گه‌ڕان به‌دوای به‌خته‌وه‌ریی و ئارامییدا، گه‌ڕانێکی هه‌میشه‌ییه، که ته‌واوی ژیانی مرۆڤی تێدا خه‌رج ده‌کرێت. ئه‌و مرۆڤه‌ی پێیوایه، که چیدی توانای گه‌ڕانی به‌دوای به‌خته‌وه‌رییدا نه‌ماوه و خۆی داوه به‌ده‌ست ژیانێکی چه‌قبه‌ستوو و سه‌پێنراودا، ته‌نها کاتی کردنی کارێکی نه‌هاتووه، یاخوود کارێکی ته‌واو نه‌کردووه، ئیدی له‌وه به‌دواوه گه‌ڕانی ده‌ستپێده‌کاته‌وه. هاتنی تۆ کاک ئاسۆ بۆ ئێره، بۆ دانمارک له کتووپڕییهکی وه‌هادا، هاتنێکی بێ هۆ نییه، چونکه به یاسای سروشت هیچ شتێک له خۆڕا ڕوونادات، هه‌موو شت خاوه‌نی زینێکی تایبه‌تی خۆیه‌تی. هاتنی تۆ بۆ دانمارک ئه‌گه‌ر بۆ دوو ڕۆژیشه، هاتنه بۆ دۆزینه‌وه‌ی شتێک، ڕاستییه‌ک ...هتد. ده‌شێت هاتنت به‌خته‌وه‌رت بکات، به‌ڵام به‌خته‌وه‌ریی به‌س نییه، به‌ڵکوو پێویسته شتێکیش فێربیت، چونکه ئه‌م فێربوونه دهتسووڕێنێت بۆ گۆڕیینت، بۆ گۆڕیینی ژیانت. تۆ بۆ ئه‌وه‌ی به‌خته‌وه‌ر بیت، پێویسته ژیانت بگۆڕیت.
ئاسۆ عه‌زیز: به‌دڵنیاییه‌وه پۆڵا، هه‌موو جوڵه‌یه‌کی من خاوه‌نی یه‌ک ئامانجه، ئه‌ویش گۆڕینمه. من ده‌مه‌وێت بگۆڕێم، ده‌مه‌وێت به‌خته‌وه‌ر بم، ده‌مه‌وێت ڕاستیی بدۆزمه‌وه، به‌ڵام له دۆزینه‌وه‌ی هه‌ر ڕاستییه‌کدا هێشتا هه‌ر ئاسووده نیم، چونکه ته‌واوی ڕاستییه‌کانم نه‌دۆزیوه‌ته‌وه. منێک که جاران پێشمه‌رگه بووم و ئێستاش ئاسۆیه‌کم، مێژووم پڕه له پرسیار، کۆمه‌ڵێک پرسیار، که پێده‌چێت هه‌تا مه‌رگم نه‌توانم وه‌ڵامی هه‌موویانم ده‌ستبکه‌وێت، هه‌روه‌کوو چلۆن جه‌لالی میرزا که‌ریمی مامم، نه‌یتوانی وه‌ڵامی هه‌موو پرسیاره‌کانی بدۆزێته‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، من درێژه‌م به گه‌ڕانه‌کانی ئه‌و داوه و توانیوومه هه‌ندێک وه‌ڵامی تری بۆ بدۆزمه‌وه. ده‌شێت ئه‌مه ته‌نها هیوایه‌ک بێت نه‌ک داوایه‌ک، ئه‌ویش هیوام ئه‌وه‌یه، که ئه‌گه‌ر من خۆم فریای دۆزینه‌وه‌ی هه‌موو ڕاستییه‌کان نه‌که‌وتم، ئه‌وا له ئاینده‌دا که‌سێک هه‌بێت، که درێژه به گه‌ڕانه‌که‌ی من به‌دوای ڕاستییدا بدات. هه‌ر ئه‌م سه‌ربازگه بچکۆلانه‌یه‌ی، که ئێستا من و تۆ تێیدا ڕاوه‌ستاوین، سه‌ربازگه‌یه‌ک که مێژووه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی ١٨٦٤، به‌ڵام ئاسه‌واره‌کانی پارێزراون و کراونه‌ته مۆزه‌خانه‌یه‌ک، به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌و جه‌نگاوه‌ره خۆبه‌خشانه‌ن، که له‌پێناوی ئازادیی دانیمارکدا شه‌هیدبوون. جوانیی ئه‌م شه‌هیدبوونه بۆ ئازادیی له‌وه‌دایه، که به‌شێکی زۆر له شه‌هیده‌کان خه‌ڵکانی نه‌رویجیی، سوێدیی، فینله‌ندیی، ئیسلاندیین که بۆ ئازادیی دانیمارک جه‌نگیون و شه‌هیدبوون. له‌م سه‌ربازگه‌یه‌دا، که ئاسه‌واره‌کانی کراوه‌ته مۆزه‌خانه و ڕۆژانه سه‌دان سه‌ردانکه‌ریان هه‌یه، تیشک نه‌خراوه‌ته سه‌ر تاکه شه‌هیدێک، به‌ڵکوو کۆی هه‌موو شه‌هیده‌کان و جه‌نگاوه‌ران، باس له قاره‌مانێتیی کۆی هه‌موویان ده‌که‌ن نه‌ک به‌ته‌نها چه‌ند سه‌ربازێکی جیاکراوه. له نیشتیمانه‌که‌ی مندا کوردستان، به‌شێکی گه‌وره‌ی شه‌هیده‌کان ونن، چونکه که‌سێک نه‌بووه گرنگییان پێبدات، ده‌زگایه‌ک، ڕێکخراوێک، پارتێک نه‌بووه گرنگییان پێبدات. که‌سوکاری شه‌هیدانیش هه‌ر ماوه‌یه‌ک ده‌توانن یادی شه‌هیده‌کانیان بکه‌نه‌وه، پاشان نه‌وه‌یه‌کیان دێته پێش، که شههیدهکانیانیان له‌بیرده‌چێته‌وه. له نیشتمانه‌که‌ی مندا ده‌یان و سه‌دان بنکه‌ی وه‌ک ئه‌م سه‌ربازگه‌یه‌ی دووبل هه‌یه و خاوه‌نی داستانی گه‌وره و قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ن، به‌ڵام له‌بیرکراون و گرنگییان پێنه‌دراوه. کێشه‌که لێره‌دا کێشه‌ی خۆسه‌پاندن و که‌مته‌رخه‌میی سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و فه‌رهه‌نگییه. من وه‌ک تاکێکی کورد قسه ده‌که‌م، نه‌ک وه‌ک تاکێکی یه‌کێتیی، چونکه ته‌واوی پارته‌کان هه‌ریه‌که‌یان بۆ خۆیان خاوه‌نی مێژوویه‌کی قارهمانێتیین له شوێنێکدا. بۆ نموونه ده‌ربه‌ندی بازیان ده‌کرا بکرایه به شوێنێکی وه‌ک ئه‌م دووبله، به‌ڵام ئه‌و شوێنه نه‌پارێزراوه و ته‌واوی ئاسه‌واره‌کانی ونبوون. داستانی ڕزگاریی کورد پڕه له ئاسه‌وار، که به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن. شه‌ڕی نێوان پارته‌کان کۆتای‌یان نه‌هاتووه، به‌ڵکوو شێوازێکی تری وه‌رگرتووه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وه‌ها ده‌کات، که نه‌وه‌ی ئێستا و ئاینده نه‌بنه خاوه‌نی مێژوویه‌ک، که شانازیی پێوه بکه‌ن. نه‌وه‌ی ئێستا و ئاینده نابێت به چاویلکه‌ی یه‌کێتیی و پارتی دیموکرات، سۆسیالیست و حیزبی شیوعیی، ئیسلامیی و گۆڕان ته‌ماشای مێژووی کورد له باشووری کوردستاندا بکه‌ن، به‌ڵکوو ده‌بێت به چاویلکه‌ی مێژوو ته‌ماشای مێژووی کورد له باشووردا بکه‌ن. له چاوی ئه‌و کامێرایانه‌دا، که لێره له دووبل له‌م سه‌ربازگه‌یه‌دا دنراوه، به ته‌کنیکێکی پێشکه‌وتوو، وێنه‌ی ڕۆژی شه‌ڕه‌که وه‌ک فیلمێک ته‌ماشا ده‌که‌یت و ده‌بیت به سه‌ربازێکی ساڵی ١٨٦٤ی ئه‌وسای دانیمارک و هێرشه‌کانی ئه‌ڵمان بۆسه‌ر دانیمارک ده‌بینیت. چاوی کامێرای مێژووی کورد له باشووردا، چاوی حیزبه و بۆته و هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی شانازیی و شکۆی نه‌ته‌وه‌یی.
پۆڵا سه‌عید: به‌ڵام چه‌نده‌های وه‌کوو شێرکۆ ئه‌م شانازیی و شکۆی نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له پارت و سه‌رۆکه‌کان سه‌ندۆته‌وه و داویه‌تییه‌وه به تاکی کورد خۆی. شێرکۆ وه‌ک شێرێکی ته‌نیا خه‌مبار نه‌ژیا، به‌ڵکوو به ته‌نیاش شه‌ڕی به‌عسی کرد، ئه‌و یه‌کێک بوو له‌و شه‌هیدانه‌ی، که چه‌کی به فه‌رمانی پارت و سه‌رۆک دانه‌نا، به‌ڵکوو درێژه‌ی به شه‌ڕی ده‌رکردنی داگیرکه‌ر دا، هه‌تا شه‌هیدبوونی.
ئاسۆ عه‌زیز: ڕاسته، هه‌ر به‌مه‌ش شێرکۆ وه‌ک شێرێکی ته‌نیای ناو شه‌هیدان ده‌مێنێته‌وه. شێرکۆ موڵکی نه‌ته‌وه‌یه‌که نه‌ک پارتێک، هه‌ربۆیه ناوی له لیستی شه‌هیدی هیچ پارتێکدا نییه. ئه‌مه‌ش شێرکۆی کردووه به شه‌هیدێکی ته‌نیا.
پۆڵا سه‌عید: داوات لێکردم، که پێکه‌وه وێنه‌یه‌ک له‌پاڵ ئه‌م مۆنۆمێنتی شه‌هیده‌دا بگرین، بۆچیی؟
ئاسۆ عه‌زیز: چونکه ئه‌م مۆنۆمێنته، مۆنۆمێنتی شه‌هیده، شه‌هیدی ئازادیی و بێ سنور. پێناس له جه‌نگاوه‌رانی خۆبه‌خشی سوێدیی، فینله‌ندیی، نهروێجیی، ئیسلاندیی و دانیمارکیی ده‌کات، که دژ به داگیرکه‌ری ئه‌ڵمانیی جه‌نگیوون. ده‌مه‌وێت کورد بیر له مۆنۆمێنتێک بۆ شه‌هید بکاته‌وه. شه‌هیدانی ئازادیی کوردستان، که کۆی شه‌هیدانی هه‌موو پارته‌کان له‌خۆی بگرێت، به‌بێ جیاوازیی، کۆی ئه‌و هه‌موو شه‌هیدانه‌ش له‌خۆ بگرێت، که خاوه‌نی پارت نه‌بوون، سه‌ر به هیچ ڕێکخراو و پارتێک نه‌بوون، به‌ڵام له‌پێناوی ئازادیی کورددا جه‌نگیوون و شه‌هید بوون. ئیمساڵ خۆشبه‌ختم، که به ڕێککه‌وتێک یادی شێرکۆم له‌م مۆزه‌خانه‌یه‌دا کرده‌وه. چه‌ند ڕۆژێکی تر ڕۆژی دایکانه، ئێستا خۆم به بهختهوهرتریین که‌س ده‌زانم، چونکه خاوه‌نی دایکێکی شیریین و برایه‌کی شێرم.
پۆڵا سه‌عید: بۆچیی پێت‌خۆش بوو، ئه‌م گفتووگۆیه بنووسرێته‌وه؟
ئاسۆ عه‌زیز: چونکه ئه‌مه‌ش بۆ خۆی مێژوویه‌که. ئێستا که‌م که‌س گوێ ده‌گرێ و ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵام له ئاینده‌دا، نه‌وه‌یه‌ک په‌یدا ده‌بێت، که ده‌خوێننه‌وه، ئه‌وسا ده‌رده‌که‌وێت، که کێ له‌مێژوو و له ئاینده‌شدا ده‌ژیی و نه‌مره.
06.05.2014
Share |
© 2012 . Created by Himdad Shwani