Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

شه‌هیدی نه‌مر ره‌ووف حاجی محه‌مه‌د گوڵانی { جه‌وهه‌ر } .. ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

shahhdگوڵانه‌كان، سێ دێی جوان و قه‌شه‌نگن له‌ لاپاڵی شاخی گوڵانه‌وه‌ { گوڵانی وه‌ستاكان، گوڵانی حاجی كاكه‌وڵاو گوڵانی حه‌مه‌ی مه‌حموو} زۆر له‌ شاری ده‌ربه‌ندیخان و مۆڵگه‌كانی دوژمن نزیك بوون به‌ڵام زوربه‌ی كادیران وهه‌ندی له‌ سه‌ركرده‌كانی حزب له‌وێ ئه‌ژیانبه‌ تایبه‌تی هاورێیانی تێكۆشه‌ر عبدوللای مه‌لا فه‌ره‌ج (مه‌لا عه‌لی) و دكتور فارس ره‌حیم یادی به‌خیرو، كورانی حاجی محه‌مه‌دو خزم و كه‌سو‌كاری هه‌ر زوو روویان كرده‌ حزبی شیوعی عێراق و، رۆوفی كوری هێشتا مێرمنداڵ بوو په‌یوه‌ندی به‌ حزبه‌وه‌ كردو، زۆر به‌ گه‌رموگوری و چالاكانه‌ كه‌وته‌ كاركردن.
به‌ڵێ، رۆوف له‌ بارودۆخی گرتن وكوشتن وشه‌ری حكومه‌ته‌ خوێنرێژه‌كان نموونه‌ی ئازایه‌تی وخۆراگری قاره‌مانانه‌ بوو، له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به‌ ئه‌ندامی حزب و، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بوو به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی جوتیاران و، ئه‌م لێژنه‌یه‌ كاروباری ناوچه‌كه‌ هه‌ر له‌ قه‌ره‌داغه‌وه‌ تا وارماوه‌و ده‌ربه‌ندیخانی به‌رێوه‌ ئه‌برد.
له‌ پاش به‌یانی 11 ی ئازاری مێژوویی ساڵی 1970 هاورێ ره‌ۆوف زۆر به‌ گورو به‌تین دوور له‌ ماندوو بوون په‌ره‌ی به‌ تێكۆشانداو، حزب بۆ فێربوون و زیادكردنی زانیاری فیكری و رێكخراوه‌یی ناردیه‌ به‌غداو ، له‌وێ چه‌ند كۆرس و ده‌وره‌ی بینی و، له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا بوو به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی محه‌لی پارێزگاری سلێمانی و به‌رپرسی رێكخراوی حزب له‌ قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان.
ره‌ۆوف كادرێكی به‌ تواناو چالاك بوو جێی سه‌رسورمانی هاورێیانی بوو له‌ ئه‌نجامدانی كارو ئه‌ركه‌كانی و ، هه‌ر بۆیه‌ متمانه‌ی حزب و جه‌ماوه‌ری وه‌ده‌ستهێناو. حزب كردی به‌ ئه‌ندامی رێكخراوی تێكۆشه‌ری هه‌رێمی كوردستان.
سه‌ره‌تای ساڵی 1978 رژێمی دیكتاتۆری به‌ مه‌به‌ستی كرتنی رۆوف چه‌ند كه‌ره‌ت هه‌وڵیداو نه‌یتوانی و، هاورێ بۆ خۆشاردنه‌وه‌ ناچار كرا روو بكاته‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و، له‌وێشه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك هاوری چوون بۆ هه‌ورامان و، دامه‌زراندنی بنكه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی حزب له ناوچه‌ی {به‌له‌بزان} و، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی یه‌كێك بوو له‌ به‌رپرسه‌كانی حزب روو به‌رووی زۆر مه‌ینه‌ت و هیلاكی بوو، بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگاوبان بۆ ئازوقه‌و خواردن و، دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و، ژماره‌ی هاورییان رۆژ له‌ دوای رۆژ زیادی ئه‌كرد تا گه‌یشت به‌ 150 – 200 كه‌س و ئه‌وه‌ی هه‌بوو ته‌نها 10 چه‌كی كۆن بوون.
دووای شه‌ری پاوه‌، شه‌ری هێزه‌كانی ئێران دژ به‌ حزبی دیموكراتی كوردستانی – ئێران {حدكا} هێزه‌كانی حزب ناچار كرا به‌له‌بزان جێبێڵی و له‌ رووبای سیروان بپه‌رێته‌وه‌ بۆ هه‌زارپه‌س و چه‌می گریانه‌ و، هاورێ رۆوف كه‌ نازناوی {جه‌وهه‌ر} بوو رۆڵێكی به‌رچاوو كارامه‌ی هه‌بوو له‌ روونكردنه‌وه‌ی سیاسه‌تی حزب و كارو ئه‌ركه‌ نۆێكانی پێشمه‌رگایه‌تی (عه‌سكه‌ری) و، چۆنێتی پاراستنی بنكه‌و هاورییان له‌ كاتی هێرشی ناكاوی دوژمن (سوپاو جاشی) رژێم.
هاورێ جه‌وهه‌ر سه‌ركردایه‌تی چه‌ندین مه‌فره‌زه‌ی كرد بۆ لێدانی بنكه‌و ره‌بایاكانی دوژمنی ترسنؤك و، به‌و جۆره‌ كارانه‌ وره‌ی پێشمه‌رگه‌ی به‌رز ئه‌كرده‌وه‌و، كاتێ بنكه‌ی حزب گواسترایه‌وه‌ بۆ دێی بیتوش له‌ ناوچه‌ی ئالان، هاورێ وه‌ك سه‌ركرده‌ له‌ گه‌ڵ چه‌ند مه‌فره‌زه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنی دیكتاتۆری چوون بۆ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ و، له‌ پاش چه‌ند مانگێك ده‌ستی كرد به‌ دامه‌زراندنی ژماره‌یه‌ك مه‌فره‌زه‌ی بچوك بۆ لێدانی كه‌سانی سه‌ر به‌ رژێم و، دابه‌شكردنی به‌یان وبڵاوكراوه‌كانی حزب و، ئه‌وه‌ش وای له‌ خه‌ڵك كرد په‌یوندی زیاتر به‌ حزبه‌وه‌ بكه‌ن.
له‌ ساڵی 1983 له‌ كاتی شه‌ری پشتاشان مه‌فره‌زه‌یه‌كی قاره‌مانی حزب و هاوری جه‌وهه‌ر كه‌وته‌ كه‌مینێكی چه‌په‌ڵی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و، له‌پاش شه‌رو پێكدادان 2 هاوری شه‌هید كران{ نه‌جم شیخ محه‌مه‌د بانیخیڵانی و كامل ئه‌حمه‌د سه‌مین } و، خوێ و هاورێ كامه‌رانی عه‌له‌ ره‌ش و ژماره‌یه‌ك له‌ هاورییانی تر برندار بوون و،له‌ ساڵی 1986 به‌ مه‌به‌ستی تیماركردن و خوێندن حزب ناردیه‌ مۆسكۆ له‌ یه‌كێتی شۆره‌وی و، له‌ گه‌رانه‌وه‌یدا حزب ناردیه‌ كۆماری یه‌مه‌نی دیموكراتی بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی زانیاری عه‌سكه‌ری و، كه‌ گه‌رایه‌وه‌ كوردستان بوو به‌ به‌رپرسی عه‌سكه‌ری مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و كه‌ركوك - حزبی شیوعی عێراق.
ساڵی 1987 به‌ هاوكاری هاورییان و به‌رپرسانی حزبه كوردستانییه‌كانی تر نه‌خشه‌یان بۆ لێدانی دوژمنی دیكتاتۆری و ئازادكردنی قه‌رداغ داناو، سه‌ركه‌وتووانه‌ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام و دوژمنیان له‌و ناوچه‌یه‌دا قاوداو، حزب به‌ بێ زیان ده‌سكه‌وتێكی باشی ده‌ستكه‌وت و، هه‌ر له‌ پاش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ هاورێ به‌ یارمه‌تیدانی هاورییاتی تر نه‌خشیان بۆ كرتنی شارۆچكه‌ی نه‌وجول دارشت و، هیزه‌كانی حزب به‌ ته‌نها توانیان له‌ ماوه‌یه‌كی كورتداو به‌ بێ زیان ده‌ست به‌ سه‌ر شارۆچكه‌كه‌ بگرن، له‌ گه‌ڵ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ له ئۆتۆمبیل و دۆشكاو و هاوه‌ن و ئار بی جی R B G و چه‌كی سووك و كه‌ره‌سه‌ی ‌یوه‌ندی (بێته‌لی راماڵ).
له‌ شوباتی 1988 هاورێ جه‌وهه‌ر له‌ گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ كه‌وتنه‌رێ به‌ره‌و گه‌رمیان و ناحیه‌ی جه‌باره‌ به‌ مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی هێزی دوژمن (ئیستطلاع) و، پاشان ئازادكردن و كرتنی شاروچكه‌ی جه‌باره‌و، له‌و كاتانه‌دا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ دوژمنی خوێنرێژ نیازی هه‌یه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر ناوچه‌ی قه‌ره‌داع، بۆیه‌ یه‌كسه‌ر به‌بێ راوه‌ستان گه‌رایه‌وه‌ بۆ باره‌گای مه‌ڵبه‌ند له‌ دێی ئه‌ستێڵی سه‌رو له‌ قه‌ره‌داع و، له‌ رۆژانه‌دا دوژمنی دیكتاتۆری سه‌دام حوسه‌ین به‌ چه‌كی كیمیاوی دای له‌ دێی سێوسێنان و دوكان و78 كه‌س له‌ سێوسێنان شه‌هید بوون و، له‌ پاش ئه‌و كاره‌ساته‌ دڵته‌زێنه‌ و له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفالی دێزو چه‌په‌ڵ رژێمی به‌دناو هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌ و پێشمه‌رگه‌كانی حزبمان رۆڵی باشیان هه‌بوو له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی سوپاو جاشی رژێمێ خوێنمژدا.
له‌ كاتی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی حزب و حزبه‌كانی تر له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ هاورێ جه‌وهه‌ر نه‌یویست ناوچه‌كه‌ چۆڵ بكات و، سوور بوو له‌ سه‌ر مانه‌وه‌و، له‌ پاش ره‌زامه‌ندی حزب له‌ گه‌ڵ پۆلێك له‌ پێشمه‌رگه‌ ئازاكانی حزب مایه‌وه‌ و، له‌ كاتی چوونی به‌ ئه‌ركێكی حزبی بۆ ناو (مجمع) ی نه‌سر له‌ نێوان زه‌رایه‌ن و عه‌ربه‌ت و، به‌ چاوساغی چڵكاوخۆرێكی سه‌ر به‌ رژێمی به‌عسی جانه‌وه‌ر، هێزه‌ تایبه‌تییه‌كانی رژێم ئه‌ده‌ن به‌ سه‌ر شوێنی هاورێ جه‌وهه‌ری كۆڵنه‌ده‌رو، دوژمن هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی نوێ و مۆدیرن به‌كار ئه‌هێنی و، ، له‌ پاش شه‌رێكی درندانه‌ له‌ رۆژی 9/10/1989 ئه‌یگرن و ره‌وانه‌ی گرتووخانه‌ ترسناكه‌كانی ئه‌كه‌ن و، زۆر درندانه‌ ئازاری ئه‌ده‌ن و هاورێی نه‌مر هیچ شتێك نادات به‌ده‌‌سته‌وه ‌وه‌ك ماڵی حزبی و شوێنی هاورییان وپێشمه‌رگه‌ی ناو شاره‌كان و نهێنییه‌كانی ترو، به‌و هه‌ڵوێسته‌ پر له‌ قاره‌مانێتییه‌ زیاتر رووی دوژمن و چڵكاوخۆرانی ره‌ش ئه‌كات و، دوژمن هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌ جگه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری كارێكی چه‌په‌ڵی نامرۆڤانه‌ و له‌ رۆژی 24/6/1990 هاورێی قاره‌مانیان له‌ سێداره‌دا.
له‌ پاش كۆچی هاورێ جه‌وهه‌ر خێزانه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی { قه‌دری خانی هاوسه‌ری و 2 كچه‌كه‌ی - رۆژان و سازان و 2 كوره‌كه‌ی - گۆران و ئاواره‌ } به‌جێماون.
به‌ڵێ ئه‌ی هاورێی سه‌ركرده‌، ئه‌ی مامۆستای لێهاتوو، ئه‌ی پێشمه‌رگه‌ی چاونه‌ترس، ئه‌ی به‌رپه‌رسی خۆنه‌ویست، ئه‌ی شه‌هیدی نه‌مر گیانتان له‌ پێناو گه‌ل و نیشتمان و حزب و شیوعییه‌ت به‌خت كرد، ئه‌ی شه‌هیدی نه‌مر ئێوه‌ بوون به‌ چرا بۆ هه‌موو شیوعییه‌كان و دۆستانیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر رێبازه‌ پیرۆزه‌كه‌تان برۆن له‌ پێناو: نیشتمانێكی ئازادو گه‌لێكی به‌ختیار.

Share