Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

ڕیفراندۆمەکەی باشور. مەهدی خالید غەمبار

mehdi xalid xembarئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان؟؟؟ ...  مه‌هدی  خه‌مبار       

ڕیفراندۆمه‌كه‌ی باشور له‌ ٢٥\٩\٢٠١٧ به‌ڕێوه‌چو، به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌كه‌ش هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌‌ ئاووهه‌وای فینله‌ندا ده‌چو، لێره‌ جاری وا بوه‌ له‌ ڕۆژێكدا و له‌ ناو خودی یه‌ك شاردا له‌ شوێنێك باران و له‌ شوێنێكیتر ساماڵ و له‌ ٢ كم ئه‌ولاتره‌وه‌ هه‌وره‌تریشقه‌ بوه‌، كێشمه‌كێشی ئه‌نجامدان و نه‌دانی زۆر به‌ ڕونی له‌ ده‌سپێكیه‌وه‌ تا كۆتاییه‌كه‌ی زۆر به‌ڕونی له‌ هه‌ردو زۆندا دركی پێده‌كرا و    خیتابه‌كانی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردی له‌ ڕۆژانی بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆم و دوای ئه‌وه‌ش به‌پێیی كات و جێگا هه‌ڵكشان و داكشانی به‌خۆوه‌ ده‌بینی.

با چه‌ند ساتێك چاوه‌ڕوانبین تا بزانین لێكدانه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێمه‌مانانی ناسیاسی و بێئاگا له‌و‌ سیناریۆ و كه‌ینوبه‌ینانه‌ی كه‌ له‌ نێو ژوره‌ داخراوه‌كان و پشت په‌رده‌ تاریكه‌كانه‌وه‌ ئه‌نجامده‌درێن،به‌ به‌راورد به‌ دوربینی و لێكدانه‌وه‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌ عه‌یار ٢٤ كانی وڵاتی خۆمان كامیان وردبینانه‌تر و واقیعبینانه‌ترن؟؟

له‌ دوای شكستی ڕیفراندۆم ، ئه‌نجومه‌نی باڵای ڕیفراندۆم به‌په‌له‌ په‌ل ناوه‌كه‌ی خۆیان گۆڕی و داش عێراقێكیان وه‌ك گاڵته‌جاڕی خسته‌ دوای ناوه‌ تازه‌كه‌یانه‌وه‌ ، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌و كاته‌ی له‌ كۆتایی ڕیفراندۆمه‌كه‌دا كه‌ سوپاسگوزاری خۆیان به‌ خه‌ڵكانی كوردستان ده‌گه‌یاند ، له‌ په‌له‌په‌لییاندا فه‌قیرانه‌ نه‌په‌رژانه‌ ئه‌وه‌ی سوپاسی كوردستانیانی هه‌نده‌ران بكه‌ن بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ی پشتیوانیان له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان كه‌ به‌ سازدان و به‌شداریكردنییان له‌ كه‌ڕنه‌ڤاڵه‌كانی پشتیوانی .   

پێشبینی هه‌مو ئه‌مانه‌ی كه‌ ڕوده‌ده‌ن و زیاتریشمان ده‌كرد كه‌ ڕوبده‌ن، هاوكات ئه‌م ئه‌ژنۆ له‌رزین و نه‌فه‌س كورتی و ڕه‌نگبزڕكان و لێوته‌ته‌ڵه‌كردن و به‌رزفڕین و نزم نیشتنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستانیشمان وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ بینیمان و ده‌یبینین ئه‌مانه‌‌ش چاوه‌ڕوانكراو بون بۆیه‌ هاواری ئه‌وه‌مانكرد كه‌ له‌ ئێستادا گشتپرسی ئه‌نجام نه‌درێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌رباری ‌ ئه‌وه‌ی كه‌ گوێمان لێنه‌گیرا، له‌ هه‌مان كات له‌ لایه‌ن خه‌ڵكانێكی كۆیله‌ و موراهیقی‌ سیاسی كورتبینه‌وه‌ تۆمه‌تی دژه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و خائینێتیان ده‌دایه‌ پاڵمان!  

به‌لای منه‌وه‌ ده‌بو لانیكه‌م ساڵێك به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی گشتپرسی، ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد بو كه‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی بهاویشتایه !؟‌

١ \  له‌ پێناو به‌رقه‌راربونی ئاشته‌واوایی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و یه‌كڕیزی و كۆده‌نگی و هاوده‌نگی نیشتیمانی دور له‌ سیاسه‌تی په‌راوێزخستن ،ئه‌ركی پارتی و سه‌ركردایه‌تیه‌كه‌ی بو كه‌ ئیتر له‌ كه‌لی شه‌یتانی بوغرایی و كه‌له‌ڕه‌قی بێته‌خواره‌وه‌ و به‌ نیه‌تێكی  پاكه‌وه‌ ده‌ستی ئاشتی ڕاسته‌قینه‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامی و لایه‌نه‌كانیتر درێژ بكات وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م و دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش  و پرۆسه‌ی ئاشته‌واییه‌كی گشتگیری نێوان جه‌ماوه‌ر و سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ده‌بێت ده‌ستپێبكات.

٢ \ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شێوه‌یه‌كی شارستانیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ هه‌نگاو بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی نیشتیمانی و چاره‌نوساز بنه‌ین  و هه‌موشمان وه‌ك یه‌ك له‌ ده‌رهاویشته‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنیه‌كانی به‌رپرسیاربین، ئه‌ركی سه‌ركردایه‌تی سیاسیه‌ لێره‌ به‌دواوه‌ بیر له‌ پێكهێنانی (( ده‌سته‌ی ڕاوێژ)) له‌ خه‌ڵكانی شاره‌زا و پسپۆر و خاوه‌ن ئه‌زمون و ڕۆشنبیران و ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و كه‌سایه‌تیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حیزب بكاته‌وه‌، ناكرێ تا ته‌پڵی قیامه‌ت كه‌سانێكی نه‌شاره‌زا و نا ئه‌كادیمستی سه‌ربازی بڕیاری هه‌ڵه‌ له‌ چاره‌نوسمان بده‌ن و مێژوش ئه‌مه‌ی پشتڕاستكردۆته‌وه‌ كه‌ به‌داخه‌وه تا ئه‌م چركه‌ساته‌ش‌ نه‌ك ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌نرا به‌ڵكو به‌و ئاقاهره‌شدا نه‌ڕۆیشتون، بۆیه‌ له‌ ئێستاشدا و به‌ر له‌وه‌ی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی لوتبه‌رزیتان له‌وه‌ زیاتر ووڵات نوغرۆ بكات، پێشنیار ده‌كه‌م تا زوه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ بهاوێژن.  

٣ \ په‌له‌كردن  له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی میله‌تیان هه‌راسانكردوه‌ و وه‌ك دۆزه‌خێك‌ خه‌ڵكانی هه‌ژار و كه‌م ده‌رامه‌ت و  موچه‌خۆران و چینوتوێژه‌ جیاجیاكانتان تێخستوه‌ و به‌پێچهوانه‌كه‌شی كاڵه‌ك به‌ ئه‌ژنۆ شكاندنه‌، پێویسته‌ هه‌رچی زوه‌ ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی برسیكردن و به‌زۆر سه‌پاندنی پاشه‌كه‌وتی موچه‌ی موچه‌خۆرانبن و له‌ فرۆشی نه‌وت و ئه‌و داهاته‌ زه‌به‌لاحه‌ی وڵاته‌كه‌مان گوزه‌رانی خه‌ڵكی چاره‌سه‌ر بكه‌ن   

٤ \ كاراكردنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و یاسایی ، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ به‌شوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان‌ له‌ داشی شه‌تره‌نج ده‌چێت و له‌ پشت په‌ڕله‌مانه‌وه‌ جوڵه‌ به‌ده‌ست و زمانیانه‌وه‌ ده‌كرێت.ناكرێ باس له‌ ده‌وڵه‌تداری بكه‌یت و كه‌چی له‌ولاشه‌وه‌  دوو فراكسیۆنی خاوه‌ن پێگه‌ كه‌ هێشتا نیه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌ی ئاشتكردنه‌وه‌یان نه‌ له‌ نێو په‌ڕله‌مان و نه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌ڕله‌مانیش گه‌ڵاڵه‌ نه‌بوه‌ .

یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی ئێمه‌ به‌ خه‌ته‌رناكمان ده‌زانی ئه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ ئێستادا ڕوده‌دات . من سه‌باره‌ت به‌ په‌ڕله‌مانی كوردستان و هێرشی سوپای عێراق و جاشی شه‌عبی  دوو پشبینی ده‌كه‌م !

١ \ كه‌ركوك و خانه‌قین و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ به‌ خوێن ڕزگار كراون ، به‌ دوو واژۆ ڕاده‌ستده‌كرێنه‌وه‌ ، هیوادارم ئه‌م دۆخه‌ لێكترازانیزیاتری نّماڵی كوردی لێنه‌كه‌وته‌وه‌

٢ \ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتو په‌ڕله‌مانی كوردستان له‌ سه‌ر پرسی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی سه‌رۆكی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌! منیش ده‌ڵێم پێویست به‌و عه‌زیه‌تكێشانه‌ ناكات ، من دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ كه ته‌مه‌نی‌ هه‌ردو ده‌زگاكه‌  بۆ ماوه‌ی پتر له‌ ساڵێك درێژ ده‌كرێنه‌وه‌!! ئێمه‌مانانیش ئه‌وانه‌ی پێمان ناخۆشده‌بێت با سیر له‌ هه‌ولێر بخۆین و له‌ سلێمانیش قنج هه‌ڵپه‌ڕین .  

     

 

Share