Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

خه‌م وه‌ک دیاریی .. ئاسۆ عزیز

IMG 3635 1له ساڵیادی کۆچی دوایی دیارییدا، تێده‌گه‌م له‌وه‌ی که دیاریی دیارییه‌ک بوو چ بۆ خۆی و چ بۆ ئێمه‌ش وه‌ک که‌سوکاری. ئێمه فێربووین که ته‌نها خۆشیی و به‌خته‌وه‌رییه‌کانمان به ژیانمان بزانین و هه‌رچیی ئازار و خه‌م و ناخۆشییشه به به‌شێکی نامۆ و بێگانه به ژیان. ئێمه مامه‌ڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانمان ته‌نها له هه‌لومه‌رجی ئاوهادا باشتر ده‌که‌ین و لێوه‌ی فێرده‌بین.
چاره‌نووسی ئاده‌میزاد وه‌هایه، هه‌ندێک له سه‌ره‌تای منداڵییه‌وه نووقمی به‌خته‌وه‌ریی و خۆشین و هه‌ندێکیش له سه‌ره‌تای منداڵییانه‌وه نووقمی نه‌خۆشیی و خه‌م و په‌ژاره‌ن به وێنه‌ی دیاریی. دیاریی به ته‌نها پرۆسێسێکی فێربوون نه‌بوو بۆ خۆی، به‌ڵکوو بۆ ئێمه‌ش. پرسیاری من لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئاخۆ چیی له دیارییه‌وه فێربووین؟ په‌یامی دیاریی چییه بۆ ئێمه؟
مرۆڤ که هه‌ژار بوو، نه‌خۆش بوو، بێده‌سته‌ڵات بوو واتای ئه‌وه نییه که ئێمه مافی ئه‌وه‌مان هه‌بێت، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین که ویستی ئێمه‌یه نه‌ک ئه‌و. واتای ئه‌وه نییه که به‌س ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی که ئه‌و پابه‌ندی یارمه‌تییه‌کانی ئێمه‌یه، ئیدی ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌تی بۆ کردن بێجگه له سووپاسکردن، به‌ڵکوو ملدانه‌واندنیشه بۆ هه‌موو مامه‌ڵه‌کانی ئێمه له‌گه‌ڵیدا.
دایکێک له نیشتمانێکی وه‌ک باشووری کوردستاندا، ناتوانێت هاوکاریی کوڕێکی نه‌خۆشی بکات، ئه‌گه‌ر بێتو خاوه‌نی ده‌سته‌ڵات و سه‌رمایه نه‌بێت. دایکێک ناتوانێت کوڕه‌که‌ی فێری ڕۆیشتن بکات، له‌کاتێکدا خۆی پێی ڕۆیشتنی نه‌بێت. بارته‌قای خه‌مه‌کانی دیاریی، دیارییه‌ک خه‌مه بۆ ئێمه. دیارییه‌ک که پێویسته به ڕێز و خۆشه‌ویستیی و سووپاسه‌وه وه‌ریبگرین، چونکه ئێمه هه‌ریه‌که‌مان جۆرێک دیاریین بۆ یه‌کتریی.
ئێمه هه‌موو ژیانێک ژیاین که به‌سه‌رماندا سه‌پێنرابوو، نه‌ک هه‌ڵبژارده‌ی خۆمان. ئێستاش هه‌روه‌ک جاران ژیانێک ده‌ژین که سه‌پێنراوه به‌سه‌رماندا نه‌ک ویستی خۆمان. نرخی هه‌ریه‌کێکمان له مرۆڤایه‌تییماندایه نه‌ک له سه‌رمایه و ده‌سه‌ڵات و پۆسته‌کانماندا. دیاریی نه سه‌رمایه نه ده‌سه‌ڵات نه پۆستی نه‌بوو، به‌ڵام مرۆڤایه‌تییه‌که‌ی هێنده گران بوو، ده‌شێت ده‌سه‌ڵاتی پۆست و سه‌رمایه‌کانمان توانای کڕینی نه‌بووبێت.
دیاریی دیاریی سروشته بۆ دایکی، دیاریی دیاریی دایکێتی بۆ باوک و خوشک و برا و که‌سوکار. دیاریی دیاریی خۆشیه‌تی بۆ هه‌موو ئێمه، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه که ئێمه چۆن ئه‌و دیارییه وه‌رده‌گرین و چلۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌که‌ین. ده‌شێت هه‌ندێکمان له ژووری میواندا دایبنێین هه‌تاوه‌کوو پیشانی میوانه‌کانمانی بده‌ین. هه‌ندێکمان له پاکه‌تێکی بکات و له ژێرزه‌مینه‌کانیاندا بیخه‌نه ژێر کۆمه‌ڵێک که‌ره‌سته‌ی تره‌وه. هه‌ندێکمان بیکاته به‌رگێکی ڕه‌ش و له‌به‌ری بکات، وه‌ک سیمبوڵێک بۆ خه‌مێکی ئه‌به‌دیی. هه‌ندێکیشمان له هه‌ناوی خۆیدا هه‌ڵیبگرێت و له ژیانی ڕۆژانه‌‌یدا بیکاته هاوڕێ و شه‌ریکی خۆی. ماوه‌ته‌وه بڵێم که تۆ کامیانیت؟
ئاسۆ عزیز
هۆڵاند
15.1.2015

Share