Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
سێ کورتە چیرۆک بۆ منداڵان گۆڕینی : رەزا شوان

raza shwan١ـ مێـروولە و کوللـە
میروولەیەک لە هاوینەدا ، خەریکی کۆکردنەوەی دانەوێڵە بوو .. دەیبردەوە بۆ شارەکەی .. دانەوێڵەیەکی باشی کۆکردەوە .. بۆیە غەمی هاتنی زستانی نەبوو .
رۆژێکی زۆر ساردی پایز ، کوللـەیەک لە دەرگای ماڵی مێروولەکەی دا .. داوای خواردنی لە مێروولەکە کرد .
مێروولەکە : ئەی هاوینی رابردوو چیت دەکرد .. ؟
کوللـەکە : بە درێژایی هاوینی رابردوو .. گۆرانیم دەوت .
مێروولەکە : دەبـڕۆ بە درێژایی زستانی داهاتووش .. هەر هەڵپەڕە .
پێشی گوت : " ئەوشت لە بیر نەچێت ، پێویستە هەموو کاتێک مرۆڤ خۆی بۆ بەیانی ئامادە بکات .. "

٢ ـ قازێکی هێلکەزێڕ
جوتیارێک قازێکی هەبوو .. رۆژێک لە رۆژان ، قازەکەی هێلکەیەکی سادە زێڕی کرد .. لەو رۆژەەوە بەدواوە ، قازەکە هەموو رۆژێک هێلکەیەکی زێڕی تری دەکرد .. جوتیارەکە دەوڵەمەند .. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، زۆر چاوچنۆک بوو .
جوتیارەکە رۆژێکیان ، بیرۆکەیەکی خراپی بە بیردا هات و .. گوتی :
" من بۆ هەموو رۆژێک ، چاوەڕێی ئەوەبم تا قازەکەم هێلکە زێڕەکەی دەکات .. ئەی بۆ سەری نەبڕم و ، سکی هەڵنەدڕم .. بە جارێک هەموو هێلکە زێڕەکانی ناو سکی دەردەهێنم .. "
جوتیارەکە ئەم بیرۆکە خراپەی جێبەجێکرد .. قازەکەی سەربڕی و .. سکی هەڵدڕی .. بەڵام هیچ هێلکەیەکی زێڕی ، لە سکی قازەکەدا نەدۆزییەوە .

٣ ـ هەڵــــۆ و کۆتـــر
رۆژێک مێردمنداڵێک ، کوترێکی بینی ، کە هەردوو باڵیان کردبوو .. کۆترەکە نەیدەتوانی هەڵبفڕێت .
مێردمنداڵەکە لەبەرخۆیەوە گوتی : " ئەم کۆترە بەسزمانە ، چۆن خواردنی دەست بکەوێت ، بۆ ئەوەی بژی ؟ "
زۆری پێ نەچوو ، هەڵۆیەک لە بەردەم کۆترەکەدا نیشتەوە .. نێچیرێکی بە دەنووک هەڵگرتبوو ، نێچیرەکەی لە بەردەم کۆترەکەدا دانا .. کۆترەکە دەستی بە خواردنی کرد و تێری خوارد .
مێردمنداڵەکە .. بیری لەوە کردەوە ، کە خوا توانای هەموو شتێکی هەیە .. خوارن بە هەموو گیانلەبەرێک دەدات .. بۆیە گوتی :
" من بۆ دابمێنم و بیر لە بژێوی ژیانم بکەمەوە .. ؟ چیم بوێت خوا پێمی دەبەخشێت .. "
مێردمنداڵەکە بڕیاری دا ، کە لە ماڵەوە دابنیشێت و ، هیچ نەکات .. رۆژان هاتن و تێ پەڕین .. مێردمنداڵەکە هیچی بۆ نەهاتە ماڵەوە .
پیاوێکی دانا هات بۆ لای و پێی گوت : " رۆڵەی شیرینم ، تۆ دوو باڵندەت بینی .. یەکێکیان کۆترێکی برینداری باڵکراوبوو ، ئەوی تریان هەڵۆیەک بوو .. بۆ حەزدەکەیت وەکو کۆترەکە بيت .. ؟ ئەی بۆ بیرناکەیتەوە ، کە وەکو هەڵۆکە بيت .. ؟ کە تەنها خۆی تێرناکات ، بەڵکو ئەوانەش تێردەکات کە پێویستیان بە یارمەتیدان هەیە .. "

(*) چیرۆکی یەکەم و دووەم لە ( نەرویجی ) یەوە گۆڕیومن بۆ سەر زمانی کوردی.
بەڵام چیرۆکی سێیەم لە ( عەرەبی ) یەوە گۆڕیومە بۆ کوردی .

Share