرتنی مافە یاسایەکانی خۆی ئەو کەسە ڕوبەڕوی مردن بکاتەوە، ئەوا ئەو کات ئەو دەسەڵاتە یان ئەو حکومەتە بەھەموو مانایەک خۆی تاوانباری سەرەکییە؟ چونکە ئەگەر سزای کوشتن یان لەسێدارەدان بۆ تاوانبار مانای جێەبەجێی کردنی یاسا بێت ئەوا خودی کردارە بەرجەستەکراوەکە پێشێلکردنی یاساو قییەمە ئینسانیەکانە.
سزای لەسێدارەدان یان لەداردان بەتایبەتی لەوڵاتانی جیھانی سێی ئەنجامگیری پەروەردە کولتوریەکان و خۆین ساردی ئەو بونەوەرە دەسەلاتدارانەیە کە لەگەل رق و تۆڵەکردنەوەدا گەورەبون. ھەروڵاتێک لەڕوی سیاسی و رۆشنبیری و ئابورەیەوە لەبارێکی ناجیگیرو سەختدابێت سزای لەسێدارەدانی تێدا لەسەدا سەد ئەنجام ئەدرێت، عیراق و ئێران یەکێکن لەوڵاتانە ئەگەر بەنمونە بیانھێنینەوە.
دیاردە ی سزای کوشتنی مرۆڤ و لەسێدارەدان ڕەگێکی مێژوویی قوڵی ھەیە و بەدرەندەترین شێوە مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بریاری مردنیان بەسەردا سەپێنراوە و مرۆڤیان سوتاندوە لەئاودا خنکاندویانن یان سەریان لەژیرپێی ( فیل ) دا تەقاندوە و سەدان شیوەی تر، بەڵام ئەوە ئەو تەوژمە بەربەریانەبوو کە ٣٠٠٠ ساڵ بەرلەئێستا لەو دونیا جیاوازەدا کاری لەسەرکراوە و ئێستاش لەمیژوی تا ھەنوکە ئەو سزایە جێبەجێدەکرێت و مرۆڤ لەچارەنوسێکی کارەساتباردا بەجێدەھێڵن، لەکاتێکدا دونیاکەمان جیاوزترە لەدونیای بەرلە ٣٠٠٠ ساڵ، تێگەیشتن لەوکاتەدا بۆ مرۆڤ لەسەربنچینەی نەیار و باڵادەستی و وحشی گەرێتی بوو، ئێستا مرۆڤ وەک بونەوەرێکی جیھانی و سەرمایەیەکی مەزن تەماشادەکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا چەند وڵاتێک بەھەمان تێڕوانینی کۆن لەمرۆڤ دەڕوانن.

ھیوا ئەحمەد: لەگەڵ دروستبونی دەوڵەتی عیراقی نوێدا، سزای لە سێدارەدان یەکێک لە سیماو پایە بنەرەتیەکانی حکومەت و رژێمە یەک لەدواییەکانی بووە تا دەگات بە ئەمرۆ، بە بۆچوونی ئێوە ھۆکاری ئەمە چییەو بۆچی ھەمیشە ئەم رژێمانە سزای لە سێدارەدانیان لە لە بەرامبەر خەڵکدا راگرتووە؟

پێشڕەو حەمید: ئەوەیان پەیوەندی بەو کلتورەوە ھەیە کە سەرتا حکومەتەکانی عێراقی وەک دامەزراوەیەک ڕاگرتوە، پەوەندی بەو پەروەردەوە ھەیە کە کارەکتەرە دەسەڵاتدارەکانی پێی گەورە کردوە، پەیوەندی بەو توند و تیژیەوە ھەیە کە بەعسیەکان داھێنەری بون و تائێستاش لەھەناوی کۆمەڵگادا خول دەخوات.

حکومەتی ئێستای عێراق خاڵی نییە لە بیری بەعسیزم، خاڵی نییە لە توندو تیژی؟ چونکە ئەوە تەنھا بیانویەکە بۆ بنبڕکردنی توندوتێژی، حکومەتی ئێستای عێراق بۆ کپکردنەوەی پشێوی و پاشاگەردانی و توندی تیژی" توندو تیژی بە بەفاکتەری دروست دەزانێت بۆکۆتایپێھێنانی ئەو ڕەوشە ئاڵوزە " چونکە ئەوەی ئەمرۆ لەعێراقدا لەسەرتاوانێک دەگیرت و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت مانای ئەوەنییە کە ئیتر ئەو کەسە دەمرێت و دەبێتە ھۆکارگەلێک بۆ دوبارەنەکردنەوەی لای ئەوانی تر، بەڵکو گونجاوترین رێگە بۆ ئارامکردنەوەی عێراق و ئارامکردنەوەی ھەر وڵاتێکی تر کەسزای لەسێدارەدانی تێدایە، سەرتا پەرباکردنی شۆرشێکی کولتوری و خۆقوتارکردنە لە سروتی باو وباشترکردنی کەرتە خزمەتگوزاریەکان و کرانەوە لەڕوی رامیاری و رۆشنبیری و کولتوری و فەرھەنگیەوەیە.

ھیوا ئەحمەد: لە تازەترین راپۆرتی ریکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکاندا سەبارەت بەرەوشی مافی مرۆڤ لە عیراق و ھەرێمی کوردستاندا، باس لەوە دەکات کە لەداوی روخانی رژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە، لە لایەن دەسەڵاتدارانی نوێی عیراق و ھەرێمی کوردستانەوە ١٢ ھەزار زیندانی سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە و تەنھا لە ساڵی ٢٠٠٩ دا ١٢٤ زیندانی سزا‌کەیان بەسەردا جیبەجێکراوە، ئێوە ئەم مەسەلەیە چۆن لێکدەدەنەوە و پێتان وا نییە ئەمە زەنگێکی مەترسیدارە و بەرووی خەلکی عیراق و کوردستاندا لێدەدرێت؟

پێشڕەو حەمید: ئەوە پرسێکە زیاتر پەیوەندی بە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پەرلەمانەوە ھەیە کە کار بۆپەکخستنی ئەوبریارە بکەن کە مرۆڤ دوچاری چەشتنی حوکمی خنکاندن دەکات، سزای لەسێدارەدان لەماوەی ١٨ ساڵی ڕابردودا لەکوردستان بەچەندین فۆرمی جیاواز جێبەجێ دەکری و تائێستاش بەردەوامە، بەڵام لەچاو عێراقێکی تازەدا ھێشتا رێژەکەی کەمەو ئەوەش جیگەی دڵخۆشیە. چەندین ھەول و ھەنگاو نراوە بۆئەوەی بەیەکجارەکی ئەو یاسایە پەک بخرێت و کاری پێنەکرێت.

شەری ناوخۆی دریژ خایەن و شەڕەکانی تری لایەنە کوردیەکان شێوازێکی تری لەسێدارەدانی خەڵکی کوردستان بو؟ چونکە ئێمە کە قسەلەسەر لەسێداردان دەکەین ئەڵبەتە قسەلەسەر ژیانی مرۆڤ دەکەین و ئەوانیش مرۆڤیان دەکوشت، ھەربۆیە ھەرێمێکی وەک کوردستان پێویستی بەکرانەوەی زیاتر ھەیەو دەبێت ھاوشانی ولاتانی ئەورپا سزای لەسێدارەدان بۆھەمیشە ڕەتبکاتەوەو لەبەرامبەردا خۆشنودی ببەخشیت بۆئەوەی تاوان کەمببیتەوە و ئازادی سیاسیی فەراھەم بکات وبۆئەوەی یاخی بون رونەدات، چونکە ھەندیک تاوان لەدونایی پیشکەوتوشدا بەرجەستە دەبن و ئەوەیان پەیوەندی بەتاک و سزای تر ھەیە بۆ چاکسازی کردنی مرۆڤ، نەک لەسیدارەدان و توندو تیژی، مرۆڤ رێک بکات.

ھیوا ئەحمەد: لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکی تر یان باسێکی تر بە پێویست دەزانن کە لە بارەیەوە بدوێن تکایە بفەرموون.

پێشڕەو حەمید: ئەمە سەرەتایەکی باشە بۆھەنگاو نان بەئاراستەی دروستکردنی کۆدەنگییەکی میللی و ریکخراوەیی دژی بریاری لەسێدارەدان، ئەو کۆدەنگی و چالاکیانەیە کە بەشێوەیەکی دروست کاری خۆی کردوە و سزای لەسێدارەدان لە کەمکردنەوەدایە و رێکخراوی لیبوردنی نێودەوڵەتی لەدواراپۆرتی خۆیدا ئاماژە بەکەمکردنەوەی حوکمی لەسیدارەدان دەکات لەتەواوی جیھاندا، بەلام ھیشتا ئیران و چین و چەند ولاتیکی عەرەبی بەتایبەتی میسر ھیشتا دەسبەرداری ئەو بریارە نەبون کەئەوەیان زیاتر بەپوەندی بەڕەوشی سیاسی ئەو ولاتانەوە ھەیە و تەمەنا دەکەم لەسێدارەدان نەکرێتە بیانویەک بۆ رێکخستنی ژیان و رێککردنەوەی ئەو مرۆڤانەی کەتاوان ئەنجام ئەدەن، بەڵکو لەبری سەپاندنی مەرگ بەسەریاندا دەکری بەچەن سالێک زیندانی بکرێن و کاریان لەسەر بکرێت بۆ دوبارە دروستکردنەوەی کەسێتیان و گەرەاندنەوەیان بۆ نێو ژیان و کۆمەڵگاکەیان.

Share