Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
چیرۆک بۆمنداڵان .. پێنووس و لاستیکی خەتکوژانەوە .. گۆڕینی : رەزا شوان

raza shwanلە ناو قوتوویەکی پێنووس دا ، لاستیکێکی خەتکوژانەوە و پێنووسێکی جوان لە یەکتریان دەڕوانی .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : چۆنی هاوڕێ ی ئازیزم ؟
پێنووسەکە : من هاوڕێ ی تۆ نیم .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆ ؟
پێنووسەکە: چونکە ڕقم لێتە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆ رقت لێمە ؟
پێنووسەکە : چونکە تۆ نووسینەکانی من دەکوژێنیتەوە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : من تەنها هەڵەکان دەکوژێنمە .
پێنووسەکە : جا تۆ هەقت بەمەوە چی یە ؟
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : من لاستیکی خەتکوژانەوەم ، ئیشم ئەمەیە .
پێنووسەکە : جا ئەمە کەی ئیشە ..؟
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : ئیشەکەی منیش وەکو ئیشەکەی تۆ بەسوودە .
پێنووسەکە : تۆ هەڵە و لەخۆباییت .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : بۆچی ؟
پێنووسەکە : چونکە ئەو کەسەی دەنووسێ ، باشترە لەو کەسەی ، کە دەکوژێنێتەوە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : کوژانەوەی هەڵە ، هاوتای نووسینی راستە .
( پێنووسەکە بۆ ماوەیەک سەری داگرت .. داما و بیری کردەوە .. ئینجا سەری هەڵبڕی وتی )
پێنووسەکە : تۆ راستەکەی هاوڕێ ی شیرینم .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : هێشتا هەر رقت لێمە ؟
پێنووسەکە : رقم لەو کەسە نی یە ، کە هەڵەکانم بکوژێنێتەوە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : ئەوەی ( راست ) بێ من نایکوژێنمەوە .
پێنووسەکە : بەڵام من دەتبینم رۆژ لە دوای رۆژ بچووکتر دەبیتەوە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە : چونکە بۆ کوژانەوەی هەر هەڵەیەک .. من قوربانی بە لەشی خۆم دەدەم .
پێنووسەکە – بە دڵتەنگی یەوە – وتی : منیش هەست بەوە دەکەم ، وەکو خۆم نەماوم و کورتر بوومەتەوە .
لاستیکی خەتکوژانەوەکە – دڵی دایەوە و- وتی : ناتوانین سوود بە کەسانی تر ببەخشین ، ئەگەر لە پپێناویاندا قوربانی نەدەین .
پێنووسەکە – بە خۆشی یەوە – وتی : هاوڕێ گیان ، تۆ چەند مەزنی و ، قسەکانت چەند جوانن .

لاستیکی خەتکوژانەوەکە و پێنووسەکە ، زۆر دڵخۆش بوون .. وەکو دوو هاوڕێ ی دڵسۆزی گیانی بە گیانی لە یەکتری دانەبڕان و ناکۆک نین .

Share