Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
HPG: شەمزینان لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا نەماوە

shamzizna_hakariهه‌واڵێكی ئێجگار خۆش.. شه‌مزینان له‌ سوپای تورك پاك كرایه‌وه‌

HPG: شەمزینان لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا نەماوە

بەختیار دۆغان: ئامانجی HPG کۆتایی هاتن به داگیرکاری کوردستانە

ساکار عەبدوڵڵازادە

رووداو- قەندیل

گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل دەڵێ شەمزینان لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا نەماوە و گەریلاکانمان سەرجەم سەربازگەکانی سوپا لە شەمزینانیان گەمارۆ داوە.

بەختیار دۆغان، گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل HPGی باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK، لە هەڤپەیڤنێکدا لەگەڵ (رووداو) سەبارەت به شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی شەمزینان رایگەیاند "شەمزینان ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی سوپای تورکیا دەرچووە و لە لایەن گەریلاکانی HPG کۆنتڕۆڵ دەکرێت. زۆربەی سەربازگەکانی سوپای تورکیا لە شەمزینان لە لایەن گەریلاکانەوە گەمارۆ دراوە و ناتوانن لە شوێنی خۆیان بجوڵێن. هەلیکۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاش چەندین جار ویستوویانە دەربازی ناوچەکە بن بەڵام بەهۆی هێڕشەکانی HPG پاشەکشەیان کردووە و تائێستا نەیانتوانیوە ئەو گەمارۆیە بشکێنن".

بەختیار دۆغان راشیگەیاند "شەڕی شۆڕشگێڕی گەریلاکان لە شەمزینان بەردەوامە و وێڕای هەوڵەکانی سوپای تورکیا، تا ئێستاش کۆنتڕۆڵی چەندین ناوچەی شەمزینان لەدەست HPGدایە. لە شەمزینان داگیرکاری بەرەو نەمان دەڕوات و ئێمە هەم گەلی خۆمان لەو ناوچەیە دەپارێزین و هەمیش خەباتی خۆمان بەدژی داگیرکاری لە کوردستان بەرفراوانتر دەکەین. پێویستە ئێمە ئەو تاکتیکە نوێیە لە زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان بەڕێوە ببەین و زیاتر لە هەرکاتێک بەدژی سیاسەتی دژە کوردی حکومەتی تورکیا دەوەستینەوە".

لە 23/07/2012 گەریلاکانی هێزی پاراستنی گەل هێڕشێکی بەربڵاویان بۆسەر سەربازگەکانی ناوچەی شەمزینان دەست پێکرد و لەو رێککەوتەوە تا ئێستا شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە بەردەوامە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی HPG، لە دەستپێکی شەڕە و پێکدادان لە شەمزینان نزیکەی 200 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، بەڵام وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێ "8 سەربازی تورکیا و 114 گەریلا لەو هێڕشانەدا کوژراون".

گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG لەو بارەوە دەڵێت "ئێمە وەک HPG ئەنجامی هەموو شەڕ و پێکدادانەکان بۆ رای گشتی بڵاو دەکەینەوە بەڵام حکومەتی تورکیا جگە لە هێڕشی سەربازی، هێڕشێکی بەرفراوانی راگەیاندن بەدژی HPG بەڕێوە دەبات. تورکیا خۆی بە دووەمین هێزی ناتۆ دەزانێ بۆیە ناتوانێ ئاماری راستەقینەی کوژراو و برینداربووەکانی بڵاو بکاتەوە و ناچار ئاماری کوژراو و برینداربووانی HPG چەند بەرابەر دەکات و رای گشتی تورکیا سەبارەت به راستی رووداوەکان دەشێوێنێت".

ناوبراو راشیگەیاند "تورکیا رێژەی کوژراوانی خۆی لەو شەڕ و پێکدادانانەدا تەنها 8 کەس راگەیاندووە کە ئەوە دوورە لە راستی. گەریلاکان دەستیان بەسەر چەکی 20 کوژراوانی سوپای تورکیا داگرتووە و بەپێی ئەو 20 چەکە ناڕاست بوونی ئامارەکانی تورکیا بە باشی دەردەکەوێت. ئێستا 8 سەربازی سوپای تورکیا لەلایەن گەریلاکانەوە بەدیل گیراون".

لە 3/8/2012، موراد قەرەیلان، سه‌رۆکی کۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی کۆما جڤاکێن کوردستان KCKسیاسەتی نوێی گەریلاکانی راگەیاند و گوتی "گه‌ریلاکانمان ده‌یانه‌وێت سه‌نگه‌ری خۆیان له‌ هه‌رێمه‌که‌ به‌رفراوان بکه‌ن. ئێستاکە لە (35) کیلۆمه‌تری ناوه‌وه‌دا هێزه‌کانی گه‌ریلا هه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌ چی دی دەره‌وه‌ی سنوور و ناوه‌وه‌ی سنوور مانای نەماوە و بوو به‌ چیرۆک.گه‌ریلاکان له‌ ده‌ڤه‌ره‌کانی نزیکی شه‌مزینان سه‌نگه‌ری خۆیانیان داناوه‌ و هه‌موو هه‌وڵه‌کانی حکومەتی تورکیا بۆ ده‌رخستنی هێزی گه‌ریلا له‌و ناوچانه‌دا بێ ئەنجام بووە".

بەختیار دۆغان لەو بارەوە دەڵێ "حکومەتی تورکیا لە ساڵی 2012شدا درێژە بە سیاسەتی لەناوبردنی گەلی کورد و هێزی گەریلا دەکات. بۆ ئەوەی پرسی کورد هەنگاوێک بۆ پێشەوە ببەین هێڕشێکی نوێمان لەچوارچێوەی شەڕی شۆڕشگێڕی دەستپێکردووە. لە رۆژانی رابردوودا، هێزەکانی HPG سەربازگەکانی چەلی، گردێ، سەرێ سێوی، بلیجان، قاراپاش و ناوەندی 49یان کردە ئامانجی هێڕشەکانی خۆیان و سوپای تورکیا به فڕۆکەی F16 و هەلیکۆپتەری سیکۆرسکی و هاوەن ناوچەکەیان بوردمان کرد. لە ئەنجامی ئەو شەڕ و پێکدادانە 14 گەریلا گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 100 سەربازی سوپای تورکیا کوژران".

گوتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەل HPG ئامانجی خۆیان لەو هێڕشانەی کۆتایی هاتن به داگیرکاری کوردستان ناو برد و رایگەیاند "ئێمە دەمانەوێ کۆتایی به داگیرکاری حکومەتی تورکیا لەسەر کوردستان بێنین. داگیرکاری گەلی کورد دەکوژێت و بەرەو لەناوچوونی دەبات. هەر بۆیە ئێمە بۆ سەلماندنی تاکتیکی نوێمان شەڕی شۆڕشگێڕیمان کە کۆنتڕۆڵ کردنی شەمزینانە دەست پێکرد و ئەو شەڕە بەرفراوان دەکەین. من لەسەر ئەو باوەڕەم کە گەلی کورد خاوەندارێتی لە شەڕی شۆڕشگیڕی HPG دەکات".

بەختیار دۆغان راشیگەیاند "جگە لە شەمزینان گەریلاکانی HPG لە دێرسیم، ئامەد، سەرحەد، بۆتان، هەکاری، شێرناخ و زۆر شاری دیکەی باکووری کوردستان بڵاو بوونەتەوە بەڵام رەوشی شەمزینان جیاوازە و ئێمە تاکتیکێکی نوێ لەو ناوچەیە بەڕێوە دەبەین. بۆ ئازادی گەلی کوردستان پێویستە ئێمە ئەو تاکتیکە بەرفراوانتر بکەین".

Share