Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
زەردەخەنە .. تەمەنمان درێژدەکات رەزا شوان / نەرویج

gggggggggggggggبا زەردەخەنە بکەین بە دروشمی هەمیشەی ژیانمان .. زەردەخەنە بکەین بە رێباز و بە پەیژەی سەرکەوتنمان .. بیکەین بە کلیلی هیوا و خۆشی و شادیمان .. بیکەین بە پەیامێکی پیرۆز و ، بە مژدەی ئاشتی و ئاسوودەیی و تەباییمان .. زەردەخەنە بکەین بە نهێنیی بەهێزکردنی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیمان .. بیکەین بە پێشاندانی رێز و سۆز و خۆشەویستیمان .. با بە زەردەخەنە گوزارشت لە رووخۆشی و دڵخۆشی و دڵپاکی و گەشبینیی خۆمان بکەین .. با زەردەخەنە بکەینە پاسپۆرتی بێ ڤیزەمان ، بۆ چوونە ناو دڵ و دەروونی کەسانی ترەوە .. با بە زەردەخەنەوە بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و شیاوتر ، بەرەو ژیانێکی خۆشتر و شیرینتر بەبێ دوودڵییەوە هەنگاو بنێین .. با هەردەم لێو بە خەندە و رووخۆش و رووگەش بین .
مرۆڤی رووگرژ و مۆن ، نێوچەوان لۆچ ، دۆست و هاوڕێ و ئاشنای کەمە .. لە ناخی خۆی دەخواتەوە .. زیان بە کەسایەتی و بە تەندروستی خۆی دەگەیەنێت .. لە نێو کوردەواریدا ، ئەگەر کەسێک رووترش و مەنگ و نێوچەوان لۆچ بێت ، بە توانجەوە دەڵێن : " دەڵێی بارە ترشی کەوتۆتە ئاوەوە " یان " دەڵێی کەشتییەکەی نوقم بووە " یان " رووناکی لە دەموچاویدا بەدی ناکرێت " یا " کابرایەکی رووگرژ و مەنگە " .. بە پێچەوانەش کە باس لە خەسڵەتە باشەکانی کەسێک دەکڕێت ، دەڵێن : " فڵان کەسێکی رووخۆش و گەشە " یا " کەسێکی ئێسک سووک و خوێن شیرینە " یا " هەردەم لیۆ بە خەندەیە " یا " کەسێکی کراوەیە و دەچێتە دڵەوە " یا ...هتد . پەندێکی( چینی ) ش هەیە ، دەڵێ : " ئەگەر ناتوانیت بزەخەنە بکەیت .. کۆگایەکیش مەکەرەوە .. "
بەر لەوەی بێێنە سەر باسی زەردەخە .. پێویستە ئەوە بزانین ، کە ( زەردەخــــەنە ) و ( پێـــکەنین ) دوو شتی جیاوازن ، ئەگەرچی لە زۆربەی مەبەست و سوودەکانیاندا ، هاومەبەست و هاوسوودن .. باسی ئەمجارەمان تەنها باسی زەردەخەنە و سوودەکانێتی .. هیوادارم لە دەرفەتێکی تردا ، باسی پێکەنینیش بکەین .
زەردەخــەنە چیـیە ؟ زۆر وتراوە و ، زۆر نووسراوە و ، زوریشمان بیستووە ، دەربارەی زەردەخەنە و ، سوود و کاریگەرییە تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانی .. بە کورتی :
(*) زەردەخەنە ، جووڵەیەکی نەرم و ساکاری لێوەکانمانە ، کە لە چاوترووکانێکدا روودەدات .. بەڵام کاریگەری و یاد و ئاسەوارە ئەرێنییەکانی هەتا هەتایە .. لێرەدا مەبەستمان لە زەردەخەنەی راست و ناسک و جوانی هەڵقوڵاوی ناخی دڵمانە .. کە بەرەو ناخی دڵی کەسانێکی کە .. رێگای خۆی دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە ، تەنها شێوەیەکی رووکەشی نییە ، کە تەنها دەموچاومان بڕازێنێتەوە .. بەڵکو جوانترین تابلۆ و نەخشی سروشتییە .. ناسکترین و جوانترین گوزارشتە لە هەست و نەست و ، لە سۆز و لە خۆشەویستیی ناخی دڵ و دەروونمان .
(*) زەردەخەنە ، جوانترین و نەرمترین و شیرینترین زمانە لە ژیانماندا .. زمانێکی روون و سادە و ساکاری مرۆڤایەتی و جیهانییە .. کە پێویست بە گۆڕین و راڤەکردن ناکات و ، هەموو گەلانی جیهان لێی تێدەگەن .. هیچ پارە و پوولێکیشی تێ ناچێت .. بەڵكو زەردەخەنە خۆی پارەیەکی بەهاداری دەگەمەنە و ، لای هەموو کەسێک نییە.
(*) زەردەخەنە ، پەیامێکی ناسکی بێ وشە و بێ داڕشتنە .. بروسکەیەکی مزگێنی خۆشە .. کۆمەنتارێکی خۆشەویستی و دڵسۆزی و رێزە بۆ کەسانی دەوروبەرمان .
(*) زەردەخەنە ، نهێنییەکی ئەفسوناوی سەیرە .. کليلی شادی و خۆشییە .. زەدەخەنە دەتوانێت قایمترین دەرگای قەڵای رق و کینە هەڵتەکێنێت .. دەتۆانێت ژەنگ و خڵتی دڵ بتوێنێتەو .. دەتوانێت گەورەترین کێوی بوغز ، بەرزترین دیواری دوژمنایەتی لەبن بێنێت .. دەتوانێت گڕترین گڕکانی توڕەیی و هەڵچوون خامۆش بکات .. دەتوانێت قووڵترین زام ساڕێژبکات .. دەتوانێت پاییز بگۆڕێت بە بەهار .. شەوی تار و زیل بگۆڕێت بە رۆژی رووناک .. رەشەبای شێت و هاری تووڕەبوون .. بگۆڕێت بە شنەبـای نەرم و فێنکی هێـوربوونەوە .. دەتوانێت بێ ئومـێدی بگۆڕێت بە هیـوا .. شکستی بگۆڕێت بە سەرکەوتن .
(*) زەردەخەنە ، گوزارشتە لە شادیی ناخی دڵ و دەروونمان .. لە سۆز و دڵسۆزی و رازیبوونمان .. لە دڵپاکی و سادەیی و خاکيمان .. لە متمانە و بڕوابەخۆبوونمان .. لە دڵنیایی و ويژدان ئاسوودەییمان .
(*) زەردەخەنە ، باشترین و کورترین و ئاسانترین رێگایە ، بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان .. بۆ چاندنی تۆی برایەتی و خوشکایەتی و هاوڕێتیمان .. زەردەخەنە بەهێزترین هێزی راکێشەرە ، بۆ راکێشانی سۆز و خۆشەویستیی کەسانی تر بە لای خۆماندا .. شیوازێکی زۆر ئاسانە بۆ دڵنیایی و بۆ بڕوا پێ کردنمان .. بۆ چوونە ناو دڵ و دەروونی خەڵکییەوە .
(*) زەردەخەنە ، ناسکترین وشەیە .. جوانترین رستەیە .. شیرینترین ئاخافتنە ، باشترین وەڵاميشە .
(*) لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکدا ، ئەوە ساغبۆتەوە ، کە لە ( ٦٩ % )ی خەڵکی ، ئافرەتانی لێو بە خەندەیان لا جوانترە ، لەو ئافرەتانەی ، کە بە نایابترین بابەتی جوانکاری ( پۆدرە و بۆیە و سوراو ) ئارایش و تیف تیفەی دەموچاویان دەدەن .
(*) زەردەخەنە ، مامۆستایەکی زۆرزانە .. فێرگەیەکی سوودبەخشە .. نەوەیەکی گەشبین و بڕوابەخۆ و ئاسوودەخواز و ، هیواداری دڵنەگۆڕ پێ دەگەیەنێت .
(*) تا پێتان دەکرێت زەردەخەنە بکەن .. چونکە زەردەخەنە ، پەژارە و غەمەکانتان ساڕێژدەکات .. شادیتان لە خەو هەڵدەسێنێت .. گوڕ و تین و هێزتان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە بکەن .. هەرگیز کۆڵ مەدەن و بێ هیوا مەبن .. خۆتان مەدەن بە دەستی بێزاری و نائومێدییەوە .. ئێوە تەنیا کەس و یەکەمین کەس نێن ، کە تاڵی و تفتی و نەهامەتییەکانی ژیان ، بەدبەختییەکانی رۆژگار ئازاری دابن و ، سڕی کردووبن .. جوانترین زەردەخەنەش .. زەردەخەنەی هیوایە .. کە لە نێوان هەوری تاریک و لە شەوگاری نوتەکدا سەردەربێنێت و .. مژدەی کۆڵنەدان و سەرکەوتنتان پێ دەبەخشێت .. زەردەخەنە بکەن ، تا بەسەر سەخترین و بەهێزترین شەپۆڵەکانی بێ ئومێدی دا سەربکەون .. تا لە تاقیکردنەوەکانی رۆژگار و ژیان دا ، بە پلەی باشەوە دەربچن .
(*) زەردەخەنە بکەن و هەمیشە رووتان خۆش و گەش بێت .. تا بچنە دڵی خەڵکییەوە و رێزتان لێ بگرن .. تا ئەوانیش بە هەمان شێوە ، زەردەخەنەی قووڵترتان بۆ بکەن و روویان خۆشتربێت لە رووتاندا .. زەردەخەنە ، یەکێک لە یەکێکی ترەوە دەیگرێت و ، زوو تەشەنە دەکات و بڵاودەبێتەوە .
(*) با زەردەخەنە بکەین .. چونکە زەردەخەنەکانمان ، هیوا و گەشبینی و شادی و گوڕ و تین دەخاتە دڵی کەسانی خەمبار و داماوەوە .. زەردەخەکانمان ، جوانترین دیاری و باشترین بەخشینن .. بە خێر و چاک بۆمان دەنووسرێن .. زووبێت یا درەنگ پاداشتی زەردەخەنەکانمان وەردەگرین .
(*) زەردەخەنە ، زمانێکی بەرزە ، لە زمانەکانی ئەم سەردەم و لە شارسستانییەتی نوێی مرۆڤایەتی و ، لە یەکتر نزیکبوونەوە و ، لە تەبایی و ئاشتی و پێکەوە سازاندا .
(*) جوانترین زەردەخەنە ، ئەو زەردەخەنەیەیە ، کە بە نێوان زەنگوڵی فرمێسکەکاندا رێی خوی بکاتەوە .. ئەو زەردە خەنە جوانەیە ، کە پەلکەزێڕيینە ئاسایی .. لە نێوان هەوردا دەربکەوێت و .. مژدەی هاتنی کەشوهەوایەکی خۆشمان پێ ببەخشێت .
(*) بێگومان ، هەموو زەردەخەنەیەکیش شیرین و جوان نین و لە ناخی دڵەوە نایەن .. زەردەخەنە دروستکراوی ناشیرین و بێ تامیش هەیە .. زەردەخەنەی مەبەستداری شاراوەش هەیە .. زەردەخەنەی واش هەیە ، کە لە تامی گوژاڵک تاڵترە .. لە ژەهری مار کوشندەترە .. لە دڕکیش تیژترە .. لە ئاگریش سوتێنترە .

سوودە کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخـەنە :
(*) زەردەخەنە ، لۆچی دەموچاومان ناهێڵێت و .. سیماو و رووخسارێکی گەش و جوانترمان پێ دەبەخشێت .
(*) زەردەخەنە ، مەودایەکی زیاتری بیر و بیرکردنەوە و زەین باشیمان پێ دەبەخشێت .. یارمەتیی توانای داهێنانمان دەداتێ .. زاخاوی هەست و دڵ و دەرمان دەدات .
(*) زەردەخەنەکانمان ، تووڕەبوون و هەڵچوون و بارگرژیی و دۆخی نائاسایی کەسانی تر هەڵدەمژن و .. ئاسایی و هیۆریان دەکەنەوە .. پەشیمانیان دەکەنەوە .
(*) زەردەخەنەکانمان ، دەبنە مایەی ئەوەی ، کە خەڵکی بە باشی و بە رێزەوە لێمان بڕوانن و ، لێمان نزیک ببنەوە و گوێمان لێ بگرن .. بەبێ ترسیش راز و نیازەکانی دڵی خۆیانمان بۆ باس بکەن .. لە تۆژینەوەیەکدا ، توژێنەران گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە : ئافرەتانی رووخۆش و لێو بە زەردەخەنە و بزە .. زیاتر دڵی پیاوان رادەکێشن .. ئەم تۆژینەوەیە لەسەر ( ٤٦٠) کەس لە هەردوو رەگەزی نێر و مێ ئەنجام دراوە .. گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە ، پیاو ناتوانێت سۆز و رازی دڵی خۆی بۆ ئەو ئافرەتە دەرببڕێت ، کە رووی خۆش نەبێت و ، زەردەخەنەی لێ بەدی نەکات .. بەڵام ئەگەر رووی خۆش و گەش و لێو بە خەندەبێت .. زوو دەکەوێتە داوێوە .
(*) بە لێکۆڵینەوە ش ، ئەوە ساغ بۆتەوە کە منداڵ لە رۆژێکدا تێکڕا (٤٠٠) جار ، زەردەخەنە دەکات .. بەڵام گەورە ، لە رۆژێکدا تێکڕا (١٤) جار زەردەخەنە دەکات .
(*) ئەوانەی زەردەخەنە دەکەن .. کەسانێکی ئاسایی و لەسەرخۆن و ، لەهەڵسوکەوت و رەفتارکردندا هێمن و رێک و سەرکەوتوون .. ژیان ئاسوودەن و .. کەسانی باشن .
(*) لەوانەیە لە ڕێی زەردەخەنەوە ، گەلێ کێشەی کۆمەڵایەتی چارەسەر بکرێن .
(*) زەردەخەنە پێویستییەکی رۆژانەی کۆمەڵایەتییە .. بۆیە بە لاتانەوە سەیر نەبێت .. کە لە هەندێ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا .. کۆرسی راهێنانی زەردەخەنە دەکەنەوە .. بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ، فێری زەردەخەنەی جوان و ناسک و قووڵ ببن و .. لە رێی زەردەخەنەوە ، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیان باشتر و بەهێزتر بکەن .
(*) زەردەخەنە ، رێگایەکە بۆ بەرزبوونەوەی پایەی کارکردنمان .. بە لێکۆڵێنەوە ئەوە ئاشکرابووە .. کە خاوەن کار و بەڕێوەبەرەکان .. حەزدەکەن پلە و پایەی ئەو کرێکار و فەرمانبەرانە بەرز بکەنەوە .. کە رووخۆشن و لێو بە خەندە و زەردەخەنەن .. زیاتر باوەڕیان بە خۆیان هەیە و .. بە باشی و بە جوانيش ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن .. بە روویەکی خۆشیشەوە ، پێشوازی لە سەردانبووەکانیان دەکەن و .. بە باشی کارەکانییان بۆ رای دەکەن و .. بە جوانیش بەڕێیان دەکەن .
(*) ئەو مامۆستا و وانەبێژانەی ، کە روویان خۆشە و خەندە لەسەر لێوەکانیان دایە .. زیاتر دەچنە دڵی قوتابیانەوە .. باشتر و زووتر بابەتەکانی وانەکانیان فێردەبن .. ئەو مامۆستایانە لای قوتابییەکانیان خۆشەویستن و زیاتر رێزیان لێ دەگرن و .. زیاتریش قوتابیان لێیان نزیک دەبنەوە .. زۆر جار لە هەندێ لە قوتابییان دەبیستین ، کە دەڵێن : حەزمان لە وانەی فڵانە مامۆستا نییە .. چونکە زۆر رووگرژ و مچومۆڕ و مۆنە ، نە خەندە دەکات و نە پێدەکەنێت .. نە دوو قسەی خۆشیشمان بۆ دەکات .
(*) زەردەخەنە ، دۆست و هاوڕێمان بۆ زیاد دەکات و .. ناحەزانیشمان کەم دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنەی نێوان ئەندامانی خێزان ، پەیوەندیی خێزانییان زۆر بەهێزتر و خۆشتر دەکات .. تەبایی و ئاشتی و رێز و شادی و بەختەوەرییەکی زیاتریان پێ دەبەخشێت .
(*) چەند جوانە .. هەمیشە رووخۆش و رووگەش بین .. لێو بە خەندە و زەردەخەنە بین .. دڵ پڕ لە هیوا و ئومێد بین .. بڕوابەخۆ و گەشبین بین .. چاکە و بەخشینێکی گەوەرەشە .. گەر بزەخەنە بخەینە سەر لێو کەسانی خەمبار و بێزار و بێ هیواوە .

سوودە تەنـدروستییەکانی زەردەخـەنە :
(*) زەردەخەنە ، خۆراکی دڵ و دەروونە .. باشترین دەرمانی چارەسەرکردنی زۆربەی نەخۆشییە دەروونییەکان و جەستەییەکانە .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتیی دابەزینی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خۆین دەدات .. سۆڕانەوەی خوێنیش لە دەمارەکانی خوێن بردن و هاوردنی لەشماندا چالاکتر دەکات .. دەزگای بەرگری کردن لە دژی نەخۆشییەکان بەهێزتر دەکات .
(*) زەردەخەنە ، تەمەنی مرۆڤ درێژ دەکات .. ئەمەش لە ئەنجامەی بەراوردکرنی نێوان ئەو کەسانەی رووخۆشن و زەدەخەنە دەکەن ، لەگەڵ ئەو کەسانەی رووگرژ و مۆنن و ، زۆر بە کەمی زەردەخەنە دەکەن .. دەبا بە زەردەخەنە شیرین و ناسکەکانمان .. بە رووخۆشی و گەشیمان .. تەمەنمان درێژتر بکەین .
(*) زانایەکی پزیشکی بە لێکۆڵينەوە ، گەیشتۆتە ئەو دەرئەنجامەی ، کە زەردەخەنە دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی ( ئیندرۆفین ) کە بریتییە لە ( هۆرمۆنی شادی ) ، ئەم هۆرمۆنە دەگاتە خانەکانی مێشک و ، لە هاوشێوەی سڕکەری ( مۆرفـین ) دا ، سوێ و ئازارەکان کەم دەکاتەوە .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتیی مێشک دەدات ، بۆ ئەوەی رادەیەکی باشی ( ئۆکسجین ) لە خانەکانیدا بپارێزێت .
(*) زەردەخەنە ، یارمەتی ( هەرسکردن ) دەدات و ، ( ترشاندنی گەدە ) کەم دەکاتەوە .
(*) ئەمڕۆ لە ئەوروپادا ، بۆ هەندێ لە نەخۆشخانەکانی منداڵان .. کەسانی گاڵتەجاڕ و خۆشبەزمیان داناوە .. کە ئاهەنگی جەفەنگ و قسەی خۆش و یاری و بەزمی سەیر و سەمەرەی خۆش پێشکەش بە منداڵە نەخۆشەکان دەکەن .. ئەگەرچی ئەم کارانە نابنە هۆی چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان .. بەڵام یارمەتییان دەدەن ، بۆ هێورکردنە و بۆ لە بیرکردنی ئێش و ئازارەکانیان .. بۆ خۆڕاگرتن و بۆ بەرزکردنەوەی ورە و هیوایان.
(*) زەردەخەنە ، مەشقێکی باشە بۆ ( ماسوولکەکانی دەموچاومان ) .. چونکە لە کاتی زەردەخەنەی قووڵدا .. نزیکەی ( ٥٣) ماسوولکەی دەموچاومان دەبزوێن .
(*) زەردەخەنە ، دەرمانی خەمە و ، مەرهەمی زامە .. بە تایبەتیش بۆ ئەو کەسانەی تووشی بێزاری و گۆشەگیری و خەمۆکی و رەشبینی بوونە .. لە رێی زەردەخەنەوە .. دەتوانین هیوا و ئۆمێدیان پێ ببەخشین .. بیانخەینە سەر ئەو بڕوایەی کە ژیان بۆ ئەو کەسانە زەردەخەنە دەکات .. کە گەشبینن و زەردەخەنە لەسەر لێوەکانیان ناتۆرێت .
(*) لەگەڵ زەردەخەنەدا ، تیشکەکانی چاوەکانیشمان .. بەشداری لە رووخۆشی و لە گەشیمان دەکەن و .. چاوەکانمان جوانتر و گەشتر دەبریسکێنەوە .
(*) رووگرژی و مۆنی ، دەبنە هۆی ئەوەی کە دەموچاوی مرۆڤ زووتر چرچ و لۆچ بێت و .. زووتر نیشانەی پیری سەری لێ هەڵبدات و .. تەمەنیشی کورتر بێت .
(*) زەردەخەنە ناسک و شیرینەکانی پزیشکان و پەرستاران .. رۆڵیكی زۆر گەورە و گاریگەریی دەروونی و چەستەییان ، لە هیوا بەخشین و چاکبوونەوەی نەخۆشەکاندا هەیە .. بە تایبەتیش نەخۆشە تووشبووەکانی نەخۆشی دڵ و شێرپەنجە و درێژخایەن .
(*) سوودە دەروونی و چەستەیی و ، کەسێتی و کۆمەڵایەتییەکانی زەردەخەنە .. زۆر زۆرترن .. لەو سوودانەی کە لە سەرەوە باسمان لێ کردن .

رۆژی جیهانیی زەردەخـەنە :

هەموو ساڵێک لە جیهاندا ، لە ( رۆژی یەکەمین هەینی ی/ مانگی ئوکتۆبەر ) دا ، بە بۆنەی ( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە ) ەوە .. ئاهەنگی زەردەخەنە و بەزمی خۆش سازدەکرێت .. ئەمساڵ لە ( ٤/ ١٠/ ٢٠١٣) دا ، لە گەلێ لە وڵاتانی جیهان ، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ سازکرا .. با بزانین رۆژی جیهانیی زەردەخەنە لە چییەوە هاتووە ؟
لە ساڵی ( ١٩٦٣) دا ، کۆمپانیایەکی ئەمریکی بۆ دەستەبەرکردنی ژیان ( تەئمین ) .. داوای لە هونەرمەندی شێوەکار ( هـــارڤی بـــال ) کرد .. کە ( سیمبول ) ێک بۆ کۆمپانییەکەیان بکێشێت ، کە ئەندامە بەشداربووەکانیان ، بتوانن بە ئاسانی لەسەر پسوولەنامەی کۆمپانییەکەیان بێتەوە یادیان .. هارڤی بیرۆکەی زەردەخەنەی بەلاوە جوان بوو .. وێنەیەکی خڕی لە شێوەی خۆر کێشا .. کە لە ( دەموچـــاوی منـداڵێکی زەردەخـەنەکـردوو ) دەچێت .. ئەم هێمایە زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ، سەرکەوتنی بەدەستهێنا .. دوایی ئەم دەموچاوە خڕە بزەکردووەیان ، لەسەر تیشێرت و کراس و لەسەر شەبقە و لەسەر پۆستکارت و ، لەسەر گەلێ شتی تر بەکاریان هێنا .. ئەمریکا پوولێکی پۆستیشی دەرکرد ، کە ئەم هێمایەی لەسەر بوو .. رۆژی کێشانی وێنەکە و پەسەندکردنی ئەم هێمایە کە رۆژی هەینی بوو ، کرا بە( رۆژی جیهانیی زەردەخەنە) .
بۆ یەکەمین جاریش لە جیهاندا ، لە ساڵی (١٩٩٩) دا ، بە بۆنەی ( رۆژی جیهانیی زەردەخەنەوە ) ئاهەنگ سازکرا .. لەو ساڵەوە بۆتە بۆنەیەکی ساڵانەی جیهانی .
خەڵاتی ( ویسامی ) ساڵانەی زەردەخـەنە :
خەڵاتی ساڵانەی زەردەخەنە کە بریتییە لە ( ویسامێک ) ، ساڵی دوو جار دەدرێت ، لە پایز و لە بەهار دا .. دەدرێت بە کەسانی گەورە ، پیاو بێت یا ئافرەت ، یان دەدرێت بە بە رێخراوێکی مەدەنیی بواری خزمەتکردنی منداڵان .. ویسامەکە دەدرێ بەو کەسانە یا بەو رێکخراوەی ، کە رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە .. لە خزمەتکردن و یارمەتیدان و لە بایەخدان بە منداڵان ، لە ماوەی ئەو ساڵەدا لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن .. ئەو کەس و رێکخراوانەی ، کە سۆز و خۆشەویستیان بە منداڵان بەخشیوە .. ئەم کەسانەش ، یا ئەم رێکخراوانە .. لە لایەن منداڵان خۆیانەوە ، بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکان کاندید دەکرێن .. براوەکانیش بە نازناوی ( شاسواری خەڵات ) ناودەبرێن .. میدالیا و خەڵاتەکانیش .. لەلایەن ( ئەنجوومەنی میدالیای زەردەخەنە ) وە ، لە شاری ( وارشۆ ) ی ( پۆڵەندا ) پێیشکەشیان دەکرێن .. کە بارەگای ئەم ئەنجوومەنە لەم شارەدایە .. بیرۆکەی ئەم خەڵاتەش ، لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا ، لە لایەن ( گۆڤـاری کویـر) ی پۆڵەندییەوە پێشنیار کرا .. لە ساڵی ( ١٩٧٩) دا ، سـکرتێری گشـتیی پێشووی نەتـــــەوە یەکگرتــــووەکان ( کـۆرت ڤاڵدهایم ) بە فەرمی دانی بەم خەڵاتە و ، بە کۆمەڵەی بەخشینی خەڵاتی رۆژی جیهانیی زەدەخەنەدا نـا .. بێجگە لە پۆڵەندا ـ کە زۆرینەی ژمارەی ئەندامەکانی ئەم ئەنجومەنەن ـ نوێنەری بەشیکی زۆری وڵاتانی تری جیهان ئەندامی ئەم کۆمەڵەیەن .
تا ئەم ساڵ (٩٥٠) چالاکــوانی یارمەتیدەر و خزمەتکردووی بوارەکـــانی منـــداڵان .. لە ( ٤٥) وڵاتی جیهاندا ، ئەم خەڵاتەیان پێشکەش کراوە .. لەوانەش :
( دایکە تیرێــزا ، نیلسون ماندێـلا ، کۆرت ڤاڵدهــایم ، خاتوو سیلڤیا ـ شاژنی سوێد ، ئەلیکسەندەر کفاشنیف ـ سەرۆکی پێشووی پۆڵەندا ، خاتوو داگمار هاڤڵ ، خاتوو مۆزە ناسر ـ قەتەری ، پاپا یوحنا پۆلسی دووەم ، شا عەبدوڵڵا عەبدولعەزیز ـ شای پێشووی سعوودییە ، ماریک میگالاک ، دەلای لامە ـ چواردەمین ، ... هــتد )
زەردەخەنە لە گۆشەنیگای ناودارانەوە :
(هێنریـک وێـرکلاند ) : زەردەخەنە ، جوانترین گوڵی سەر زەمینە .
( ڤیکتۆر هـۆگۆ ) : زەردەخەنە ، کورترین مەودای نێوان دوو کەسە .
( بۆب گریــن ) : زەردەخەنەی ناسک ، زمانێکی شیرینی جیهانییە .
( فرانکلین ) : بە زەردەخەنەیەک ، هەموو دەرگاکان بە رووی مرۆڤدا دەکرێنەوە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنەی ئافرەت ، تیشکێکە لە تیشکەکانی خۆر .
( شەکسپیر) : ئەگەر دۆڕاو زەردەخەنە بکات ، براوە چێژ لە سەرکەوتنەکەی نابینێت .
( ناپلیۆن ) : ئەو کاتە خۆم بە ئازا دەزانم ، کە دوای هەرشکستییەک زەردەخەنەیەک بخەمە سەر لێوم .
( ڤیـل دۆرانت ) : من زەردەخەنە ، بە مەشخەڵی مرۆڤایەتی دەزانم .
( جـۆرج نیـکۆڵا ) : زەردەخەنە ، دوژمن دەکات بە دۆست .
( جوبـران خەلـیل جوبـران ) : زەردەخەنە ، جوانترین ئارایشی روخسارە .
( جاکسۆن بـراون ) : تووڕەیی بە زەردەخەنە بگۆڕە .
( ئەمەرسـۆن ) : ئافرەت بە زەردەخەنەکانی ، ئاگری خۆشەویستی هەڵدەکات .. بە ئەنقەستیش دەیەوێت ، بە فرمێسکەکانی بیکوژێنێتەوە .
( پێغەمبەر محـەمەد ـ د . خ ) : زەردەخەنەکەت لە رووی براکەتدا .. چاکەیە .
( ونستۆن چەرچل ) : ئەو پیاوم خۆش دەوێت .. کە لە تێکۆشاندا زەردەخەنە بکات .
( تاگـوور ) : تەنها زەردەخەنەیەک بەسە .. بۆ ئەوەی بەبێ خەرجی دڵی خەڵکی شاد بکەیت .
( لارشـفۆکۆ ) : زەردەخەنە ، زمانێکی جیهانییە بۆ دەروون پاکان .
( ستیـڤان جـەزال ) : زەردەخەنە پێویستییەکی کۆمەڵایەتییە .
( ئەلفرێد دلاموسیا ) : جوانترین زەردەخەنە لە ژیاندا ، ئەو زەردەخەنەیەیە ، کە بە ناوەراستی فرمێسکەکاندا رێی خۆی بکاتەوە .
( ئەناتۆل فرانس ) : زەردەخەنە ، بئ ئارامی و ، گرفتەکانی ژیان کەم دەکاتەوە و ، ناسۆرییەکانه دەروونیش ساڕێژ دەکات .
( شەکسپیر) : بە زەردەخەنەیەک رێگای خۆت بکەرەوە .. باشترە لەوەی کە بە زەبری شمشێرەکەت بیکەیتەوە .
( ڤیکتۆر هۆگۆ ) : ئەوەی بتوانێت زەردەخەنە بخاتە سەر لێوی ئافرەت .. نیوەی رێگای بەرەو دڵی بڕیوە .
( برنادشۆ ) : زەردەخەنە ، ناونیشانی هەستە ، هەستیش ناونیشانی مرۆڤایەتییە .. ئەگەرچی شەیتان کە لە بەهەشت دەرکرا .. زەردەخەنەیەکی کرد .
( تاگوور) : هێزی خوای گەورە لە زەردەخەنەیەکی ناسک دایە ، نەک لە زریانێکدا.
( شارلز گۆردی ) : زەردەخەنە هەرزانترین پێویستییە ، بۆ گۆڕینی رووخسارت .
( لی میلدون ) : ئەگەر خەڵکی زەردەخەنەیەکی قووڵت لێ بەدی بکەن .. بە دەگمەن لەجلوبەرگە کۆنەکانت دەڕوانن .
( ئەندریە روونی ) : ئەگەر کەست لانەبێت و ، لەبەر خۆتەوە زەردەخەنە بکەیت .. واتا زەردەخەنەکەت بە راستییە .
( ڤۆڵتـێر ) : زەردەخەنە ، شەختە دەتوێنێتەوە و ، خۆشی دەپرژێنێت و ، زامەکان ساڕێژ دەکات .. زەردەخەنە کلیلی پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانە .
( کارل سانبرگ ) : زەردەخەنەی ئافرەت تیشکێکە ، کە خێرایەکەی لە خێرایی تیشکی خۆر زیاترە .
( دایـکە تیرێـــزا ) : ئاشتی بە زەردەخەنەیەک دەست پێ دەکات .
( مارتن تشارنین ) : بە شێوەیەکی جوان دەرناکەویت ، تا زەردەخەنە نەکەیەت .
( ئۆسکار وایڵد ) : جوانە هاوڕێتی بە زەردەخەنە دەست پێ بکات .. جوانتریش ئەوەیە کە بە زەردەخەنەش کۆتایی بێت .
( جاکسـۆن بـراون ) : زەردەخەنە بە خەڵکی ببەخشە .. لەوانەیە ئەمە باشترین دەسکەوتی ئەو رۆژەی یەکێکیان بێت .
( لابـرۆ بیر ) : روو بە زەردەخەنە بە و ، قسەت نەرم بێت .. لە لای خەڵکیدا ، لەو کەسانە خۆشەویستر دەبیت .. کە زێڕیان پێ دەبەخشن .
( جۆرج ئەلیۆت ) : زەردەخەنە ، هاوڕێت بۆ دەهێنێت .. بەڵام رووگرژی و مۆنی لۆچی دەموچاوت بۆ دەهێنێت .
( شەکسپیر ) : ئافرەت بایی هەموو نەهامەتییەکان فرمێسکی لا هەیە و .. بایی هەموو خۆشییەکانیش زەردەخەنەی لا هەیە .
( فیلیس دیلەر ) : زەردەخەنە ئەو چەماوەیەیە .. کە هەموو شتێک راست دەکاتەوە .
( کریستینا روزبتی ) : بیربکەیتەوە و ، زەردەخەنە بکەیت .. زۆر باشترە لەوەی ، کە بیهێنیتەوە یادت و غەم بخۆیت .
( جیـم بگز ) : پێش ئەوەی رووت کرژبکەیت و ، لۆچ بخەیتە دەموچاوتەوە .. دڵنیابە لەوەی کە هیچ شتێک نەماوە ، کە ببیتە مایەی زەردەخەنەکردن .
( شەکسپیر ) : کە دزیلێکراو زەردەخەنە بکات .. ئەوا شتێک لە دزەکە دەدزێت .
( جـۆرج ستیوارد ) : ئەوەی دەتەوێت بە تۆقاندن بەدەستی بهێنیت .. دەتوانیت بە زەردەخەنە بە دەستی بهێنيت .
( گۆتــە ) : کە دەموچاوی ژن لۆچی تێ بکەوێت .. زەردەخەنەکانی کەم دەبنەوە .
( شەکسپیر) : ئەوەی بە هێز بۆت وەرناگیرێت .. دەتوانیت بە زەردەخە وەری بگریت.
( ولیام فیاتەر ) : ئەگەر پیاوێک زەردەخەنەی لەسەر لێودا بێت و .. بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە .. بە دڵنیاییەوە داوای پارەی لێ دەکەن .
نەرويــچ : ٣/ ١١/ ٢٠١٣

Share