Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
دیمانه‌ى ته‌له‌فیزیۆنی كۆمار، له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندى نه‌ته‌وه‌یی .. كامیل ژیر .. سازدانی – ریبوار نه‌لاسی

1وتووێژ له‌گه‌ڵ پسپووری یاسا،شاعیر،كه‌سایه‌تی نه‌ته‌وه‌یی مامۆستا كامیل ژیر كه‌ له‌ كۆتایی په‌نجاكانی سه‌ده‌ی رابوردوودا ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی ئازادی وژیانه‌وه‌و یه‌كیتی كورد (كاژیك)بوه‌و دواتر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی(پاسۆك)بوه‌و خاوه‌نی چه‌ندین كتیب و دیوانی هۆنراوه‌یه‌،پترله‌شه‌ست ساله‌ خزمه‌تی بیری نه‌ته‌وه‌یی ده‌كات..به‌پێویستمانزانی بینه‌رانی به‌ریزی به‌رنامه‌ی روناهی، له‌نزیكه‌وه‌ گوێبیستی لیكدانه‌وه‌ی زانستانه‌ی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ دلسۆزو به‌ئه‌زموونه‌ی گه‌له‌كه‌مانبن . – ریبوار نه‌لاسی ؛ بیروباوه‌رى نه‌ته‌وه‌یی لاى به‌رێزتان چ واتایه‌كی هه‌یه‌ ؟
+ كامیل ژیر ؛ بۆ وه‌لامی ئه‌م پرسیاره‌،ئه‌شێ سه‌ره‌تا بپرسین نه‌ته‌وه‌ چیه‌و له‌ چ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌و نه‌ته‌وایه‌تی چۆن ئه‌بێته‌ بیروباوه‌ڕ
نه‌ته‌وه‌ بریتییه‌ له‌ كۆ مه‌ڵه‌ خه‌لكیك كه‌ هه‌ندێك خه‌سڵه‌ت ئه‌یانبه‌ستێ به‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ك سۆزو هه‌ستێكی هاوبه‌ش،زمانیكی هاوبه‌ش،نیشتمانیكی هاوبه‌ش،نه‌ژادیكی هاوبه‌ش،میژوویه‌كی هاوبه‌ش و چه‌ند خه‌سڵه‌تێكیكه‌.
ئه‌م خه‌سله‌تانه‌،ئه‌شێ هه‌موو پێكه‌وه‌ بوونیان هه‌بێ،یا هه‌ندیكیان بوونی نه‌بێ.به‌لام ئه‌وه‌ى كۆڵه‌كه‌ى ئه‌ستووریانه‌و ئه‌بێ هه‌میشه‌ بوونی هه‌بێ، سۆزوهه‌سته‌ هاوبه‌شه‌كه‌یه‌ .
مرۆڤ هه‌ربه‌خۆڕسكی(سروشتی)سۆزیكی بۆ ده‌وروبه‌ری خۆی هه‌یه‌.خیزان و خزم و گه‌ڕه‌ك و گوندو شارو نیشتمانی خۆی خۆشئه‌وێ ، ئه‌م سۆزه‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ستێكی هاوبه‌شه‌. ئه‌و هه‌سته‌و پێویستییه‌كانی ژیان ، زمانێكی هاوبه‌ش له‌سه‌ر زه‌وییه‌كی هاوبه‌ش دروستئه‌كه‌ن و ئه‌نجام نه‌ته‌وه‌ پێكدێ و به‌تیپه‌ربوونی رۆژگار،مێژوویه‌كى هاوبه‌ش دێته‌ به‌رهه‌م . ژینگه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر لاوازبوون یا گه‌شه‌كردنی سۆزوهه‌سته‌كه‌ هه‌یه‌ . ژینگه‌ى ناله‌بار سۆزو هه‌سته‌كه‌ كاڵئه‌كاته‌وه‌و ئه‌بێته‌ هۆی زاڵبوونی بیری نامۆ به‌نه‌ته‌وه‌،وه‌ك بیری ئاینی و كۆمۆنستی.هه‌روه‌ها ئه‌بێته‌ هۆی گه‌نده‌لی و نۆكه‌ری بۆ بێگانه‌و گه‌لێ خه‌سله‌تی خراپیتر.به‌پێچه‌وانه‌وه‌،له‌ژینگه‌یه‌كی له‌بارداو به‌هۆی په‌روه‌رده‌یه‌كی زانستیه‌وه‌،سۆزو هه‌سته‌كه‌ گه‌شه‌ئه‌سه‌نێ و ئه‌بێته‌ بیریك كه‌پێیئه‌وترێ بیری نه‌ته‌وه‌یی یا بیروباوه‌ری نه‌ته‌وه‌یی. .ئه‌وبیروباوه‌ڕه‌ش،واتای راژه‌ی نه‌ته‌وه‌و زاڵبوونی به‌رژه‌وه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تدا ئه‌گه‌یه‌نێ تا ئه‌گاته‌ راده‌ی قوربانیدان و گیانبه‌خشین له‌پیناوی نه‌ته‌وه‌ودا .هه‌موو تاكه‌كانی نه‌ته‌وه‌ش ئازادو یه‌كسانن له‌ رووی بڕواو ئه‌رك و مافه‌وه‌ .ئه‌وه‌یه‌ واتای بیروباوه‌ری نه‌ته‌وه‌یی لای من . كوردیش نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ی خۆی ناوناوه‌( كوردایه‌تی) .كوردایه‌تیش جیاوازه‌ له‌ عروبه‌ی عه‌ره‌بی و ره‌گه‌زپه‌رستی توركی و فارلاسی و نازێتی ئه‌لمانی و ناسیۆنالیزمی رۆژئاوایی.كه‌واته‌ كوردایه‌تی بیروباوه‌ره‌ نه‌ك بۆیه‌ی رووكه‌ش وه‌ك هه‌ندێ لایه‌ن له‌خۆیانی ئه‌ده‌ن یا پاشگری ( كورد یاكوردستان)ئه‌نێن به‌خۆیانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری بیروباوه‌ڕی كوردایه‌تیبێ، ئه‌بێ وه‌ك مۆم بۆنه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌كه‌ی بسووتی دووربێ له‌ بیگانه‌په‌رستی و خۆبه‌كه‌مزانین و گه‌نده‌ڵی،سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ئازادی و یه‌كسانیی خه‌ڵكی كوردستان ، بكاته‌ ئامانجی خۆی . - ئایاكورد ده‌توانێ له‌چوارچیوه‌ی ولاتانی داگیركه‌ریدا به‌مافه‌كانیی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ویی خۆی بگا ؟
. + هه‌رگیز .. هه‌ر نیمچه‌ مافێكی وه‌ك ئۆتۆنۆمی و خودموختاری و فیدرالیش(كاتی)ئه‌بن ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ ئاراسته‌نه‌كرێن به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان . جائالێره‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندێتیى كیشه‌ی كورد له‌كوردستانی ئێستادا ده‌رئه‌كه‌وێ . نه‌ته‌وه‌ى كورد ئه‌گه‌ر له‌ ولاتیكی وه‌ك سویسرا یا ئه‌مریكادابوایه‌ ، ئه‌كرا به‌مافه‌كانی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی له‌چوارچیوه‌ی ئه‌و ولاتانه‌دا بگات , به‌لام له‌چواچێوه‌ی ولاتانی داگیركه‌ری ئێستایدا ، ئه‌وه‌ ئه‌سته‌مه‌ . كیشه‌ی كورد له‌م ولاتانه‌دا ته‌نیا له‌گه‌ل رژیمه‌ داگیركه‌ره‌كانیدا نیه‌، به‌لكو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی تورك و فارس و عه‌ره‌بدایه‌ كه‌ كوردستان به‌ماڵی باپیریان و كورد به‌ نۆكه‌ری خۆیانئه‌زانن !!مه‌گه‌ر ده‌گمه‌ن . ده‌گمه‌نیش به‌پێی بنه‌مایه‌كی گشتیی یاسایی ، پێوانه‌ی له‌سه‌ر ناكرێ . ئنجا ئا له‌م روانگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ ئامانجی كوردایتی ، روخانی رژیمی داگیركه‌ره‌كانی نیه‌ ، مه‌گه‌ر بۆ تاكتیكێك . ئامانج ده‌ربازبوونه‌ له‌چواچیوه‌ی ئه‌و ولاتانه‌ .
- رژیمه‌كانی ئیران و سوریا ده‌رووخین ، یاحكومه‌تیكی هاوبه‌ش له‌گه‌ل ئۆپۆزسیۆنی ئیستایان پیكدینن ؟
+رژیمی مه‌لاكانی ئیران له‌ بورجێكی ئه‌وه‌نده‌ به‌رزدا خۆیان ئه‌بینن كه‌ هیچ گرنگیه‌ك بۆ ئۆپۆزسیۆن دانانین . رژیمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دیش به‌شی خۆشیی تیا نه‌هێشتۆته‌وه‌ له‌گه‌ل ئۆپۆزسیۆندا . له‌به‌رئه‌وه‌ ، هه‌لی حكومه‌تی هاوبه‌ش له‌ئارادانیه‌و ته‌نیا رێگه‌ له‌به‌رده‌م ئۆپۆزسیۆنی عه‌ره‌بی له‌ سوریاو ئۆپۆزسیۆنی فارسی له‌ ئیران , رووخانی ئه‌و دوو رژیمه‌یه‌. .بۆ نه‌ته‌وه‌كانیكه‌ی ناو ئه‌و دوو ولاته‌ش ، چار ته‌نیا سه‌ربه‌خۆییه‌
_ له‌هه‌لبژاردنی سه‌ركۆماری ئه‌مریكادا،باراك ئۆباما بۆ چوار سالی دیكه‌ هه‌لبژیردرایه‌وه‌. ئایا سیاسه‌تی ده‌وله‌تی ئۆباما سه‌باره‌ت به‌ ئیران وه‌ك رابوردوو ده‌بی و هه‌ولئه‌دا به‌ریگه‌ی دیالۆك و گوشاری ئابووری ئیران ملكه‌چی بریاره‌كانی نێونه‌ته‌وه‌یی بكا،یاسیاسه‌تی روخاندن و هینانه‌سه‌ركاری رژیمیكی تازه‌ ده‌گریته‌به‌ر؟
+ ئۆباما وه‌ك په‌ندی له‌ جه‌نگه‌كانی ڤیتنام و عیراق و ئه‌فغان وه‌رگرتبێ وایه‌ . تابتوانێ هه‌ولئه‌دا له‌ریگه‌ى گوشاری ئابوورییه‌وه‌ مل به‌ رژیمی ئیران كه‌چبكا بۆ مه‌به‌سته‌كانی خۆى . ئه‌گه‌ر به‌و ریگه‌یه‌ نه‌گه‌یشته‌ ئه‌نجام ،ئه‌وا له‌ریگه‌ى ئۆپۆزسیۆنی ئیرانیه‌وه‌ ئه‌و هه‌وله‌ ئه‌دا ، به‌وه‌ى هانیانئه‌دا بۆ راپه‌رین و شۆرش و یارمه‌تیدانیان به‌ چه‌ك و پاره‌ بۆ هه‌مان مه‌به‌ست .واتا ملكه‌چكردنی یا روخاندنی.
- حیزبه‌كانی رۆژهه‌لات ده‌لین پژاك به‌ره‌سمی ناناسن چونكه‌ لقی پی كی كه‌یه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاماده‌نین هاوكاری بكه‌ن له‌گه‌لی . ئیوه‌ سه‌باره‌ت به‌خه‌بات و چالاكی پژاك له‌رۆژهه‌لاتی كوردستان بیرو راتان چیه‌؟
+ پارته‌ كلاسیكیه‌كانی رۆژهه‌لات له‌بابه‌تی دیموكرات و كۆمه‌له‌ كه‌ ئیستا به‌ره‌كه‌تیان تیكه‌ وتوه‌وهه‌ریه‌كه‌ و بوون به‌ چه‌ند پارچه‌یه‌كه‌وه‌ ، پژاك به‌ره‌سمی بناسن یا نا ، گرنگیه‌كی نیه‌.چونكه‌ ئه‌وان ئیستا ده‌سته‌مۆی پارته‌كانی باشوورن به‌مه‌رجی ئه‌وه‌ى توخنی سنووری ئیران نه‌كه‌ون . واتا ئه‌و پارتانه‌ ، له‌رووی كرده‌ییه‌وه‌ ، له‌ دۆخی پشوودانێكی هه‌میشه‌ییدان . جارجارێكیش كه‌ده‌نگێ به‌رزئه‌كه‌نه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ هه‌ر قسه‌ی رووته‌و قسه‌ش ناچێته‌ ناو گیرفانه‌وه‌ .
پژاكیش هه‌رچه‌نده‌ ئیرانی سه‌غڵه‌تكردوه‌و شه‌ری چه‌كداری له‌گه‌لئه‌كا ، به‌لام ئه‌وانیش چونكه‌ ستراتیجى خۆیان به‌ پیكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ل ئیران دیاریكردوه‌ ، ئه‌وا ئه‌وانیش ئاسنی سارد ئه‌كوتن و رۆله‌ی كورد به‌خۆرایی به‌كوشتئه‌ده‌ن .
- پتر له‌سالیكه‌ سه‌ره‌كوه‌زیرانی عیراق نوری ملیكی ده‌ستیكردوه‌ به‌پیلانگێڕی و به‌شیوازی جۆراوجۆر هه‌ولئه‌دا ده‌سه‌لاتی حكومه‌تی هه‌ریم لاوازكا،چی وایكردوه‌ ئه‌م سیاسه‌ته‌ پێره‌وكا؟ حكومه‌تی هه‌ریم چیبكا بۆئه‌وه‌ى پێش له‌م پیلانگێڕیه‌ بگرێ ؟
+ ئه‌و سیاسه‌ته‌ى مالیكی دژ به‌كورد هه‌مووكاتێ چاوه‌روانكراوه‌ .یاوه‌ك عه‌ره‌ب ئه‌لێ(تحصیل حاصل)ه‌ .ئه‌وه‌ سیاسه‌تی هه‌موو حكومه‌ته‌كانی به‌غداد بوه‌، له‌ رژێمی پاشایه‌تییه‌وه‌ تا رژێمی به‌عس . دوای مالیكیش هه‌ر وائه‌بێ تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌م تێكه‌ڵه‌ ناسروشتییه‌ى عیراق له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵئه‌وه‌شێت و كورد به‌مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی خۆیئه‌گا..ئنجا له‌راستیدا كورده‌كه‌ خۆیشی یاریده‌ده‌ربوه‌ بۆئه‌وه‌ى وای به‌رامبه‌ر بكرێ ! عیراق له‌به‌ریه‌ك هه‌لوه‌شابوو ، هه‌لێكی زیڕینبوو بۆ سه‌ربه‌خۆییمان . به‌لام دوو پارته‌ كوردیه‌ ده‌سه‌لاتداره‌كه‌، بوونه‌ هاوكاری دروستكردنه‌وه‌ى عیراق !! . عیراق سوپای نه‌مابوو ، بۆیاندروستكرده‌وه‌،.ئه‌وه‌تا هیشتا ئه‌و سوپایه‌ له‌گاگۆڵكێدایه‌ ، هێزی ئۆپراسیۆنه‌كانی دیجله‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌! ئه‌وه‌ له‌كاتێكدا، له‌گه‌ڵ كه‌وتنی رژیمى به‌عسدا ، رۆشنبیرانى نه‌ته‌وه‌یی كورد ، بانگه‌شه‌ى سه‌ربه‌خۆییانكرد و ئه‌وان نه‌یانبیست ! له‌راپرسییه‌كدا %98ی جه‌ماوه‌ری كورد ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆییدا ، كه‌چی ئه‌وان ،له‌بری ئه‌وه‌ ،عه‌ره‌به‌ راكردوه‌كانیان هێنایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ داگیركراوه‌ رزگاركراوه‌كان و جارێكیتر ئه‌و ناوچانه‌یان لكانده‌وه‌ به‌ عیراقه‌وه‌ !! ئیتر باباسی گه‌نده‌لیه‌كانیان نه‌كه‌ین ، چونكه‌ زۆری له‌سه‌ر وتراوه‌و ئه‌وترێ و نایبیستن !!
ئێستاش هه‌ل به‌به‌ریه‌وه‌ ماوه‌ و بۆبه‌رگرتن له‌ ته‌عریب و ئه‌نفالیكیتر ، ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌ریمه‌ زۆر به‌خێرایی، وه‌ك رێكارێكی به‌رگری و هه‌نووكه‌یی له‌ئێستادا ، ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بنێ /
1- له‌حكومه‌تی حیزبه‌وه‌ خۆی بكا به‌ حكومه‌تی گه‌ل.
2- دامه‌زراندنی سوپای به‌ر گریی كوردستان و پڕچه‌ككردنی. یه‌كه‌م ئه‌ركیش ، ئه‌و سوپایه‌ ، سه‌نگی قورسی خۆی بخاته‌ ناوچه‌ داگیركراوه‌كان و بیانپارێزێ ..
3- چاكسازیی و پاكسازیی به‌په‌له‌ .
4- له‌باریكدا شه‌ڕ یه‌خه‌ى گرتین ، ئه‌مجاڕه‌ یا سه‌ربه‌خۆیی یا شه‌ڕكردن تا مردن
- داهاتووی كورد به‌گشتی چۆنئه‌بینن ؟
+ ئه‌مه‌ پرسیارێكی فره‌ ره‌هه‌نده‌،داهاتووی كورد به‌نده‌ به‌كۆمه‌لێ ئه‌گه‌رو گریمانه‌وه‌.تۆ نازانی له‌هه‌گبه‌ی سبه‌ینیدا چی هه‌یه‌؟ چی رووئه‌دا؟ تاچه‌ند رژیمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان له‌ئارامیدائه‌بن؟ یا نابن؟ یا گۆرانكارییان به‌سه‌ردا دێ؟
له‌ئاستی ناوخۆی كوردستاندا چ گۆرانیك به‌سه‌ر ئه‌قڵی تاك و كۆی مرۆڤی كوردا دێ؟ بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤی كورد،هه‌ر له‌م دۆخه‌ چه‌قبه‌ستوه‌ی ئیستایدا ئه‌مینێته‌وه‌ یا روو له‌ ئاسۆیه‌كی فراوانتر ئه‌كا؟؟
تۆ بزانه‌،دوای ده‌یان سه‌ده‌ له‌ داگیرگاری كوردستان و قه‌لاچۆكردنی كورد،هیشتا زوربه‌ی زۆری پارته‌ كوردیه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان،گۆرانی بۆ پیكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ ئه‌و داگیركه‌رانه‌دا ئه‌چڕن! ئه‌و داگیركه‌رانه‌ی كه‌ نه‌ك هه‌ر ده‌ستیان،به‌لكو هه‌موو جه‌سته‌یان به‌ خوێنی كورد سووره‌! تۆ سه‌رنجبده‌ داگیركه‌رانی كوردستان هه‌رچیچه‌ندێ له‌نێخۆیاندا ناكۆكبن،له‌ئاستی دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی كوردا،هاوراو هاوكاری یه‌كدین.كه‌چی ئه‌و پارته‌ كوردیانه‌ هه‌میشه‌ سه‌رقاڵی دووبه‌ره‌كی و خۆخۆری و دووكه‌وتووی به‌رژه‌وه‌ندیی پارتایه‌تی وبنه‌ماله‌یی و تاكه‌كه‌سین و له‌گۆمی گه‌نده‌لیدا مه‌له‌ ئه‌كه‌ن!
به‌كورتی تائه‌مه‌ ره‌فتارمانبێ، ئاینده‌ی كورد له‌ خراپه‌وه‌ بۆ خراپتر ئه‌چێ.ئه‌گه‌ر هۆشێكیش به‌به‌ر تاكه‌كان وكۆمه‌له‌كانی كوردا هاته‌وه‌و هوشیاریی نه‌ته‌وه‌ییان گه‌شه‌یكرد ، ئه‌وسا بیروباوه‌ری كوردایه‌تیش گه‌شه‌ئه‌كات و نه‌ته‌وه‌ی كورد رێگه‌ راسته‌كانی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی ئه‌دۆزێته‌وه‌و به‌سه‌ر داگیركه‌رانیدا زاڵئه‌بێ و ئاسۆی به‌ختیاریمان له‌ رووناكه‌وه‌ بۆ رووناكتر ئه‌چێ ..
----------
. .

Share