Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

کۆمەڵەی منداڵانی کورد / نەرویج : پیرۆزبێت رۆژی جیهانی منداڵان

رۆژی پێنج شەممە ( ٢٠ ی / نۆڤەمبەر / ٢٠١٤) یادی پەنجا و پێنجەمین ساڵڕۆژی راگەیاندنی مافەکانی منداڵانە .. ئەوەبوو لە رۆژی (٢٠ ی / نۆڤەمبەری / ١٩٥٩) دا، لە لایەن کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان راگەیاندرا .. پێشتریش، کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ( ١٩٥٤) دا، داوای لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد کە رۆژێک دیاری بکەن بە ناوی(رۆژی جیهانی منداڵان ) لەم رۆژەدا ئاهەنگ بگێڕن و .. ببێتە رۆژی برایەتی و لەیەکگەیشتن لە نێوان منداڵان لە هەموو جیهاندا .. هاوکات لەگەڵ رۆژی راگەیاندنی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان، لە رۆژی ( ٢٠ ی / نۆڤەمبەری / ١٩٨٩) دا، ( ١٩١) وڵاتی جیهان واژوویان لەسەر رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵان کرد، ئەم جاڕنامەیە، لە رۆژی (٢ی / سێپتەمبەری / ١٩٩٠ ) دا، چووە بواری جێبەجێکردنەوە .. ئەو دەوڵەتانەی واژووی رێکەوتننامەی مافەکانی منداڵانیان کردبوو، دووبارە بەڵێنیان دا، کە پاپەندی رێکەوتننامەکە دەبن و، دەقی هەموو مادە و بڕگەکانی جێبەجی دەکەن .. رۆژی واژووکردنی رێکەوتننامەکە کرا بە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) .. ئەمڕۆ رێکەوتی ( یادی بیست و پێنجەمین ) ساڵڕۆژی ( رۆژی جیهانی منداڵان ) ە .. هەموو ساڵێک لە یادی رۆژی راگەیاندنی جاڕنامە مافەکانی منداڵان و، لە رۆژی واژووکردنی رێکەوتننامەکەی مافەکانی منداڵان، کە هەردووکیان لە رۆژی ( ٢٠ی/ نۆڤەمبەر) دا، دەرچوون .. لە جیهاندا ئاهەنگی شیاوی خۆشی و شادی بۆ منداڵان سازدەکرێت و، منداڵان دەموچاوی خۆیان بە بۆیەی تایبەتی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنن و، پیرۆزبایی لە یەکتری دەکەن و، گوزارشت لە خۆشی و شادی خۆیان دەکەن، دایکان و باوکان و رێکخراوەکانی منداڵان و، حکومەتیش، دیاریی جوان و قەشەنگ پێشکەش بە منداڵان دەکەن .
بەڵام بەداخەوە، بەشێکی زۆری ئەو وڵاتانەی کە واژوویان لەسەر رێکەوتننامەکەی مافەکانی منداڵان کردوون، نەک هەر جێبەجێی مافەکانی منداڵانیان نەکردوون، بەڵکۆ زۆر بە زەقی و بە ئاشکرا و بە رۆژی رووناک، بە شێوەیەکی دڵڕەقانە و نامرۆییانە منداڵان دەچەوسێننەوە و پێشێلی مافەکانیان دەکەن .. وەکو کۆیلە لە منداڵان دەڕوانن .

منداڵان لە هەر شوێنێکی جیهاندا بن .. هەر منداڵن .. لە هەر شوێنێکی جیهاندا بژین .. بەبێ هیچ جیاوازییەکی رەگەزی و نەتەوەیی، هەر هەموویان هەمان مافیان هەیە .
لە ئەمڕۆدا، لە سایەی رژێمە رەگەزپەرست و دڕندەکانی داگیرکەرانی کوردستاندا، منداڵانی کوردمان، لە باکوور و لە رۆژهەڵات و لە رۆژئاوای کوردستاندا، نەک هەر سادەترین مافیان لێ زەوتکردوون .. بەڵکۆ بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە و نامەردانەش لە لایەن چەقاوەسووەکانی ئەم رژێمانەوە، دەچەوسێنرێنەوە، تا ئێستا بە سەدان منداڵ و مێردمنداڵی کوردمان، بەدەستی دڕندەکانی داگیرکەران، بە ناڕەوا و بەبێ تاوان لە سێدارە دران، یا بە کوشتنی بە ئەنقەست شەهید کران .. تا ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆری مێردمنداڵی کوردمان، بە تاوانی کوردبوون، لە بەندیخانە سامناکەکانی تورکیا و ئێران و سوریادا، بەبێ تاوان رۆژانە پیسترین ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونیان دەدەن .. لە بارودۆخێکی زۆر خراپ و ناهەموار و ترسناک دان .. داگیرکەران رێش بە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی منداڵان و رێکخراوی (هیومان رایتش ۆچ ) نادەن کە سەردانی گرتووخانەکانیان بکەن و، تاوانەکانی ئەم رژێمە داگیرکەرانە، کە بەرانبەر بە منداڵانی کورد دەیکەن، بۆ جیهان ئاشکرایان بکەن .
منداڵانی کورد، تامەزرۆی ئازادی و ئاشتی و ژیانن .. حەزیان لە خوێندنە بە زمانی شیرینی کوردیمان .. حەزیان لە خۆشی و پێکەنینە .. حەزیان لە یاری و هەڵپەڕینە .. بەڵام بە داخەوە، تا ئەمڕۆش بێ بەشن لە مافەکانیان و، لە ترس و دڵڕاوکێدا دەژین .. تا ئەمڕۆش لە سایەی هەژاری و نەبوونیدا، بەشێکی زۆری منداڵانی کوردمان، بە ناچاری کاری قورس و گران دەکەن، کە لە گەڵ تەمەن و لەگەڵ چەستەی ناسکیاندا ناگونجێن ، بەشێکی زۆری منداڵانمان، لە چێژی خۆشی و شادی ژیان بێ بەشن و، بە کوێرەوەری و هەناسە ساردی سەردەنێنەوە .. ئاگایان لە رۆژی جیهانی منداڵان نییە .. خواخوایانە پارەی بژێوی ئەو رۆژەی خێزانەکانیان دابین بکەن .
منداڵانی کورد دەپرسن : بۆ ئێمەش وەکو زۆربەی منداڵانی جیهان مافمان نییە .. ؟! بۆ لە خوێندن و لە یاری و لە خۆشی و شادی بێ بەشین .. ؟! بۆ ئێمەش وەکو منداڵانی هەبوو و خاوەن پلە و دەسەڵاتدارەکان تێر و پۆشتە نین .. ؟! ئەوانە کێن کە ئازادی و ئاشتی و یاری و پێکەنینیان لێ زەوتکردووین .. ؟! داگیکەرکەران تاکەی وازمان لێناهێنن و، دەست لە نیشتمانی هەزاران ساڵەی باو و باپیرانمان هەڵناگرن .. ؟! تاکەی لە خاکی خۆماندا دەربەدەر و ئاوارەبین ..؟! تا کەی برسێ و توینی و پێ خاوس و رووت و رەجاڵ بین .. ؟! تاکەی لە تاوی گەرما و سەرما ئۆقرەمان نەبێت ..؟! ئەو دەوڵەتانەی کە بە سامانی کورد وڵاتەکانی خۆیان کردوون بە بەهەشت .. بەزەییان پێمان دێتەوە و خێرمان پێدەکەن .. ؟! لە کاتێکدا کە کوردستان لەسەر دەریایەکی نەوت و گازدایە .. ؟! ئەی بۆ تاوانە ئەگەر ئێمەی منداڵانی کورد، وەکو منداڵانی تورک و فارس و عەرەب، بە زمانی شیرینی کوردیمان بخوێنین و بنووسین و بخوێنینەوە .. ؟! بۆ بانێکە و دوو هەوایە ..؟!
ئەی بۆ چەتە بێڕەوشتەکانی داعش، شەمشەمەکوێرە تاریک پەرستەکان .. بەبەر چاوی جیهانەوە .. وەکو کۆیلە و کاڵایەکی بازرگانی خۆشک و براکانمان، منداڵە رفێنراوەکانی شەنگال و زەممار دەفرۆشن ..؟! .. تاوانی ئێمە هەر ئەوە نییە کە کوردین ..؟! تاوانی ئێمە هەر ئەوە نییە کە ژیانخواز و ئازادی و ئاشتی خوازین و، حەز لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی و یەکسانی و دیموکراتی دادپەروەری دەکەین ..؟!
ئەی منداڵانی جیهان، هاوڕێ ئازیزەکانم : ئەمساڵ خوشک و براکانتان، هاوڕێکانتان، منداڵانی کورد لە کوردستاندا .. لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا .. ئاهەنگی خۆشی و شادی سازناکەین .. تا منداڵانی ئاوارەبووەکانی شاری كۆبانی پاڵەوان و بەرخودانی، تا منداڵە دزراوەکانی شەنگالی بریندار و، منداڵانی جەلولا و، موسڵ، تا هەموو منداڵە ئاوارەبووەکانمان .. نەگەڕێنەوە بە گوند و شارەکانیان و شاد نەبنەوە و نەچنەوە بۆ ناو ماڵی خۆیان .. تا زەدەخەنە و پێکەنین نەگەرێنەوە بۆ سەر لێوە وشکەکانیان .. تا دەموچاویان هەڵقرچاوەکانیان، نەگەشێنەوە و، خۆشی و شادی نەگەڕێنەوە بۆ دڵە ناسک و قنجەکانیان .. ببوورن ، کە ئێمە لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا، ئاهەنگ بەم بۆنەیەوە سازناکەین .. بۆیە کۆمەڵەکەمان ( کۆمەڵەی منداڵانی کورد / لە نەرویج ) بڕیارمان دا، کە ئەمساڵ لە بۆنەی ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا، ئاهەنگ سازنەکەین، وەکو گوزارشتێک لە هاوخەمی و هاوسۆزی هاوڕێزیمان، بۆ خوشک و براکانمان، بۆ منداڵە ئاوارەبووەکانی هەموو کوردستان .. بەڵام ئێمە زۆر گەشبینین، کە لە سایەی بەرگری و خۆڕاگری خوشک و برا گەریلا و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، کە بوونەتە سومبولی قارەمانێتی و بەرخودانی لە هەموو جیهاندا .. کە پيش مەرگ کەوتوون و گیان لەسەردەستانە، بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن .. رۆژ لە دوای رۆژیش گورزی گورچکبڕ لە چەتەکانی داعش دەدەن .. هەموو خەڵکی دنیاش ئەوە دەزانن، کە چەتەکانی داعش لە لووتکەی بێڕەوشتی و دڕندەییدان .. تاوانێکی زۆریان بەرانبەر بە منداڵان بە گشتی و، منداڵانی کورد بە تایبەتی کردوون .. تاوانە قێزەوەنەکانیان .. بە تاوانی نێودەوڵەتی دادەنرێن .. تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین .. داوا لە ( رێکخراوی یۆنیسیڤ ) و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین .. چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاستی تاوانەکانی داعش دەرهەق بە کوشتن و، بە فرۆشتنی منداڵان و خوشک و ژنانی برا ئێزیدییەکانمان .. بە جدی هەوڵبدەن بۆ رزگارکردنیان لە دەستی ئەم دڕندە بێڕەوشتانە .. کە نە سۆزیان هەیە و، نە بەزەیی و نە ویژدان و نە رەوشت .. ئێمە دڵنیاین، کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردە و، بەزین و سەرشۆڕی و رووڕەشیش بۆ داعش و بۆ داگیرکەرانی کوردستانە .. هیوادارین و گەشبینین، کە لە ساڵی داهاتوودا .. پەیمای سەرکەوتنی تەواتان بۆ بنێرین .. لە ساڵێ داهاتوودا ئێمەی منداڵانی کوردیش لە یادی رۆژی جیهانی مندااڵان دا، بە دڵخۆشی و رووخۆشیییەوە، لە کوردستاندا، لەم رۆژە مەزندا، بەشداری دەکەین و، خۆشترین ئاهەنگی شادیش سازدەکەین .
بژی کورد .. بژی کوردستان
رسوایی و سسەرشۆڕی و مردن بۆ داگیرکەران و .. بۆ چەتە بێڕەوشتەکانی داعش
رەزا شوان : سەرۆکی کۆمـەڵەی منـداڵانی کورد / لە نەرویـج
نەرویـج : ١٨ / ١١ / ٢٠١٤

Share