Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
کورتە چیڕۆک ...مستەفا رابەر: لەندەن

 paiv کورتە چیڕۆک  ... مستەفا رابەر: لەندەن

مام هەمزە پیاوێکی فرەوێژی بەتەمەنی پشتکوڕی قسەخۆش بوو ئێواران پشتی بەدیواری مزگەوتی گوندەکەوە دەنا بەهۆی دەژمنداری بە هەستیاری ووریای هاتو چۆی ڕێبواران بوو ، سێ ڕێچکانە و دامەی لەگەل دۆستەکانی دەکرد ناوە ناوەش بەئەسپایی بە دەنگە گڕەکەی لاوکی دەگۆتن یان ئەگەر کەسێک تاقەتی هەبوایە گوێی لێبگریت بەسەرهاتی ڕۆژە سەختەکانی زیندانی خۆی دەگێڕانەوە بێئەوەی شەرم لەڕابردوی خۆی بکات وێڕا دەچوو:

پاش ئەوەی دادگا بڕیاری سزای قورس بەسەرما سەپاند هەفتەیەکی نەبرد پۆلیس بەقۆڵ بەستراوی پێ لەزنجیر ڕادەستی فەرمانگەی بەندیخانەی ئەبو غرێب یان کردم ...سەرەتا بەنیگەرانی و دڵەڕاوکێ چاوێکم بەقاوشی تاوانبارە سزا قوڕسەکان گێڕا....لای سەرەوە قوژبنێکم دۆزیەوە پریاسکەکەم کردەوە دوو شڕە بەتانیەکەم ڕاخست.

هۆلەکە تەژی بوو لە عارەبی دەشتەکی ، یەکێکی بەساڵا چوو بەدەست خێراتنی کردم ، هێشتا عارەبیم نەدەزانی بە هێما داوام لێکرد قیبلەم پێ نیشاندا لای دەرگای نیشاندام کاتی نوێژ بوو لەسەر جامانەکەم نوێژم دابەست .. هەندێک لە بەندەکان کاتی نوێژیان دەکرد وەکوو خۆمان باسکیان لەسەر یەک دادەنا هەندێکیش دەستیان بە خۆیاندا شۆر دەکردەوە لەوەوە زانیم ئالۆزی بلۆزی لە خوا پەرستێش هەیە

هەوای ناو زیندان گەرم و بۆگەن بوو باسی خراپی خواردن هەر تەواو نەدەبوو دەووترا دزی لە پارەی خواردن دەکرێت . زەنگینەکان جگەرەی پاکەتی غازی یان دەکێشا هەندێک سیغاری زەڵ ، بە سەبری عەتابە دەگۆترا ، هەندێک حیکایەت خوان بوون هەندێک بە ژەنگیانە دیاری جوانیان دروست دەکرد ، خوێندەوارەکان بە خۆرایی نامەیان بۆ نەخوێندەوارەکان دەنووسی چاوەشێکیش ناوە ناوە دوو زەلەی لێئەداو غەریبی هەندێ کەسی هەلدەساند و دەگریان هەندێ یاری سادەش دەکرا من لەوێ فیری دامە بووم ،دامە یاریەکی سادەیە بۆ خۆ خافلاندن باشە ، یاری ناو بەندیخانە و خەلکی بندیوارە

ئەگەر خۆم یاریم دەکرد ئاسان دەمدۆڕاند ، بەلام کە دەبوومە لای کەسێک خێرا دەیبردەوە ئەوکات زانیم من بۆ خۆم نا بەلام بۆ خەلک زۆر عاقلم. ماوەیەکی زۆری پێچوو هەتا ڕاهاتم خەلکم ناسی ووردە ووردە فیری قسەی رۆژانەیان بووم.

هەمویان بڕو بیانویان بۆ تاوانەکانیان ئەدۆزیەوە هەبوو خۆی بە پالەوان دەزانی بەتایبەتی دزەکان ، پیاو کوژەکان ، قۆڵبڕەکان، نەفس نزمەکان خۆبەخش ببونە داردەست و سیخوری ئۆردیانەکان .

بەڕێکەوت شوێنەکەم کەوتە تەنیشتی پیرە مێردێکی عارەبی ِشارەزای گەڕیدەی ڕاهاتوو لەگەل کەش و هەوای ناو زیندان بەندیەکان بەژیرو مام موتکیان دەزانی لە( دێوەرە ) ێی دا فێری زمانی کوردی ببوو نوکتەی دەگێڕاوە رۆژێکیان کوڕە تاقانەکەی هات بۆ مواجەهە پێم گۆت خوا لێت نەسینی کوڕەکەت جوانە گۆتی بەداخەوە کوڕی جوان هەموو چوو لەکەر ! تومەز وەخت خۆی بەپشتی ماکەر کاسبی کردووە درەنگ خێزانی پێکەوەناوە . ئەویش بەهۆی تاوان کردنەوە لێی تێکچو بو لەگەل ئەوەشدا زۆر گەشبین بوو نەروخابو قسەی خۆشی دەکرد

نازانم مەبەستی چیبوو کە دەیگۆت هەر شتێک هەرواز بڕوا دەبی دابەزیت بەلام کاتی واش هەیە ئەو شتەی دادابەزی ناتوانی بەرز بیتەوە

دەربارەی شەڕە جنێویش دەیگۆت دەزانن سەگ ئەگەر برسی ، یا توڕە یان بترسێت دەوەڕیت یان پەلامار ئەدات ، ئەگەر بەراود لە نێوان جنێوی مرۆڤ و ڕەوینی سەگ بکەین ئەوە جنێودان رەوێنی مرۆڤە ،زۆرجاریش ڕەوین کارەساتی کرێتی لێدەکەویتەوە ، ئەوی ڕاست بیت خۆمیش لە جنێودان زەرەر مەندبووم بۆیەش بڕوام بە قسە هەلەق و مەلەقەکانی دەکرد

دەم نادەم پێمی دەگۆت حەزدەکەم بزانم لەسەر چ کەتنێک حوکم دراویت ڕاستم پێ بلیێ مەبەستی ئەوەبوو درۆی لەگەل نەکەم چونکە زۆر جار باسی ئەوەی دەکرد کە درۆ دوو جۆری هەیە درۆیەک لە کێشە رزگارت دەکات هەیشە کێشەت بۆ دروست دەکات ، باشترین درۆ ئەوەیە تروسکایەکی ڕاستی تیا بیت!

دەی حەمزە سەرەتا پێم بڵێ چ گۆبەندێکت کردووە بە چ تاوانێک دادگایی کرایت پاشان چ ڕویدا منیش ووتم پاشان چ رویدا وەکو دەڵین چرا هەلکەو بزانە چی تیاماوە ... ئەوەی بەسەرمان هات بەئاسانی باسەکەی تەواو نابیت بەکورتی

ماڵی هەردولامان کاول بوو ، کێشەکەمان کەوتە سەوداو مامەلە لە بازاڕی پۆلیس و داداگای شار

کەسوکارم هەرچی هەیان بوو فرۆشتیان بڕیکیان دایە برا گەورەی خێلەکەمان و خەلکیش ئامۆژگاریان کردین ووتیان دەتوانن ڕاستەو خۆ بەرتیل بدەنە پۆلیس بەلام بۆ دادوەر دەبی پارێزەر بگرن چونکە هەندێکیان دەتوانن بەئاسانی لەگەلیان سازەش بکەن و بەرتیلیان بدەنێ

لای خۆیانەوە بەرەبابی بەرامبەر پارەو پولیان کۆکردەوە دایان بەکوێخایەکی دەست ڕۆیشتوی ناوچەکە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر دادگاو دادوەرەکان هەتا سزایەکی قوڕسم بەسەردا بسەپێنن ، سەرت نەیەشینم دادوەرەکان سەریان لێشێوا نەیاندەزانی بەگوێی کام تەرەف بکەن ، سەرەنجام بە پانزە ساڵ حوکمیان دام ، کوێخای گۆرین هێشتا سزاکەی بەدڵ نە بوو وای زانی سوکایەتی پێکراوە زۆری نەبرد مالی سەرۆکی دادگایان سووتاند ،لەو رۆژەوە داگاو مادگا رێزو هەیبەتی نەماوە.

دێوەرە دەستی کرد بەپێکەنین ووتی قوڕت وەسەر کاتێ لێرە دەرئەچیت سەرو رێشت تاڵیکی ڕەشی تیا نامینێ دەبینی لە دێکەتان هیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە ، ئەگەر بەخێر ئازاد کرایت تێدەگەی جیاوازی لەنێوان ئێرەو دەرەوە نەماوە

بەلام بۆچی پێت شەرمە باسی تاوانەکەت بکەیت خۆ ئێمە کەسمان کاری لەتۆ باشترمان نەکردووە کاریش لەکار ترازاوە پێمگۆت دەزانم کارێکی کرێتم کردووە بەلام هەتا ئەمڕۆ لە ڕوم نەهاتووە بەڕاشکاوی باسی بکەم هەرچەند شەوو ڕۆژ دیمەنی سامناکی ڕووداوەکەم لە خەیال و لەبەر چاوە ئێستاش با لەبێن خۆمان بیت:

لە گوندەکەمان هەرزەکارێک دەیویست دڵداری لە گەل کچەتیوێکی دراوسێمان بکات هەرچەند ئەو کچە بەخزمایەتیش پێوەندی بەئێمەوە نەبوو کوڕەکەش وازی نەدەهینا ، ناوە ناوە دوور بە دوور شەوقی ئاوێنەی دەگرتە ماڵی کچەکەو ئێمەش پێمان وابوو ئەگەر بێدەنگ بین عەیب و شوریە ئاخر لەمالان لە مزگەوت لە دیوەخان لە بن دیواران باس هەر باس و خواسی شەرەف و مەرەف بوو ئەو بەندو بالۆرەیە ڕشتمی دەکرد رۆژێکیان بەئاشکرا شەڕم پێفرۆشت بە جنێودان بەهەڵشەیی پەلاماریمدا ئەویش داینەهێناو بەگژ یەکدا هاتین و زۆرانمان گرت وەکوو خوێن بەرچاومی گرتبی بە هەموو هێزمەوە خەنجەرێکم تێسرەواند بەدبەخت هەر لەوێ گیانی سپارد.

دێوەرەی دونیا دیدە چاوەکانی زەق کردەوە ووتی دەک بەخێر نەیەیتەوە پاشان بە شێوەیەکی ترسناک جەختی لەسەر ئەوە کرد ئەگەر سولح کرا نەکەی بەتەمای سولحی عەشایەری پشتی لێ بکەیتەوە چونکە وەکو من بزانم لەم وولاتە کەس بەتەواوەتی ڕێز لە پەیمان و بەڵێنەکانی ناگریت .

* کورتە چیڕۆک

Share