Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ژنێكی كورد له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌مرێ و له‌ هیندستان ده‌یسووتێنن

19814 424812280933412 443891626 nژنێكی كورد له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌مرێ و له‌ هیندستان ده‌یسووتێنن

زۆر لە كوردانی دانیشتووی بەرلین حەمید مەجیدی تەمەن 48 ساڵ دەناسن، كە خەڵكی باشووری كوردستانە و ساڵی 1996، لە شارۆچكەی كۆیەوە هاتووەتە ئەڵمانیا. ساڵی 2005، حەمید لە بەرلین كۆمپانیای ئاریانا تراڤڵ -ی دامەزراند.
حەمید چەند ساڵێكە، جگە لە بواری گەشتیاری، تەرمی ئەو كوردانەش كە لە ئەڵمانیا كۆچی دوایی دەكەن، دەهێنێتەوە كوردستان. لەو ساڵانەدا حەمید شتێكی بەسەرهاتووە كە مرۆڤ نازانێ پێی پێبكەنێ یان خەمگین بێت.
ساڵی 2009، رۆژێكیان كەسێك لە ئەڵمانیاوە تەلەفۆن بۆ حەمید مەجید دەكات و داوای لێدەكات تەرمی دایكی بۆ بباتەوە هەولێر. كەسەكە پێیدەڵێت: "دایكم لێرە كۆچی دوایی كردووە و دەمەوێ هەرچی زووە ببردرێتەوە كوردستان بۆئەوەی بنێژرێت". دوای ئەوە حەمید یەكسەر تەلەفۆن بۆ كۆمپانیا فڕۆكەوانییەكان دەكات، بۆئەوەی كارەكانی بۆ رێكبخات: "بەپێی رێساكانی كاركردنمان ئێمە بۆمان هەیە لەگەڵ هەر گەشتێكدا تەنیا یەك تەرم ببەینەوە كوردستان، بەڵام ئەوجارەی تەلەفۆنەكەم بۆ هات، جێگە نەمابوو و تەرمێكمان هەبوو". حەمید دەڵێ بۆیە بە كەسەكەم گوت: "رێگەیەكی دیكە هەیە، ئەویش ئەوەیە كە لەڕێگەی ئیستەنبۆڵەوە بیبەین بۆ ئامەد. لەوێشەوە كۆمپانیاكەمان بە ئۆتۆمبێل دەیباتەوە هەولێر". كەسەكەش لەبەرئەوەی هیچ چارەیەكی دیكەی نییە، پێشنیازەكەی حەمید قبوڵ دەكات.
دوای ئەوە حەمید لە هێڵی ئاسمانی (توركیش ئایرلاینس) بلیتی فڕۆكە بەرەو ئامەد بۆ تەرمەكە دەكڕێت. لە رۆژی دیاریكراودا تەرمەكە دەبردرێتە فڕۆكەخانەی دوسڵدۆرف-ی ئەڵمانیا و سواری فڕۆكەی دەكەن و دەینێرنە ئیستەنبۆڵ.
لە فڕۆكەكەدا دوو تەرمی تێدابوون، یەكێكیان تەرمی ژنە كوردەكە بووە و یەكێكی دیكەش تەرمی پیاوێكی هیندی بووە. كاتێك تەرمەكان دەگەنە ئیستەنبۆڵ، یەكێكیان سواری فڕۆكەیەك دەكرێت كە بۆ ئامەد دەڕوات و یەكێكی دیكەش سواری فڕۆكەیەكی دیكە دەكرێت و بەرەو شاری نیودەلهی، پایتەختی هیندستان بەڕێدەكرێت.
وەكو حەمید دەڵێت "تەرمی ژنە كوردەكە بەڕێكرا بۆ ئامەد و لەوێشەوە بە ئۆتۆمبێل بردیانەوە بۆ زاخۆ. لە زاخۆش خزمەكانی هاتبوون بەپیریەوە و بردیانەوە بۆ گوندێكی نزیك لە سنووری رۆژهەڵاتی كوردستان".
لە گوندەكە، كۆمەڵێك ژن لە مزگەوت كۆدەبنەوە بۆئەوەی تەرمەكە بشۆن. پیاوەكانیش لەبەر دەرگا چاوەڕێن شووشتنەكە تەواو بێت و بیبەن بۆ گۆڕستان. لەوكاتەدا لەناو ژناندا قیژە و هاوار دەستپێدەكات و پیاوان بە پەلەپڕووزێ دەچنە ژوورەوە. لەوێ كچانی ژنەكە دەڵێن: "ئێمە دڵنیاین دایكمان نەمردووە!"، بەڵام برایەكیان، كە لە ئەڵمانیاوە لەگەڵ تەرمەكەدا هاتووەتەوە، دەڵێت: "با، دایكمان مردووە، لە نەخۆشخانە لەناو دەستەكانی مندا گیانی بەخشی، من دڵنیام كە دایكمان مردووە". كچەكانیش وەڵامی براكەیان دەدەنەوە و دەڵێن: "ئاخر وەرە سەیر بكە! ئەو تەرمەی هاتووەتەوە تەرمی پیرەمێردێكە!"
حەمید دەڵێ هەر ئەوكات براكەی تەلەفۆنی بۆ كردووە و گوتوویەتی: "ئەوە چییە كاكە، تۆ تەرمی دایكمت ناردووەتەوە یان تەرمی هیندییەك؟". ئەم قسەیە حەمید تووشی سەرسوڕمان دەكات و یەكسەر پەیوەندی بە هاوكارانی و ئەو كۆمپانیایەوە دەكات كە هاوكاریی كردووە بۆ گواستنەوەی تەرمەكە: "دوای ماوەیەك دەركەوت كە تەرمەكان لە ئیستەنبۆڵ گۆڕدراون". هەروەها ئەوەش روونبووەوە كە تەرمی ژنە كوردەكە، دوای ئەوەی گەیشتووەتە نیودەلهی، بەپێی رێوڕەسمی ئایینی هیندۆسەكان سووتێندراوە. هیندییەكان سووتماكی تەرمە سووتاوەكەیان خستووەتە شووشەیەكەوە، ئینجا لە ئۆتۆمبێلێكدا گوڵێكیان خستووەتە سەر و لە شوێنێك لەژێر خاكدا شاردوویانەتەوە.
لە كوردستان هەواڵەكە بەو ناوچەیەدا بڵاودەبێتەوە كە كەسوكاری ژنەكە تێیدا ژیاون. ئیتر مەلا و پیاوماقووڵان كۆدەبنەوە، بۆئەوەی چارەیەك بۆ كێشەكە بدۆزنەوە.
مەلایەك پێشنیازێك دەداتە كەسوكاری ژنەكە و دەڵێت: "تازە شتەكە روویداوە، با تەرمەكە بشارینەوە"، بەڵام كچان و كوڕانی ژنەكە هەر دوعا لە حەمید دەكەن و دەڵێن: "هەی خوات لێ رازی نەبێ، كە وات بەسەر بنەماڵەكەمان هێنا!" ئیتر دوای ئەوە پیرەمێردە هیندییەكە لە گوندەكەدا بە خاك دەسپێردرێت.

پیرە پیاوی هیندی دەبێتە مایەی خۆشی

لەو گۆڕستانەی پیاوە هیندییەكەی تێدا نێژراوە، پیاوێكیش نێژراوە كە ژنەكەی بە بەردەوامی دەچێتە سەر گۆڕەكەی. ژنەكە نەخۆشە و هەموو جارێك، تاوەكو دەگاتە سەر گۆڕەكە، پێویستی بەوەیە چەند جارێك پشوو بدات. بەڵام لەو رۆژەوە كە كابرای هیندی لە گۆڕستانەكەدا نێژراوە، ژنەكە قیت و قنج دەبێتەوە و بەبێ پشوودان و بە خێرایی دەچێتە سەر گۆڕی مێردەكەی.
دوای ئەوەی هەواڵی چاكبوونەوەی ژنەكە بە ناوچەكەدا بڵاودەبێتەوە. ئیدی گۆڕی كابرای هیندی دەبێتە زیارەتگا و هەرچی خەڵكی نەخۆشی ناوچەكەیە رووی تێدەكەن.
ماڵی ئەو ژنەی كە مردبوو و تەرمی كابرای هیندی لەگەڵدا گۆڕابوو، لەڕێگەی خەڵكەوە هەواڵەكە دەبیستن و زۆر دڵخۆش دەبن. حەمید دەڵێ دواتر هەمان خێزان لەجیاتی دوعای خراپی لێبكەن، دەیانگوت: "خوا بتپارێزێ حەمید! یاخوا لە قەزا و بەڵای دنیا بەدوور بیت".

Share