Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com
ڕه‌خنه و ڕق له به‌کارهێنانی کاتدا .. پۆڵا سه‌عید

1به بۆنه‌ی ساڵی نوێی "2014"ه‌وه، بۆ خوێنه‌رانی ئازیز و خۆشه‌ویست.
ده‌مه‌وێت له ڕێگای ئه‌م نامه‌یه‌وه سووپاسی ئێوه‌ی ئازیز و خۆشه‌ویست بکه‌م، که هه‌تاوه‌کوو ئه‌م چرکه‌ ساته له‌گه‌ڵمدا هاوسه‌فه‌ربوون. دیاره بوونی ئێوه یه‌کێک بووه له بوونه گرنگه‌‌‌کانی ژیانم. به‌ده‌رله‌وه‌ی که من له ڕێگای نووسیینه‌وه له‌گه‌ڵتاندا له گفتووگۆکردندا بووم، هه‌مانکاتیش سه‌رچاوه‌یه‌کی ئێنه‌رگیی ڕۆحیی بوون بۆ من. هه‌ربۆیه به پێویستی ده‌زانم، که سووپاستان بکه‌م، بۆ ئه‌و هه‌موو ئێنه‌رگییه‌ی، که پێتان به‌خشیووم.
نه‌ک به ته‌نها بۆ من، به‌ڵکوو بۆ هه‌ندێک له ئێوه‌ش، به‌تایبه‌ت خوێنه‌رانی وڵات، به‌ستنی په‌یوه‌ندییه‌کانی گفتووگۆکردن له ڕێگای نووسیینه‌وه کارێکی سه‌خت بوو، چونکه نووسیینی من ناگاته سه‌ر لاپه‌ڕه‌‌ی ڕۆژنامه‌کانی کوردستان، ناکرێته کتێب. ئه‌و ماوه کورته‌ی له کوردستانی نوێدا ده‌منووسیی، کاتێکی خۆش بوو چ بۆ من و چ بۆ خوێنه‌ر، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، نووسیینه‌کانم به‌شێکی زۆریان بڵاونه‌ده‌کرانه‌وه یاخوود ماوه‌یه‌کی زۆر کاتیان به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕیی ئه‌وسا بڵاوده‌کرانه‌وه، ئه‌مه‌ش وه‌هایکرد، که ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌رفه‌ته کورته‌ش بم، که پێیاندابووم.
به‌هیوام له ساڵی 2014 دا ئه‌گه‌ر توانای گۆڕیینی جیهانی بیرکردنه‌وه و ژیانی تاک و کۆی کوردیشمان نه‌بێت، ئه‌وا توانای گۆڕیینی خۆمان هه‌بێت، چونکه ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی ببین به شتێکی تر، پێویسته ژیان و بیرکردنه‌وه‌ی خۆمان بگۆڕیین. زه‌ویی بیرده‌کاته‌وه مرۆڤیش له‌گه‌ڵیدا. ئه‌مه یاسای سروشته، که جوڵه ماتۆڕی هه‌ڵسوڕێنه‌ری سروشت و بیرکردنه‌وه‌یه. ئێمه پێویسته هه‌میشه له جوڵه و بیرکردنه‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌دا بین، ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌که‌ین ناتوانین ئه‌نالیزه‌ی هیچ جۆره جوڵه‌یه‌کی سیاسیی نوێ له جیهان و وڵاتدا بکه‌ین. پێویسته هه‌وڵبده‌ین ته‌نها نه‌بین، چونکه ته‌نیایی وه‌ک به‌رد ڕه‌قمان ده‌کات.

هه‌ندێک مرۆڤ به وێنه‌ی ئێشۆ، هه‌رچی بانگکردن و وته‌کانیان هه‌یه، وێڕای ده‌نگدانه‌وه‌یان، به‌ڵام به ته‌نها خۆیان گوێبیستی ئه‌م ده‌نگدانه‌وه‌یه ده‌بن، که دواجار له غه‌م و ته‌نیاییدا وه‌ک گابه‌ردی سنگی شاخێک ڕه‌ق ده‌بن. دیاره لێره‌دا، بابه‌ت ئه‌وه نییه، که تاک و کۆ فیزیکییه‌ن ئه‌م ده‌نگانه نابیستن، به‌ڵکوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕۆحییه‌ن ئینته‌رێسه‌یان بۆی نییه. ده‌شێت هه‌ندێکجار مرۆڤ په‌نا به‌رێته به‌ر گریان. گریانیش لێره‌دا به واتای بێهێزیی مرۆڤه‌که نادێت، به‌ڵکوو به واتای ئه‌وه دێت، که دڵی ئه‌م مرۆڤه هه‌ر ته‌نها جێگای ئه‌مه‌نده‌ی تێدا ده‌بێته‌وه. هه‌ربۆیه هه‌ر جامێک پڕ ده‌بێت لێیده‌ڕژێت. له هۆمۆفۆندا وشه‌یه‌ک خاوه‌نی چه‌نده‌ها واتا ده‌بێت، جیاوازیی ئه‌م وشانه له ده‌ربڕییندا بوونی نییه، به‌ڵکوو ته‌نها له نووسییندا نه‌بێت. له په‌یڤی کوردییدا وشه‌کان چ وه‌ک یه‌ک ده‌نووسرێن و چ له ده‌ربڕیینیشدا خاوه‌نی یه‌ک تۆنن، که‌چیی واتای جیاواز ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه. هۆمۆفۆن Homophon چه‌مکێکی یۆنانیی کۆنه و به واتای هه‌مان ده‌نگ دێت. واته وشه‌یه‌ک له‌کاتی قسه‌پێکردنیدا چه‌ندیین واتای جیاوازی هه‌بێت. جیاوازیی وشه‌کان ته‌نها له نووسییندا به‌دی ده‌کرێت، نه‌ک له قسه‌کردندا.
به درێژایی ئه‌م هه‌موو ساڵه، ئه‌م هه‌موو کاته له پراکتیزه‌کردنی ڕق له ڕه‌خنه‌دا به‌کارده‌هێنرێت و تاکی کوردیش گله‌یی له کورتیی کات له ژیاندا ده‌کات. ژیان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کورت نییه، به‌ڵکوو مرۆڤ به‌شێکی گه‌وره‌ی کاته‌کانی ژیانی له شتی بێنرخدا خه‌رج ده‌کات و ئه‌و کاته‌شی ده‌یمێنێت به‌شی شته نرخداره‌کانی ژیانی ناکات. هه‌ندێک له نووسه‌رانی کورد پێیانوایه، که خوێنه‌ر وه‌ک باڵنده و ئاژه‌ڵ ڕاوده‌کرێت. به‌ڵام ڕاوکردن خاوه‌نی زینی خۆیه‌تی، واته ڕاوچیی ڕاوده‌کات و نێچیره‌کانی ده‌کووژێت، ئینجا ئه‌گه‌ر خۆی گۆشته‌که‌یان بخوات یان که‌سێکی تر هیچ له باسه‌که ناگۆڕێت. یاخوود به زیندوویی ده‌یانگرێت و بۆ خۆشیی خۆی ده‌یانکاته قه‌فه‌زه‌وه، چونکه حه‌زی لێیانه. یاخوود به زیندوویی بۆ فرۆشتن ڕاویان ده‌کات. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر نێچیر بێت و نووسه‌ریش ڕاوکه‌ر، ئامانج له نووسیین و خوێندنه‌وه‌دا چییه؟
نووسه‌ر ڕاوچیی نییه، به‌ڵکوو بوونه‌وه‌رێکی بیرکه‌ره‌وه‌یه. خوێنه‌ریش که‌سێکه ده‌گه‌‌ڕێت بۆ واتا و تێگه‌یشتن، ئیدی لێره‌وه هێنده‌ی خوێنه‌ر به‌دوای نووسه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وه‌نده نووسه‌ر به‌دوای خوێنه‌ره‌وه نییه. یه‌کێک له کێشه‌کانی دونیای نووسیینی کوردیی له‌وه‌دایه، که هه‌ندێک پێیانوایه، مرۆڤ پێویسته بێ وێنه بێت هه‌تاوه‌کوو تێکستێکی بێ وێنه به‌رهه‌مبهێنێت. ئه‌مه تێڕوانینێکی هه‌ڵه‌یه، چونکه له سه‌رده‌می ژیانی گۆرانی شاعیردا، تاکی کورد پێیوابوو، که دوای گۆران شاعیرێکی تر له‌دایکنابێته‌وه. من پێموایه له‌دوای گۆرانه‌وه خوێنه‌ری کورد چاوی بینینی شاعیرێکی تری بێ وێنه‌ی وه‌ک گۆرانی نه‌بووه، که ئه‌ویش جه‌لالی میرزا که‌ریم بووه. جه‌لالی میرزا که‌ریم که‌م وێنه‌یه، چونکه پێش ڕۆیشتنی گۆرانیش ئه‌و ده‌ستی به‌وه کردبوو، که خاوه‌نی ڕێگای خۆی بێت له شیعری نوێی کوردییدا.
مرۆڤ پێویستی به‌وه نییه، که بێ وێنه بێت، هه‌تاوه‌کوو ده‌ست به شتێک بکات. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بێ وێنه بێت، پێویسته ده‌ست به شتێک بکات. ئه‌وه‌ی نیمه کاته بۆ ڕقلێبوون، ڕقلێبوون له‌وانه‌ی که ڕقیان له منه، چونکه من زۆر سه‌رقاڵم به‌وه‌وه، که ئه‌وانه‌م خۆشبوێت، که منیان خۆشده‌وێت. ده‌شێت هه‌ندێک چاوه‌ڕوانی کاتێکی گوونجاو پێرفێکت بکه‌ن بۆ کردنی کارێک، خۆشویستن، ده‌ستپێکردن ... هتد. به‌ڵام من ده‌مه‌وێت هه‌موو کاتێک پێرفێکت بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی کارێک بکه‌م، خۆشه‌ویستیی بکه‌م و ده‌ستپێبکه‌م.
نووسه‌ری کورد پێیوایه، که کات له نووسیینی ڕه‌خنه‌دا خه‌رج ده‌کات، ئیدی به‌بێ گوێپیدا‌نه ئه‌وه‌ی، که مرۆڤ چ جۆره ڕه‌خنه‌یه‌ک ده‌نووسێت، "سیاسیی، فه‌لسه‌فیی، ئه‌ده‌بیی ...هتد."، به‌ڵام هیچ ناکات بێجگه له هه‌وڵدان بۆ پراکتیزه‌کردنی ده‌سته‌ڵات له ڕێگای به‌کارهێنانی تووندوتیژیی زمانی گورگه‌وه.
له کۆتاییدا هیوام خۆشیی و به‌خته‌وه‌رییتانه له ساڵی نوێدا. به‌هیوای سه‌رکه‌وتن له ژیانی ڕۆژانه‌ و پیشه‌ییتاندا.
01.01.2014

Share