Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ...سامان سیوه‌یلی

saman sueliماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ

(له‌ چل ڕۆژی ڕابردوودا دیدارم له‌گه‌ڵ یانزه‌ کچدا سازکردووه‌ که‌ سه‌ردانی سه‌نته‌ری ڕاوێژکاریی خێزانیان کردووه‌ یاخود ڕه‌وانه‌ی لای ئێمه‌ کراون به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان و چاره‌سه‌ری ده‌روونی بۆ حاڵه‌ته‌کانیان ... ئه‌م یانزه‌ کچه‌ به‌جۆرێک له‌جۆره‌کان قوربانی ده‌ستی کوڕه‌ شه‌هوه‌تبازه‌کان بوون، هه‌ندێکیان پاشسێکسیان له‌گه‌ڵدا کراوه‌.. هه‌ندێکیان په‌رده‌ی کچێنیان له‌ده‌ستداوه‌ .. هه‌ندێکیان گه‌یشتبوونه‌ قۆناغی دووگیان بوون .. ته‌نها یه‌کێکیان گه‌یشتبووه‌ ئه‌وه‌ی منداڵیشی بووه‌ .. تێکڕایان کچ بوون و ته‌مه‌نیان له‌نێوان (17 – 21) ساڵ بوو ... دوای تێگه‌یشتن له‌ ناخ و ژانکۆکانیان حه‌زم کرد به‌شێک له‌ ژانکۆکانی ئه‌وان بکه‌مه‌ وشه‌ و پێشکه‌شی خۆیانی بکه‌مه‌وه‌)

سامان سیوه‌یلی
ده‌روونناس

ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... چونکه‌ ماسکه‌ شه‌هوانییه‌که‌ی تۆ منی کرده‌ قوربانی، له‌ پاکیزه‌یی خۆمه‌وه‌ له‌ تۆم ده‌ڕوانی، من نه‌مده‌زانی به‌ ماسکه‌وه‌ خۆشت ده‌وێم .. به‌ ماسکه‌وه‌ خۆت ده‌که‌یت به‌قوربانم.. به‌ ماسکه‌وه‌ به‌ساقه‌ی هه‌ناسه‌یه‌کم ده‌بیت.. ئاخر من چوزانم .. ئه‌وه‌ی ده‌مبینی و ده‌مبیست له‌ تۆ بریتی بوو له‌ ده‌یان هێما و ئاماژه‌ی وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی و هۆگربوون بۆ من، منی به‌سۆز ئاماده‌بووم هه‌موو چرکه‌کانی ته‌مه‌نم به‌ تۆ ببه‌خشم، من له‌ ماسکه‌که‌تدا به‌دوای ئه‌و نه‌خشه‌ ڕێگه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕام که‌ هه‌ردووکمان بگه‌یه‌نێته‌ که‌ناری ئارام و له‌نێو که‌ژاوه‌ی هاوسه‌رگیرییدا ده‌سته‌کانمان له‌ ملی یه‌ک بکه‌ین، ئای له‌و خه‌ونه‌ ڕه‌نگاوڕه‌نگانه‌ی ته‌نیان به‌ خه‌یاڵم هه‌ڵده‌چنی... چه‌نده‌ جوان بوون خه‌ونه‌کانم ... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... بیرته‌ چۆن خۆت ده‌کرده‌ شاسواری خه‌ونه‌کانم؟ چه‌نده‌ به‌ڵێنی هیوابه‌خشت به‌گوێمدا ده‌دا؟ .. ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... من نه‌مده‌زانی له‌ژێر ئه‌و ماسکه‌دا پلانێکی گڵاو هه‌یه‌ تاکو خه‌نجه‌ره‌ شه‌هوانییه‌ ڕه‌په‌که‌ی خۆت له‌ جه‌سته‌ی من گیر بکه‌یت ته‌نها بۆ تێرکردنی ئاره‌زووی خۆت ... ئاخر من ئه‌وه‌نده‌ هۆگرت بووم ته‌نانه‌ت بێباک بووم له‌ خه‌نجه‌ره‌ خوێناوییه‌که‌ی باوکیشم ... ده‌زانی بۆ؟ ... ته‌نها له‌به‌ر خۆشه‌ویستی و وه‌فام بۆ تۆ ... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... ده‌زانی ئه‌و ساتانه‌ی نازت به‌سه‌ردا ده‌کردم و خۆت لێده‌تۆراندم هه‌تاکو ناچارم بکه‌یت ماچێکی لێوه‌کانم بکه‌یت من چه‌نده‌ هه‌ستم به‌ دڵه‌ڕاوکێ و گوناه ده‌کرد .. له‌و ساتانه‌دا بیرم له‌ دایکم و باوکم ده‌کرده‌وه‌ .. بیرم له‌و متمانه‌یه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ خێزانه‌که‌م پێیان به‌خشی بووم .. به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ خۆشمده‌ویستی نه‌مده‌ویست دڵت بشکێنم .. لێوه‌کانم خسته‌ نێو که‌ڵبه‌کانته‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ک خۆت لێده‌تۆراندمه‌وه‌ و داوای سێوه‌کانی باخی سنگه‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌که‌مت ده‌کرد ... که‌ ده‌مگوت بۆ؟ زۆر به‌متمانه‌یه‌کی موزه‌ییه‌فه‌وه‌ پێتده‌گوتم خۆ من و تۆ هه‌ر هاوسه‌رگیریی ده‌که‌ین دواجار چاره‌نووسی سێوه‌کانت نێوان لێوه‌کانی من و ناو له‌پی ده‌ستمه‌ ... ئه‌وه‌شت پێکردم ... به‌مه‌ش نه‌وه‌ستایت ماسکدار ... شمشێره‌ شه‌هوانییه‌که‌ت لێتیژ ده‌کردمه‌وه‌ ... ئینجا که‌وتیته‌ پلان دانان بۆ ئه‌وه‌ی گه‌نجینه‌ی مه‌رامه‌ گڵاوه‌کانت به‌ته‌واوی له‌ مندا خاڵی بکه‌یته‌وه‌ ... هه‌ر ڕۆژه‌ بیانویه‌کت پێده‌گرتم ... هه‌ر ڕۆژه‌ فشارێکت له‌سه‌ر دروست ده‌کردم ... هه‌تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی جیابوونه‌وه‌ت لێده‌کردم .. ماسکه‌که‌ت فڕیده‌ ئه‌ی کوڕ ... ئه‌ی ماسکدار ... من نه‌مده‌زانی تۆ ده‌ته‌وێت به‌خراپ که‌ڵک له‌و هه‌موو هه‌ست و سۆزه‌ی من وه‌ربگریت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئاره‌زووه‌کانت ... هه‌تا ناچارت کردم جه‌سته‌ ناسکه‌که‌م بخه‌مه‌ به‌رده‌می شمشێره‌ شه‌هوانییه‌که‌ت ... ئاااای چۆن به‌م درۆ گه‌ورانه‌ت زیاتر هۆگری خۆتت ده‌کردم .. به‌و فێڵانه‌ت واتلێئه‌کردم نه‌توانم به‌ تۆ بڵێم (نه‌ء) ... هه‌ر به‌مهۆیه‌وه‌ بوو دڵ و مێشک و ده‌روونی منت داگیر کرد .. له‌منیش وابوو جێگه‌ی منیش پایته‌ختی دڵی تۆیه‌، به‌ڵام دوایی زانیم که‌ ئه‌و ماسکه‌ ته‌نها بۆ داپۆشینی خه‌نجه‌ره‌ شه‌هوانییه‌ ڕه‌په‌که‌ت بوو.
ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی نێر ... دوای ئه‌وه‌ی بۆ چه‌ند جارێک ئاره‌زووه‌کانی خۆت به‌ جه‌سته‌ ناسکه‌که‌م دامرکانده‌وه‌ ئیدی لای تۆ شتێک نه‌ما به‌ناوی خۆشه‌ویستییه‌وه‌ ... ئیدی من له‌به‌رچاوتدا له‌ سۆزانییه‌ک زیاتر هیچی تر نه‌بووم ... ئاااای چۆن تووشی خورپه‌یه‌کی ده‌روونی گه‌وره‌ت‌ کردم ... دنیات له‌به‌رچاومدا تاریک کرد ... نه‌ ئاگام ‌ له‌خوێندن ما ... نه‌ له‌ هاوڕێکانم ... نه‌ له‌ خێزانه‌که‌م ... چه‌نده‌ فرمێسکی په‌شیمانیت پێڕشتم ... ئیدی په‌نا بۆ کێ ببه‌م تاکو مافی خۆمت لێوه‌ربگرمه‌وه‌؟ به‌ دایکم بڵێم یان به‌ باوکم؟ به‌ براکانم بڵێم یان به‌ خوشکه‌که‌م؟... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... هێنده‌ سته‌مکار بوویت که‌ پاش ئه‌وه‌ی خۆت جیاکرده‌وه‌ و به‌مه‌رامی گڵاوی خۆت گه‌یشتیت لای هاوڕێیه‌کیشت باست کردبوو که‌ ئه‌مڕۆ سۆزانییه‌کم فت کرد ... ئه‌ی نه‌تده‌زانی من سۆزانی نه‌بووم و شه‌یدای تۆ بووم وه‌ک مرۆڤ چونکه‌ له‌ ماسکه‌که‌ی سه‌رتدا نیگاری عاشقێکی شه‌یدام ده‌بینی نه‌ک کوڕێکی چڵێسی سێکسباز ... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... ده‌زانی من ئێستا له‌ چ چاره‌نووسێکدام؟ ده‌زانی من چۆن ده‌تلێمه‌وه‌ به‌ ئازاره‌کانی جه‌سته‌ و ده‌روونمه‌وه‌؟ ده‌زانم ئه‌گه‌ر پێشتبڵێم به‌ هیچ ڕاناچڵه‌کێیت چونکه‌ ته‌نها مرۆڤه‌ به‌ویژدانه‌کان ڕاده‌چڵه‌کێن ... به‌ڵام هه‌ر پێت ده‌ڵێم ئێستا چاره‌نووسم چۆنه‌ ... ئێستا له‌نێوان شمشێره‌ شه‌هوانییه‌که‌ی تۆ و شمشێره‌ خوێناوییه‌که‌ی ده‌ستی باوکمدا ژیان ده‌به‌مه‌ سه‌ر ... باش بزانه‌ هه‌ردوو شمشێره‌که‌ش به‌ده‌ست ئێوه‌ی نێره‌وه‌یه‌ ئه‌ی ماسکدار .... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی کوڕ ... ماسکه‌که‌ت فڕێده‌ ئه‌ی نێر.

Share