Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

له‌ یادی 20 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی کاکه‌ شێرکۆدا. . م. عه‌ونی خۆشناو

 

 

 

sherko

زۆرن ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ پێناوی ئازادی و
دیاریکردنی مافی چاره‌نوسی کوردستان خۆیان به‌ختکرد و چوونه‌ کاروانی نه‌مران، ئه‌و
نه‌مرانه‌ی که‌ به‌ خوێنی ئاڵیان داری ئازادی یان ئاودا، ئه‌وانه‌ ئه‌و ڕوحانه‌ن
که‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست و دڵسۆزی و بوێریه‌کی بێ وێنه‌ن، هه‌میشه‌ مه‌رگیان له‌
پێناوی ئازادی ووڵات به‌خشیوه‌.

شه‌هید شێرکۆ له‌ ساڵی
1970 له‌ شاری سلێمانی شاری هه‌ڵمه‌ت و قوربانی له‌ خانه‌واده‌یه‌کی ڕۆشنبیرو
کوردپه‌روه‌ر له‌ دایکبووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی کاک ئاسۆ براگه‌وره‌ی کاکه‌ شێرکۆ
کادیرو پێشمه‌رگه‌ی سه‌رده‌می شاخ بووه‌، شه‌هید شێرکۆ هه‌رزوو ئاشنایه‌تی له‌گه‌ل
پێشمه‌رگه‌ په‌یدا ده‌کات و خه‌ون و خه‌یالی ئه‌وه‌ ده‌بێت رۆژێک له‌ رۆژان ته‌مه‌ن
ده‌رفه‌تی پێبدات و چه‌کی شه‌ره‌ف و مه‌ردایه‌تی بکاته‌ شان و شان به‌ شانی برا
پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان، له‌ پێناوی ئازادی و سه‌ربه‌خۆی ووڵات تێبکؤشێت، به‌ڵام
ته‌مه‌ن ده‌رفه‌تی نه‌دا ئه‌و خه‌ونه‌ی بهێنێته‌دی، ئه‌و کاته‌ی ی. ن. ک به‌
هاوکاری و پشتیوانی هێزو لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کان و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان به‌رنامه‌و
پلان داده‌ڕێژێت بۆ ڕاپه‌ڕینێکی جه‌ماوه‌ری سه‌رتاسه‌ری شه‌هید شێرکۆ یه‌کێ ده‌بێت
له‌و شانه‌ چه‌کدارانه‌ی که‌ خۆیان بۆ ڕاپه‌ڕین ئاماده‌ ده‌کرد له‌گه‌ل کاکه‌
ئاسۆی برا گه‌وره‌یدا، له‌م ماوه‌ که‌مه‌ی ته‌مه‌نی پێشمه‌رگایه‌تیدا چه‌ندان
داستان تۆمار ده‌کات، دوا داستانیش ئه‌وه‌ ده‌بێت، که‌ ده‌بیستێت پیاوه‌ بۆگه‌ن و
به‌کرێگێراوه‌کانی به‌عس به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌حمه‌د دووڕی ئامۆزای عزه‌ت دووڕی ده‌یانه‌وێت
گه‌رای بۆگه‌نی سیخوڕی و دووبه‌ره‌کی جارێکی تر له‌ شاری سلێمانی شاری هه‌ڵمه‌ت
وقوربانی بونیاد بنێن، ئا له‌و کاته‌دا کاکه‌ شێرکۆ خۆی پێناگیرێ و له‌ یه‌کێ له‌
شه‌قامه‌کانی شاری سلێمانی په‌ڵاماری ئه‌و گروپه‌ خوێن مژ و دڕنده‌‌ ده‌دات و به‌
سزای گه‌ل و شۆڕه‌شیان ده‌گه‌یێنێت، به‌ڵام مخابن یه‌کێ له‌ سیخوڕه‌کانی ڕژێم ده‌ستڕێژێ
ده‌کات و کاکه‌ شێرکۆ ده‌پێکێ و زامدار ده‌بێت، له‌به‌ر سه‌ختی زامه‌که‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌
گیان له‌ ده‌ست ده‌دات و بۆ هه‌تا هه‌تای ده‌چێته‌ کاروانی نه‌مراندا.

شه‌هید شێرکۆ و هه‌موو
شه‌هیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان ئه‌و په‌نده‌یان په‌یڕه‌و کرووه‌، که‌ ده‌ڵێن
ژیان چه‌ند گرنگه‌ بۆ مرۆڤ، به‌ڵا‌م مردن له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆی کوردستان و ئازادی
گه‌له‌که‌ی گرنگتره‌.

شه‌هید شێرکۆ عه‌زیز
میرزا له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ خانه‌واده‌یه‌کی کوردپه‌روه‌رو نیشتیمانپه‌روه‌ر هاتۆته‌
دونیاوه‌، هه‌ربۆیه‌ هزری کوردایه‌تی و شۆڕه‌شگێڕی له‌ ئه‌ندێشه‌ی کاکه‌ شێرکۆ له‌
گه‌شه‌کردندابوو، ئه‌وه‌ی زیاتر سه‌رنج ڕاکێش بوو له‌و ڵاوه‌ خوێن گه‌رمه‌ بیری
پیرۆزی نه‌ته‌وه‌یی و ئازایی و بوێری بوو، هه‌ر له‌م پێوانگه‌دا ده‌ڵێم هۆ شه‌هیده‌
ڵاوه‌ خوێن گه‌رمه‌که‌ی سلێمانیم کاکه‌ شێرکۆ هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژگار و مه‌رگ ده‌رفه‌تی
نه‌دا له‌ نزیکه‌وه‌ به‌ بوێری و مێرخاسی و چاپوکی تۆ ئاشنابم، به‌ڵام هاوڕێکانت
ئه‌وانه‌ی ڕۆژێک له‌ ڕۆژان بۆ ساتێک تۆیان ناسیبێ، به‌ بیری گه‌ش و ژیریت، به‌
ئازایی و بوێریت، به‌ هه‌ڵس وکه‌وت و کرده‌وه‌ جوانه‌کانت، به‌ بزه‌و خه‌نده‌به‌خشه‌که‌ی
سه‌رلێوانت، به‌ گه‌وره‌یی و هه‌ستی شۆڕه‌شگێڕیت، به‌ تۆمارکردنی ئه‌و داستانه‌ت،
بویته‌ وێردی سه‌رزمانی هه‌مووان، بۆیه‌ منیش وا هه‌ست ده‌که‌م زۆر هاوڕێی نزیک و
ئاشناتم له‌ یادی 20 ساڵه‌ی فیداکارێکی بزوتنه‌وه‌ی کوردایه‌تی شه‌هید شێرکۆ ئه‌و
ڵاوه‌ خوێن گه‌رم و ئه‌ستێره‌ گه‌شاوه‌که‌ی ئاسمانی سلێمانی سه‌ری ڕێزو نه‌وازش وه‌فاداری
بۆ گڵکۆی ئه‌و نه‌مره‌و ته‌وای شه‌هیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان داده‌نه‌وێنین
و هیوادارم له‌ ساڵیادی ئه‌و نه‌مره‌دا خوێنی شه‌هید شێرکۆ و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی
کوردستان ببێته‌ هه‌وێنی یه‌کڕیزی و ته‌بایی و یه‌کبوون و یه‌کهه‌ڵوێستی و هاوهه‌ڵوێستی
پارت و لایه‌نه‌ سیاسی یه‌کانی کوردستان، به‌رامبه‌ر ناحه‌زان و شۆڤینه‌کان و
داگیرکه‌رانی کوردستان.

نه‌مری سه‌ربه‌ربه‌رزی
بۆ شه‌هید شێرکۆ و سه‌رجه‌م شه‌هیدان

ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی
و سه‌رفیرازی بۆ خانه‌واده‌کانیان

مردن و ڕوو ڕه‌شی بۆ
بکوژان و داگیرکه‌رانی کوردستان.


کادیرو پێشمه‌رگه‌ی دێرین


م. عه‌ونی خۆشناو

 

 

 

Share