Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ئاى میلله‌تێكى چه‌نده‌ سه‌یرین !ستیڤان شه‌مزینانى

nori_maliki"ئه‌م وتاره‌ پێنج ساڵ و چوار مانگ پێش ئێستا بلاَوكراوه‌ته‌وه‌، حه‌زده‌كه‌م خوێنه‌ران به‌ وردیی بیخوێننه‌وه‌ و به‌راووردی بكه‌ن به‌ دیمانه‌كه‌ی مالیكی له‌ كه‌ناڵی نالیا، ئه‌وساش كۆمێنتی خۆیان بده‌ن".

*سه‌رهه‌نگ (موعه‌مه‌ر قه‌زافى) له‌ هه‌ندێ وڕێنه‌دا ده‌ڵێت: كورده‌كان مافى ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى به‌كرده‌وه‌ هیچ نیشان بدات، له‌ ده‌سپێكدا كتێبه‌ بێ سه‌ره‌و به‌ره‌كه‌یمان كرد به‌كوردیى (كتێبى سه‌وز)، گۆڕه‌پانێكى گه‌وره‌ش له‌ شاره‌كه‌ماندا (سلێمانى) ناو ده‌نێیین (گۆڕه‌پانى براى سه‌ركرده‌ موعه‌مه‌ر قه‌زافى)، هه‌ندێ كوردى بێ ئاوه‌زیش ده‌مێك ده‌یكه‌نه‌ سوارچاكى هۆزى هه‌مه‌وه‌ندو ده‌مێكى تر پیاوماقووڵى جافى میكایه‌ڵى. كه‌چى تاكه‌ گه‌نجێكى بیست سالێنى شارى سلێمانى نییه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ شه‌ریف پاشای كوڕى شاره‌كه‌ى خۆى بناسێ،چون ناوى ئه‌م زاته‌و بنه‌ماڵه‌كه‌ى (خه‌ندان) له‌ كوله‌كه‌ى ته‌ڕیشدا نییه‌، كه‌ناڵه‌كانى ته‌له‌فزیۆنیش له‌به‌ر به‌رنامه‌ى بێ له‌زه‌ت ماوه‌یان نییه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ى ئه‌م سه‌ركرده‌و دیبلۆماتكاره‌ گه‌وره‌یه‌ى كورد.
*خه‌ڵكانێكى خڵه‌فاو هاتوون به‌شانء شكۆى (مێجه‌رسۆن)دا هه‌ڵده‌ده‌نء پێیانوایه‌ سۆن به‌خاترى كورد دۆستى رۆژنامه‌ى (تێگه‌یشتنى راستى) ده‌ركردووه‌، هه‌نێكى تر ده‌ڵێن پایه‌دار (مێجه‌رنۆئێل) خه‌مخۆرى كوردان بوو، به‌عزێكى تر (ئه‌دمۆنز) له‌ قازى محه‌مه‌د به‌كورد په‌روه‌رتر داده‌نێن. ئاخر ئه‌مانه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رى داگیركه‌رى به‌ریتانیی بووبن ئیدى هه‌ر كارێكیان كردبێ له‌به‌ر خاترى چاوى كاڵى كورد نه‌بووه‌، به‌ڵكو بۆ خۆڵكردنه‌ چاو بووه‌. مادام سۆنء نوئێلء سێركۆكس به‌كوردء مامۆستاى كوردایه‌تى ده‌رچوون، دوور نییه‌ دواى سه‌ده‌یه‌كى تر نه‌وه‌كانمان په‌یكه‌ر بۆ عه‌لى كیمیایىء كاكل ئاغاو نزار خه‌زره‌جىء عه‌بدوڵلێ عه‌باس دروست نه‌كه‌ن.
*هه‌ندێك گومڕا ده‌ڵێن شێخ مه‌حمودى حه‌فید له‌كاتى ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌فه‌سه‌ره‌ ئینگلیزه‌كاندا فه‌قیانه‌كه‌ى له‌ ده‌ستییه‌وه‌ ئالێندووه‌ تا گلێو نه‌بێ، چونكه‌ ئه‌وان كریستیان بوون. من پێرێ له‌ پاسێكدا گوێم له‌م قسه‌یه‌ بوو كه‌ پێموایه‌ زۆر ده‌مێكه‌ باوى نه‌ماوه‌، به‌لێم سه‌یر له‌وه‌دا بوو براده‌رێكى نووسه‌ر دواى نۆشینى نیوقاپ شه‌راب هه‌مان شتى وت، ئێستا كاتى خۆیه‌تى بپرسین ئه‌گه‌ر شێخى نه‌مر ئینگلیزى ئه‌هلى كیتابى به‌گلێو له‌ قه‌ڵه‌مدابێت، ئه‌ى چیداوه‌ له‌وه‌ى نامه‌ بۆ شووره‌وى بێ ئاینء (لینین)ى كۆمۆنیست بنووسێ؟ ئایا ئه‌و هه‌ڤالێنه‌ ناوى ته‌واوه‌تى سه‌رجه‌م شالیاره‌كانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى شێخ ده‌زانن؟ ئه‌گه‌ر بیزانن یان نا كێشه‌ نییه‌، به‌لێم با تۆزێك خۆیان ماندوو بكه‌نء شتێك له‌باره‌ى وه‌زیرى خه‌زنه‌و دارایى زانیاریى په‌یدا بكه‌نء بزانن كێ بوو؟ كه‌ریمى عه‌له‌كه‌ى كریستیانى خه‌ڵكى سلێمانى بوو. ئایا ده‌كرێ شێخ له‌لایه‌ك مه‌سیحى به‌گلێو بزانێء له‌لایه‌كى تر مه‌سیحى بكاته‌ وه‌زیرى خۆى؟ ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر عه‌قڵى سه‌یرى كوردیى نه‌بێ كێ سه‌ر له‌م گێژه‌نه‌ ده‌رده‌كات؟.


*جارانء ئێستاشى له‌سه‌ر بێت هه‌ندێ حیزب، یه‌كێك به‌بیانووى چه‌پء پێشكه‌وتووخوازیىء ئه‌ویتریان به‌ پاساوى مرۆڤدۆستىء ئاینى، له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى په‌یڕه‌و پڕۆگرامى پارته‌كانیاندا ده‌یانووسى: به‌ڵێ بۆ ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى فه‌له‌ستین، نا بۆ داگیركه‌رى سه‌هیۆنىء ئیمپریالیزم، كه‌چى هه‌ر ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ولێته‌كه‌ى خۆیان داواى ئۆتۆنۆمییان ده‌كرد، سه‌یرى ئه‌م قوڕمساخییه‌ تۆ ئازادیى به‌خۆت ره‌وانابینى كه‌چى بۆ خه‌ڵكى ترى داوا ده‌كه‌ى! ده‌ى توخوا ئه‌مه‌ش سه‌یرییه‌كى ترى میلله‌تى ئێمه‌ نییه‌؟.


*جه‌واهیرى له‌ شیعرێكیدا ده‌ڵێت: دڵم بۆ كوردستان .... له‌سه‌ر كلێوه‌كه‌شى نوسیبوو كوردستان. به‌بڕواى من ئه‌مه‌ هه‌ڵوێستێكى جوامێرانه‌ى ئه‌و شاعیره‌ بوو، بۆیه‌ نه‌نگى نییه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش ئه‌ومان خۆش بوێ، هه‌نووكه‌ له‌ هه‌ردوو شارى سلێمانىء هه‌ولێر دوو په‌یكه‌رى برۆنزیى به‌ حیمایه‌وه‌ بۆ دانراوه‌، سه‌یر بكه‌ كه‌م چیرۆكنووسء شاعیرى نه‌وه‌ى پێشوو هه‌یه‌، شیعرێك یان چیرۆكێكیان بۆ فه‌له‌ستین نه‌نووسیبێء پشكدار نه‌بووبن له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌ده‌بى مقاوه‌مه‌دا. ئه‌م نووسه‌رانه‌ى ئێمه‌ نه‌ك له‌ فه‌له‌ستین په‌یكه‌ریان بۆ دروست نه‌كراوه‌، به‌ڵكو عه‌ره‌ب هه‌ر بێزیشى نه‌هاتووه‌ به‌رهه‌مه‌كانیان بۆ سه‌ر زمانى عه‌ره‌بى وه‌ربگێڕێ، هێشتاش ئێمه‌ خۆمان به‌ قه‌رزارى عه‌ره‌بء هه‌ڵوێستى هه‌ندێك له‌ رۆشنبیره‌كانیان ده‌زانین. ناهه‌قمه‌ ئه‌گه‌ر رووى ده‌مم بكه‌مه‌ هه‌موو كوردێكء بڵێم ئایا به‌ڕاستى ئێمه‌ میلله‌تێكى سه‌یر نین؟.


*سه‌ره‌تاى شه‌سته‌كانء شۆڕشى ئه‌یلول، ژه‌نه‌ڕاڵ مسته‌فا بارزانى كاتێك بڕیاریدا ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نێت بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ رژێمى ئه‌وكاتى عێراق، باڵى مه‌كته‌بى سیاسى (جه‌لالى) كردیانه‌ ده‌نگه‌ ده‌نگء هاتوهاوار لێى، گوایه‌ ئه‌مه‌ پلانى ژێر به‌ژێرى زایۆنیزمه‌و مه‌لامسته‌فا كوردى فرۆشتووه‌ به‌سێو ء پرته‌قاڵ. كه‌چى ماوه‌یه‌كى زۆرى نه‌برد، خۆیان بوونه‌ جاشى هه‌مان ئه‌و رژێمه‌و به‌ چه‌كء تانكء تۆپى به‌عس نیشتمانى خۆیان كرده‌ سوتماكء شاخء چه‌مء دۆڵى كوردستانیان وه‌ك ده‌نوكى كه‌و سوور ده‌كرده‌وه‌، هێشتا پێیان عه‌یب نه‌بوو. زۆرجاریش گوێم له‌وه‌ ده‌بێت، ده‌ڵێن نابێ بوترێ جه‌لالى یان باڵى مه‌كته‌ب سیاسى ده‌بێ بوترێ باڵى مۆدێرنى دژ به‌باڵى پارێزگار. ئاى میلله‌تێكى چه‌نده‌ سه‌یرین، به‌تێپه‌ڕبوونى مێژوو خیانه‌ته‌كان نه‌ك هه‌ر كاڵ ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌گۆڕێن بۆ خزمه‌تء ولێتپارێزیى، له‌وانه‌یه‌ سه‌ده‌یه‌كى تر شێخ چۆپىء ته‌حسین شاوه‌یسء قاله‌ فه‌ره‌جء ئه‌رشه‌د زێباریش به‌ خه‌باتگێڕ له‌ كتێبى مێژووى خوێندنگه‌كاندا ناویان تۆماربكرێت!.


*لارییم له‌ خه‌باتى رێبه‌رى مه‌زن مه‌لا مسته‌فا بارزانى نییه‌، كه‌چى ئه‌و سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ ولێته‌كه‌ى خۆیدا ئه‌سپه‌رده‌ كرابوو (شارى شنۆ)، به‌لێم سه‌ركردایه‌تى پارتى بڕیاریدا ته‌رمه‌كه‌ى له‌پاڵ ته‌رمى جوانه‌مه‌رگ (ئیدریس بارزانى) دا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ زێدى له‌دایك بوون (گوندى بارزان). له‌كاتى ئه‌م هاتنه‌وه‌یه‌شدا جه‌ماوه‌ر خرۆشاو به‌تاسه‌وه‌ پێشوازیى له‌ ته‌رمه‌كانیان كرا، به‌لاى منه‌وه‌ ئه‌مه‌ شتێكى ئاسایى بوو خۆ ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌كه‌شى له‌ شنۆ بمایاته‌وه‌ هه‌ر ئاسایى بوو، چونكه‌ شارێكى كوردییه‌ء مه‌لا مسته‌فاش به‌ گشتى شۆڕشگێڕى هه‌ر چوار پارچه‌كه‌ى كوردستان بووه‌، به‌شداریكردنى ئه‌و له‌ كۆمارى دیموكراتى كوردستاندا به‌ڕێبه‌رى قازى محه‌مه‌د به‌ڵگه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌. به‌لێم ئایا سه‌ركردایه‌تى كورد بۆ ئه‌قڵى به‌وه‌ناشكێ چنگێ خۆڵء لم له‌ بیابانه‌كانى سعودیه‌وه‌ هه‌ڵبگرێء ناوى لێبنێ رۆفاتى پیرۆزى شێخ عوبه‌یدوڵلێى شه‌مزینانىء بێگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ولێتء له‌ چیاكانى كوردستان وه‌ك هێمایه‌كى خه‌بات دایبنێ؟ ئایا كامیان گرنگه‌ ئێسكء پروسكى سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ خاكى عه‌ره‌ب رزگار بكه‌ین یان ته‌رمى سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكى دى كوردستان وه‌گوێزینه‌وه‌؟ ئایا ئێمه‌ میلله‌تێكى سه‌یرو غه‌ریب نین، ئه‌وه‌نده‌ دڵڕه‌قین له‌گه‌ڵ دڵسۆزانى ولێته‌كه‌ماندا؟.
*مام جه‌لال پیاوێكى سیاسىء سه‌ركرده‌یه‌كى ناسراوه‌، كه‌ هه‌ڵیانبژارد بۆ سه‌ركۆماریى عێراق نه‌ك كورد، به‌ڵكو زۆرێك له‌ بیانییه‌كانیش به‌لایه‌قتترینء شایسته‌ترین كه‌سیان زانى بۆ ئه‌و پۆسته‌. به‌لێم ئه‌گه‌ر مام جه‌لال ده‌ئه‌وه‌نده‌ى تر شایسته‌ تر بوایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و پۆسته‌، به‌ده‌نگء سه‌نگى میلله‌تى كورد نه‌بوایه‌ پێى نه‌ده‌خسته‌ كۆشكى كۆمارییه‌وه‌. ساتێ مام جه‌لال بووه‌ سه‌ركۆمار شایىء لۆغانى له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ بنى دنیا درێژبۆیه‌وه‌و وه‌ك رۆژى 7/3/1991 زه‌ماوه‌ندمان گێڕا، كاتێك كه‌ناڵێكى عه‌ره‌بى چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌ڵ سازداو پێیان وت ده‌یانه‌وێ وه‌ك كابرایه‌كى خۆش مه‌شره‌بء نوكته‌ باز، چه‌ند نوكته‌یه‌كیان بۆ بگێڕێته‌وه‌، كه‌چى ئه‌و ده‌پانزه‌ نوكته‌ى له‌سه‌ر كورد گێڕایه‌وه‌ء هه‌موو جارێكیش ده‌یووت ((جاء الكردی....)) جا مام جه‌لال له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌داو به‌ده‌نگى كورد چوو بێته‌ ئه‌و پله‌و پایه‌یه‌وه‌، ئاوها گاڵته‌ به‌ گه‌له‌كه‌ىء نه‌ته‌وه‌كه‌ى بكات، ده‌بێ بۆچى دوودڵبین له‌وه‌ى بڵێین ئێمه‌ میلله‌تێكى سه‌یرین، هه‌ر ئه‌م سه‌یرێتییه‌ وایكردووه‌ له‌ مێژوودا نه‌بووینه‌ته‌ هیچ.


*رۆژى 24/12/2006 له‌ ڤیستیڤاڵى په‌نجا ساڵه‌ى كۆچى دوایى شێخ مه‌حموددا (د. ئه‌فراسیاو هه‌ورامى) كۆڕێكى نایابى به‌ڵگه‌نامه‌یى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیى شێخ مه‌حمودء توركه‌كانء رووس پێشكه‌ش كرد به‌ تایبه‌تى ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ى له‌ سۆڤێت ده‌ستى وى كه‌وتبوون. د. ئه‌فراسیاو باسى ئه‌وه‌یكرد دروشمى كرێكارانء گه‌لانى بنده‌ستى دنیا یه‌كگرنى لینینء یارمه‌تیدانى گه‌لانى ژێر ده‌ستى جیهان له‌لایه‌ن شوره‌وى ته‌نیا قسه‌ى رووت بوونء له‌ بوارى كرداریدا خێرێكى بۆ كورد تیانه‌بووه‌. كه‌چى خوێنه‌وارێكى چه‌پى ماركسى كه‌ به‌شه‌خسى زۆرم خۆشده‌وێ زۆر به‌توندیى له‌ جێى خۆى به‌رزبووه‌وه‌و به‌دحاڵیانه‌ وتى: هاوڕێ لینین (وه‌ك ئه‌وه‌ى نانء پیازى له‌گه‌ڵ خواردبێت) قه‌ت پشتى له‌ چه‌وساوه‌كان نه‌كردووه‌و شوره‌وى بێ به‌ڵێن نه‌بووه‌، به‌ڵكو هه‌لومه‌رجى زاتىء عه‌ینى له‌بار نه‌بووه‌ تا یارمه‌تى راسته‌وخۆى خه‌باتى گه‌لى كورد بده‌ن. بیرده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌م هاوڕێیه‌ نه‌باڵیۆزى روسیایه‌و نه‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى حیزبى به‌ڵشه‌ویكء نه‌ نوێنه‌رى (هاوڕێ لینین) یان (هاوڕێ ستالین)!، ئیتر ئه‌م داكۆكییه‌ كوێرانه‌یه‌ چییه‌ له‌ سۆڤێتى گۆڕ به‌گۆڕ؟ لینین زیندوو بكه‌ره‌وه‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێ كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌و رووه‌وه‌. كه‌چى كورده‌ كۆمۆنیسته‌كان هێشتا مكوڕن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داكۆكى له‌و هه‌ڵه‌و بێ باكییه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن كه‌ سۆڤێت دژى گه‌له‌كه‌یان هه‌یبووه‌، ئایا له‌مه‌شیاندا قسه‌كه‌ى من راست نه‌بوو كه‌ ده‌ڵێم ئێمه‌ میلله‌تێكى سه‌یرین؟!.


*ئێمه‌یڵێكم بۆ هاتبوو، له‌به‌ر پاشگرى (شه‌مزینانى) دواى ناوه‌كه‌م له‌برى خۆم یه‌ك ملیۆن جنیۆى ناشیرینى به‌ شێخ عوبه‌یدوڵلێى نه‌هرى (شه‌مزینانى) دابوو، ئه‌وى به‌ خائینء فیوداڵێكى بێ عه‌قڵ له‌ قه‌ڵه‌مدابوو، پێم سه‌یر نییه‌ كه‌سێكى ئاسایى به‌تاوانى یه‌ك تاكه‌كه‌سى شه‌مزینانى هه‌موو شه‌مزینانییه‌ك به‌ تایبه‌تى ناسراوترینیان ده‌سوتێنێ، چونكه‌ تازه‌ به‌تازه‌ هه‌ردوو مێژوونووسه‌ زیته‌ڵه‌كه‌مان (د. كه‌مال مه‌زهه‌ر- د. فوئاد حه‌مه‌ خورشید) ده‌ڵێن: داواى لێبوردن له‌ هۆزى سه‌ربه‌رزى هه‌مه‌وه‌ند ده‌كه‌ین كه‌ به‌ خائین له‌ قه‌ڵه‌ممان دابوون!! ئاخۆ كێ به‌ ئێوه‌ى وتووه‌ به‌تاوانێك كه‌ (موشیرى حه‌مه‌ى سڵێمان) كردوویه‌تى یه‌ك هۆزى گه‌وره‌ تۆمه‌تبارء گوناهبار بكه‌ن به‌منداڵى سه‌ر بێشكه‌شیانه‌وه‌.جا ئه‌گه‌ر مێژوو نووسه‌كانمان به‌م ته‌سكبینىء بێ ئه‌قڵییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌ته‌ك رووداوه‌ مێژووییه‌كاندا بكه‌نء بیرى لێبكه‌نه‌وه‌، لێم مه‌گرن له‌ جیاتى یه‌ك تاكه‌ جار یه‌ك ملیۆن ده‌فعه‌ بڵێم ئاى چه‌نده‌ میلله‌تێكى سه‌یرو سه‌رسوڕهێنه‌رین!.


*مێژوونووسێكى عه‌نتیكه‌ (د. فوئاد حه‌مه‌ خورشید) له‌ دۆزینه‌وه‌یه‌كى نوێداو له‌ تاقیگه‌ى مێشكیدا تازه‌ به‌تازه‌ بۆى ده‌ركه‌وتووه‌ (موشیرى حه‌مه‌ى سڵێمان) خائین نه‌بووه‌!! به‌ده‌لیلى ئه‌وه‌ى له‌ جه‌نگێكدا به‌ باشى رێنوێنى هێزه‌كانى به‌ریتانیاى نه‌كردووه‌، به‌لێم وى له‌بیرى چووه‌ (موشیر) چاوساغء جاشى سوپاى ئینگلیز بووه‌و چۆته‌ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردء ده‌ستى گرتوون بۆ قولێیى شاخه‌كانء ناوچه‌كانى ژێر ده‌سه‌لێتى خه‌باتگێڕانى كورد. ئه‌گه‌ر تازه‌ترین دیكۆمێنتء لێكۆڵینه‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ بسه‌لمێنێ (موشیر) خائین نییه‌، كه‌واته‌ ده‌بێ چاوێك به‌ بیركاریشدا بخشێنینه‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێ گومان له‌وه‌ش بكه‌ین یه‌ك زائید یه‌ك یه‌كسان بێت به‌دوو، ده‌بێ له‌ولاشه‌وه‌ جێگه‌یه‌ك بۆ شێخ مه‌حمود بكه‌ینه‌وه‌و پێناسى بكه‌ین چییه‌؟. ئایا ئه‌گه‌ر (موشیر) خائین نه‌بووبێ كه‌واته‌ شێخ مه‌حمود چی بووه‌؟ بێ شك شێخ یان موشیر یه‌كێكیان خائینن، گه‌ر به‌قسه‌ى ئه‌و دكتۆره‌ به‌ڕێزه‌ بێ شێخ خائینه‌ نه‌ك موشیر مادام هێڵه‌كانى نه‌ته‌وایه‌تی و ولاَتپارێزیی له‌گه‌ڵ خیانه‌ت تێكه‌لێو بوونء به‌ ئاسته‌م ده‌توانین لێكیان جودا بكه‌ینه‌وه‌، كه‌واته‌ ئێمه‌ میلله‌تێكى لاژكء گه‌مژه‌ینء ناهه‌قم مه‌گرن ئه‌م كه‌ره‌ته‌ش بڵێم ئێمه‌ میلله‌تێكى زۆر سه‌یرین!!.
*سۆفۆكلیس- وتوویه‌تى (سه‌یره‌كاى دنیا زۆرن، به‌لێم له‌ هه‌موویان سه‌یرتر ئاده‌میزاده‌)، به‌لێم ئه‌گه‌ر سۆفۆكلیس نوكه‌ له‌ ژیاندا بمابایه‌ء له‌ نزیكه‌وه‌و تاسه‌ر مۆخ كوردى بناسیبا، رسته‌كه‌ى به‌مجۆره‌ ته‌واو ده‌كرد "سه‌یره‌كانى دنیا زۆرن، به‌لێم له‌ هه‌موویان سه‌یرتر ئاده‌میزاده‌، سه‌یرترین ئاده‌میزادیش كورده‌".
* ئه‌م وتاره‌ له‌ژماره‌ (35) رۆژنامه‌ی(نێوه‌ند) له‌ رۆژی 18-1-2007 بلاَوبووه‌ته‌وه‌.

Share