Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

ده‌زگای ئینقازی توركمانی له‌ عێراق راپۆرتێكى 54 لاپه‌ره‌یی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان ده‌كات .. دلێر ئیبراهیم

1-1800بۆ ئیدانه‌كردنی تاوانكارییه‌كانی گرووپی تیرۆریستی داعش، ده‌زگای ئینقازی توركمانی له‌ عێراق، راپۆرتێكى 54 لاپه‌ره‌یی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان كرد، كه‌ كارى جدی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جینۆسیاید بناسرێن.
خاتوو فلۆرین گۆرگیس به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، به‌ئاماده‌بوونی دلێر ئیبراهیم به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كان، پێشوازیی له‌ د. عه‌لی ئه‌كره‌م ئه‌لبه‌یاتی سه‌رۆكی ده‌زگای رزگاركردنى گه‌لى توركمان له‌ عیراق (ئینقازی توركمانی) و خاتوو هيمان ڕه‌مزی خانمه‌ چالاكوانی توركمانی كرد.
سه‌رۆكی ده‌زگای ئینقازی توركمانی راپۆرتێكى 54 لاپه‌ره‌یی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان كرد، سه‌باره‌ت به‌و تاوانانه‌ی كه‌ داعش به‌رامبه‌ر به‌ ژنانی توركمان و پێكهاته‌كانی تر له‌ پارێزگاكانی موسڵ ‌و كه‌ركووك ‌و سه‌ڵاحه‌دین ‌و دیاله‌ ئه‌نجامیان داوه‌.
له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئه‌و تاوانكارييانه خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ توركمانه‌كان و پێكهاته‌كانی تر له‌ موسل و كه‌ركوك و دیاله‌ و سه‌ڵاحه‌ددین له‌ ده‌ستى گروپی تیرۆریستى داعش رووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌ ، ئه‌وه‌شى خسته‌روو جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمان، وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی‌‌ فه‌رمى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازیان له‌ راپۆرته‌كه‌ كردووه، كه‌ تیایدا ورده‌كاری ‌و جۆر ‌و شێوازی تاوانه‌كان تۆماركراون.
خاتوو فلۆرین گۆرگیس وێڕای ده‌ستخۆشیكردن له‌ ده‌زگاكه‌ و هه‌وڵ و ماندووبوونیان له‌ ئاماده‌كردنی راپۆرته‌كه‌، دڵنیایكردنه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ راپۆرته‌كه‌‌و هه‌رچی له‌ توانایدا بێت بۆ به‌رگریكردن له‌ ژنان و منداڵان له‌ پێكهاته‌ ئاینی ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌و عیراق ده‌یكات و گوتی: "ئه‌و راپۆرته‌ ده‌بێته‌ یه‌كێكى تر له‌ به‌ڵگه‌ی تاوانه‌كانی داعش‌ به‌رامبه‌ر پێهكاته‌ ئایينی ‌و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان ‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ‌و ناوچه‌كانی تری عیراق"...‌ به‌پێی راپۆرته‌كه‌ تا ئێستا 50 ئافره‌ت ‌و 70 منداڵ له‌ نه‌ته‌وه‌ی توركمان له‌ ژێر ده‌ستی داعشداماون.
خاتوو فلۆرین گۆرگیس جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی خانمان،‌ كارى جدی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ ده‌كات بۆئه‌وه‌ى ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جینۆسیاید بناسرێن.
د. عه‌لی ئه‌كره‌م ئه‌لبه‌یاتی، سه‌رۆكی ده‌زگای ئینقازی توركمانی سوپاسى ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی كرد بۆ گرنگیدان به‌ راپۆرته‌كه‌یان و ئه‌رك و رۆلی ئه‌نجومه‌نی باڵای كاروباری خانمانی له‌ به‌دواداچوونی راستییه‌كان له‌سه‌ر تاوانكارییه‌كانی گرووپی تیرۆریستی داعش، به‌رزنرخاند‌... هه‌ر له‌ ديداره‌كه‌دا پرسی به‌جینۆسایدناساندن ‌و رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌ ده‌ستی داعشن خرایه‌ به‌رباس.

Share