Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

مێژوو

نیشان پرێس دەقەکەی بڵاو دەکاتەوە؛ سایکس-بیکۆ چییە؟ بۆچی سەد ساڵە کوردی خستۆتە وەهمەوە؟

rsz 1sykes picot agreement map signed-8 may 1916لە (٢٠١٦/٥/١٦) رێککەوتننامەی (سایکس-بیکۆ)ی نێوان بەریتانیاو فرەنسا؛ یەک سەدە (١٠٠ ساڵ) تەواو دەکات، ئەو رێککەوتنە لە (١٩١٦/٤/١٥) بۆ (١٩١٦/٥/١٦)و بە شێوەیەکی نهێنی لەنێوان دوو وڵاتی داگیرکەری ئەوسا نوسرایەوەو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش کرد.

سەرەتاکەی چۆن بوو؟

ئەم رێککەوتنەی نێوان بەریتانیای مەزن‌و فرەنسا بەشێوەیەکی نهێنی‌و بە رەزامەندی ئیمپراتۆریەتی روسی بۆ دابەشکردنی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو، ئامانجیش لەم رێککەوتنە دابەشکردنی ناوچەی هەژموونی نێوان ئەو دوو وڵاتە داگیرکەرە بوو دوای ئەوەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی هەرەسی هێنا کە تاکە هەژموون بوو باڵی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشابوو لەمیانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و تەنانەت پێش جەنگیش، بەشێوەیەک ئەو ناوچانە وەک ویلایەت لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا بوون، بۆ نمونە:ویلایەتی بەغدا، ویلایەتی موسڵ، ویلایەتی بەسرە، ویلایەتی رەققەو چەندان ویلایەتی تر کە لە ناوچەکەدا بوون.

گفوگۆی ئەم رێککەوتنە لە مانگی (١١)ی (١٩١٥) بەشێوەیەکی نهێنی لەنێوان دیپلۆماتکاری فرەنسی (فرانسوا جۆرج بیکۆ)و دیپلۆماتکاری بەریتانی (مارک سایکس) دەستی پێکرد. لە ماوەی مانگێک، واتە لە (١٩١٦/٤/١٥) بۆ (١٩١٦/٥/١٦) دوا داڕشتەی رێککەوتنەکە ئامادەکراو بەئاگاداری روسیای قەیسەری واژۆی لەسەرکرا.

هاتنی کۆمۆنیستەکان لە روسیا


ئەم رێککەوتنە هەر بە نهێنی مایەوە تا بەلشەفییە شیوعییەکان لە ساڵی (١٩١٧) دەسەڵاتی قەیسەریان لە روسیا روخاندو خۆیان هاتنە سەر حوکم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە کۆمۆنیستەکان لە رێککەوتنەکە بکشێنەوەو ناوەرکەکەی بۆ عەرەب‌و تورک‌و کوردو گەلانی دیکەی ناوچەکە ئاشکرا بکەن، بەهۆیەوە حکومەتی بەریتانیاو فرەنسا بەرامبەر بە زنجیرە شۆرشێکی گەلانی ناوچەکە شەرمەزار بوون.

لە رێککەوتنەکەدا، فرەنسا بەشی هەرە زۆری ناوچەی رۆژئاوای بەرکەوت، وەک سوریاو لوبنان‌و ناوچەی موسڵ لە عیراق، بەڵام بەریتانیا ناوچەی نفوزی لە بەشی باشوری وڵاتی شامەوە دەستپێکرد تا رۆژهەڵات کە هەردوو ویلایەتی بەغداو بەسرای گرتەوە، وێرای سەرجەم ئەو ناوچانەی کە دەکەوتنە سەر کەنداوی فارس.

دەربارەی فەلەستینیش، بڕیار درا بخرێتە ژیر چاودێری نێودەوڵەتی بە راوێژی هەرسێ وڵاتی بەریتانیاو فرەنساو روسیا. بەڵام رێککەوتنەکە باس لەوە دەکات کە بەنداوی حەیفاو عەککا لەلایەن بەریتانیاوە بدرێتە فرەنسییەکان، واتە دەسەڵاتی بەکارهێنانیان هەبێت، لە بەرامبەریشدا فرەنسییەکان دەسەلاتی بەکارهێنانی بەنداوی ئەسکەندەرۆنە بدەنە بەریتانییەکان.

هەڵوەشانەوەی خەونی قەوارەی سەربەخۆی کوردی

ساڵی (١٩٢٠) جارێکی تر، فرەنسی‌و بەریتانییەکان لە کۆنگرەی (سان ریمۆ) پێداگیریان لەسەر ئەو دابەشبوونە کردەوە، دوای ئەوە، کۆمەڵەی نەتەوەکان‌و بۆ رازیکردنی تورکەکان لە (١٩٢٢/٦/٢٤) ناوچەکانی ژێر ئیتدابیان خستە سەر تورکیا، دوای ئەوەش رێککەوتنی (لۆزان) بۆ هەموارکردنەوەی سنورەکانی رێککەوتنی پەیماننامەی (سیڤەر) کرا، بەهۆی رێککەوتنی لۆزانیشەوە، ناوچە کوردستانییەکان لە باکوری سوریا خرانە سەر دەسەڵاتی ئەتاتورک وێرای هەندێ ناوچەی دیکە لە یۆنان.

واتە، رۆڵی کورد لە گەیشتن بە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی کرایە قوربانی رازیکردنی ئەتاتورک‌و وەک دیارییەک درایە تورکەکان‌و خەونی کورد کە لە رێکەوتنی سیڤەر تا ئەندازەیەک بەدی هاتبوو، هەروەک دەسەڵاتی دەنگدانیان پێدرابوو بۆ مانەوە لەچوارچێوەی ئەو ئیتدابە، یاخود راگەیاندنی قەوارەیەکی سەربەخۆ، بەهۆی تورک‌و وەک سازشێکی گەورەی بەریتانی‌و فرەنسییەکان درایە تورکەکان‌و ئیتر کورد کەوتە وەهمی ژێردەستبوون‌و وەک نەتەوەیەکی ژێردەستی تورک‌و عەرەب تا ئێستا مایەوە.

دەستبەرداربوونی کوردو زاڵبوونی وەهمی سایکس-بیکۆ

Saykes Bicon Mapکورد بە درێژایی مێژوو لەناو وەهمێکی گەورە ژیاوە، ئەو وەهمە وایکردووە ئازایەتییەکانی لێ زەوت بکات، نەهێڵێ دوای مافی خۆی بکەوێ، لە لایەکیان وەهمی پابەندبوون بە خەلیفەی ئیسلامی کە سوڵتان سلێمان بوو، دواتریش وەهمی (سایکس-بیکۆ)، سەرباری ئەوەش بێ ویستبوونی کورد لە دروستکردنی قەوارەیەکی سەربەخۆ لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەم‌و بە تایبەتیش دوای ئەوەی کە کۆمۆنیستەکان لە روسیا دەسەڵاتیان گرتە دەست‌و ناەرۆکی رێککەوتنەکەیان ئاشكرا کرد.

تورکەکان هەرزوو فریا خۆیان کەوتن‌و هەوڵیاندا رێککەوتنی (سیڤەر) هەڵوەشێننەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە رێی کۆمەڵەی نەتەوەکان لە رێککەوتنی (لۆزان) توانیان کوردستان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان‌و خەونی کوردیش بۆ پێکهێنانی قەوارەکی سەربەخۆ تا ئەم ساتە مێژووییە بخەنە ژیر گڵ‌و مۆمیای بکەن.

خۆخۆری کورد لەوکاتدا ببووە هۆکارێکی یەکجار گەورە، میرو ئاغاو بەگ‌و چەندان بەکرێگیراوی دیکەی عوسمانییەکان ببونە هۆکارێک بۆ خنکاندنی گیان‌و هۆشیاری نەتەوەیی، ئەوانە گەلی کوردستانیان کردە دیارییەک‌و لەسەر خوانچەیەکی زێڕین‌و لەبەردەم سوڵتانەکانی دوێنێ‌و ئەتاتورکەکانی دوای جەنگی جیهانی دووەم‌و دواتریش لە رێی ئینگلیزەکانەوە لەبەردەم نەتەوەی عەرەبیان دانا.

چینێکی کەمژمارەی کورد هەبوو کە هەوڵی جێگیرکردنی مافەکانی کوردیان دا، بەڵام بەهۆی ئەوە کورد وەک نەتەوە لە وەهم‌و خەواندنێکی گەورەی سیاسیدا بوو، بۆیە نەیانتوانی ئەوسا گەلەکەیان بگەیەننە سەر سەکۆی ئازادبوونی نەتەوەیی‌و بەدەستهێنانی قەوارەیەکی سەربەخۆ.

دەقی پەیماننامەی سایکس-بیکۆ، نیسان-ئایار ١٩١٦، بەشی تایبەتی بریتانیا‌و فرەنسا

ماددەی یەکەم:

Sykes-Picotفرەنساو بەریتانیای مەزن ئامادەن دان بە هەر دەوڵەتێکی عەرەبی سەربەخۆدا بنێن‌و بیپارێزن، یاخود دان بە هەر هاوپەیمانیەتێکی عەرەبی سەربەخۆ، یان، هاوپەیمانیەتی عەرەبی کە لە ژێر سەرۆکایەتی عەرەبدا بن لە ناوچەکانی: (أ)- (ناوخۆی سوریا)، (ب)- (ناوخۆی عیراق)، کە لە نەخشەی هاوپیچدا دیارن‌و فرەنسا لە ناوچەی (أ)و بەریتانیا لە ناوچەی (ب) مافی بەرایی هەیە لە پڕۆژەکان‌و قەرزە ناوخۆییەکان‌و فرەنسا تاکلایەن (یەکلایەنع دەبێت لە ناوچەی (أ)و بریتانیاش لە ناوچەی (ب) بە پێشکەشکردنی راوێژکاران‌و کارمەندانی بیانی بەپێی داواکاری عەرەبی، یاخود، هاوپەیمانی حکومەتە عەرەبییەکان.

ماددەی دووەم:

فرەنسا رێپێدانی هەیە لە ناوچەی شین (بەشی کەنارەکانی سوریا)و بریتانیاش ناوچەی سوور (بەشی کەنارەکانی عیراق لە بەغدا تاوەکو کەنداوی فارس) بۆ دامەزراندنی هەر جۆرە فەرمانڕەواییەک کە ئارەزوویان لێ بێت، بەشێوەیەکی راستەوخۆ، یاخود لەرێی، یان بەهۆی چاودێریکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوە دەبێت کە رێککەوتن لەگەڵ حکومەت، یاخود، هاوپەیمانییەتییە عەرەبییەکان، دەکرێ.

ماددەی سێیەم:

ئیدارەیەکی نێودەوڵەتی لە ناوچەی رەش (فەلەستین) پێکدەهێندرێ، شێوەکەشی، دوای راوێژی روسیاو بە رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیمانان‌و نوێنەری شەریفی مەککە، دیاریدەکرێ.

ماددەی چوارەم:

بەریتانیا ئەمەی خوارەوە بەدەست دێنێ:

  • بەنداوەکانی حەیفاو عەککا.
  • بەشێکی دیاریکراو لە ئاوەکانی دیجلەو فورات لە ناوچەی (‌أ) بۆ ناوچەی (ب) مسۆگەر دەکرێ‌و لە لایەن خۆشیەوە حکومەتی خاوەنشکۆ بەڵێن دەدات نەچێتە هیچ دانوستانێک لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە، بە مەبەستی دەستبەردان لە قوبرس، تەنیا لەو کاتەی نەبێت کە پێشوەخت حکومەتی فرەنسی پەسندبوونی خۆی نیشان دابێت.

ماددەی پێنجەم:

بەنداوی ئەسکەندەرۆنە بۆ بازرگانی ئیمپراتۆریەتی بەریتانی ئازاد دەبێت‌و هیچ مامەڵەیەکی جیاواز لە باجەکانی بەنداوی ناکەوێتە سەرو هیچ ئاسانکارییەکی تایبەتیش بۆ کەشتیوانی‌و کەلوپەلەکانی بەریتانی رەتناکرێنەوەو رێپێدانی ئازادی گواستنەوەی کەلوپەلەکانی بریتانیا لەرێگای ئەسکەندەرۆنەو هێڵە شەمەندەفەرە نوێیەکان لە ناوچەی شین دەبێت، جا چ لە ناوچەی سوور یاخود هەردوو ناوچەی (أ)و (ب)دا هەبن یان لێیوە دەربچن‌و هیچ مامەڵەیەکی جیاوازیش “راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ” لە هەر هێڵێکی شەمەندەفەر یان هەر بەنداوێک لە بەنداوەکانی ئاماژەبۆرکراوی ناوچەکانەوە جێبەجێناکرێ کە پەیگیری کەلوپەل‌و کەشتییەکانی بەریتانی بێت.

بەنداوی حەیفا-ش بۆ بازرگانی فرەنساو ناوچەکانی ژێرپارێزو دابڕگەکانی ئەو ئازاد دەبێت‌و هیچ جیاوازیەک ناکرێ لە مامەڵەکان‌و ئاسانکارییەکانی کەشتیوانی‌و کەلوپەلە فرەنسییەکان رەتناکرێنەوەو گواستنەوەی کەلوپەلە فرەنسییەکان لە رێگای حەیفاو هێڵە ئاسنینەکانی بریتانیا لە ناوچەی رەش، ئازاد دەبێت، جا ئەو کەلوپەلانە هەناردەکراو بن لە ناوچەی شین یاخود سوور یان ناوچەکانی (أ)و (ب) یاخود هاوردەکراو بن. نابێ هیچ جۆرە جیاوازیەکیش بکرێ لە مامەڵەکردن کە پەیوەست بن بە کەشتییەکانی فرەنسا لە هەر هێڵێک لە هێڵەکانی ئاسنین‌و هەر بەنداوێک لە بەنداوە ئاماژەبۆکراوەکان.

ماددەی شەشەم:

هێڵی ئاسنینی بەغدا لە ناوچەی (أ) ناگەڕێتەوە ئەودیو موسڵ لە باشوور، بەهەمانشێوە ناگەڕێتەوە ناوچەی (ب) بۆ ئەودیو سامەرا لە بەشی باکور تا ئەوکاتەی هێڵێکی ئاسنین بۆ بەغدا دروست دەکرێ کە بە حەلەبەوە تێپەڕێ‌و لە دۆڵی فوراتیش گوزەر بکات، ئەمەش دەبێت بەهاوکاری هەردوو حکومەت بێت.

ماددەی حەوتەم:

بەریتانیای مەزن مافی هەیە، هێڵێکی ئاسنین دروست بکات‌و بەڕیوەی ببات‌و تاکە خاوەنی بێت کە حەیفا بە ناوچەی (ب) بگەیەنێ‌، جگە لەوەش، مافی بەردەواممی هەیە بۆ گواستنەوەی سەربازەکانی لەهەر کاتێک بێت‌و بەدێژایی ئەم هێڵە. هەروەک دەبێت لای هەردوو حکومەت ئەوە بزاندرێ کە ئەو هێڵە پێویستە ئاسانکاری گەیاندنی حەیفا بە بەغدا بکات، ئەگەریش واهاتەپێش کە هێڵی گەیاندن لە ناوچەی رەش نەهاتەپێش بەهۆی بەربەستی هونەری‌و تێچوونی زۆری هەڵسوڕاندنییەوە کە ببێتە هۆی رێگرتن لەبەردەم دروستکردنییەوە، ئەوا حکومەتی فرەنسی ئامادەیە رێ بە تێپەڕین بدات بە رێگای بربورە، ئوم قەیس، ئیدار، غەستا، مەغایر، پێش ئەوەی بگاتە ناوچەی (ب).

ماددەی هەشتەم:

باجی گومرگی تورکی تا بیست ساڵ بەردەوام دەبێت لە هەموو بەشەکانی هەردوو ناوچەی شین‌و سوورو هەردوو ناوچەی (أ)و (ب)، هیچ رێژەیەکیش ناخرێتە سەر باجەکان‌و رێسای نرخاندنیش لە باجەکان بە رێسای هەمانشێوە وەرناگیرێ، مەگەر بە رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت بێت‌و نابێ گومرگی ناوخۆیی لە نێوان ناوچەیەک‌و ناوچە ئاماژە بۆکراوەکانی سەرەوە دابمەزرێ، سەپاندنی هەر باجێکی گومرگیشلەسەر کەلوپەلە نێردراوەکانی ناوخۆ لەناو بەنداو دەبێت‌و دەدرێتە بەشی کارگێڕی ئەو ناوچەیەی کەلوپەلەکانی بۆ دەنێردرێ.

ماددەی نۆیەم:

بەپێی رێککەوتن، حکومەتی فرەنسی هیچ دانوستانێک ناکات، لەهەر کاتێکدا بێت، بۆ دەستبەردان لە مافەکانی خۆی‌و بەبێ رەزامەندی پێشوەختی حکومەتی خاووەنشکۆ هیچ مافێکی لە ناوچەی شین ناداتە دەوڵەتێکی تر جگە لەو دەوڵەتە یاخود هاوپەیمانی دەوڵەتانی عەرەبی نەبێت، حکومەتی بەریتانیاش بەڵێن بە حکومەتی فرەنسی دەدات کە هەمانشێوە لە ناوچەی سوور جێبەجێ بکات.

ماددەی دەیەم:

بەهۆی ئەوەی هەردووکیان پارێزەری دەوڵەتی عەرەبین، هەردوو حکومەتی بەریتانیا‌و فرەنسا رێکدەکەون بۆ ئەوەی دەوڵەتی سێیەم رێی پێنەدرێ‌و نەبێتە خاوەنی وڵات لە نیمچە دورگەی عەرەبی، هەروەک رێنادرێ هیچ بنکەیەکی دەریایی لە جەزائیر لەسەر کەنارەکانی دەریای سپی بەشی رۆژهەڵات دروست بکەن، بەڵام ئەوە نابێتە رێگرێک بۆ هەموار کردنەوەی سنورەکانی عەدەن کە لەوانەیە گرنگی خۆی هەبێت بەهۆی دوژمنایەتی ئەم دواییەی تورک.

ماددەی یازدەهەم:

دانوستانەکان لەگەڵ عەرەب، بەناوی هەردوو حکومەت‌و بەرێگای گونجاو بەردەوام دەبن بۆ دەستنیشانکردنی سنوری دەوڵەت یاخود هاوپەیمانی دەوڵەتی عەرەبی.

ماددەی دوازدەهەم:

جگە لەوەی ئاماژەی بۆکراوە، رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی کە هەردوو حکومەت چاوخشاندن بکەن بە هۆکارە پێویستییەکانی چاودێریکردنی هێنانی چەک بۆ وڵاتانی عەرەبی.

 

هەزار سڵاو بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان... هیوا شوانی

254937 429609393773131 1373178736 nهەزار سڵاو بۆ ڕوحی پاکی شەهیدان.
هیچ وشەیەک ناتوانێ پێ ناسەی شەهید بکات.
وشەی شەهید هیچ کات مرۆڤ ناتوانێت پێناسەیەکی بۆ بکات لەو ئاستەدابێت کە بەقەت باڵای شەهیدان بێت هیچ هەستێک ناتوانێت لەو هەننسکە تێبگات کە منداڵی شەهیدان هەستت بە لە دەستت دانی باوکیان دەکەن.
هیچ مرۆڤێک، ناتوانێت تەنها گوێ لە ئازاری دایکێک بگرێت کاتێک هەواڵی شەهید بوونی ڕۆڵەکەی بەگوێچکەیدا دەچرپێنن.
کاتێک مرۆڤێک گیانی بەخت دەکات و خۆی دەکات بە قوربانی ئازادی نەوەکانی دواڕۆژ و ڕزگارکردنی خاکەکەی هەوڵدان بۆ یەکسانی و چەسپاندنی داد پەروەری یەکسان بوونی مرۆڤایتی هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ.
بۆیە کاتێک باسی وشەی شەهید دەکرێ لە دیدە اسلامیە کەیەوە بەشەهید ناسراوە.
ئەگەر بەکوردی وشەی شەهید پێناسەبکەین دبێت بگەڕێنەوە بۆ ئەو وشەیە هەرنەبێت کەمێک لەو ئاستەدابێت کە مرۆڤ بتوانێت بەقەدەر دڵۆپێک خوێنی ئەو مرۆڤە پێناسەی بۆبکات. شەهید، بەو مانا کوردیەکەی دەبێتە (خۆبەخش، یان گیان بەخش،ی نیشتیمان) لە دیدی مندا زۆر گرانە مرۆڤ بتوانێت بەچەن کورتە نوسین و یەک ڕۆژ وەسفی پیرۆزی ئەوان بکات.
لە ڕوانگەیەکی ترەوە وەک ئێمەی کورد خاوەن خەروارێک شەهیدین گەلی کورد مەزنترین گەلی دوونیایە هەتاکو ئێستا خاوەن سەربەخۆیی خۆی نیە.
لەم باریەوە لە کوردستانی گەورە دا زۆربەی ماڵباتەکان ئەگەر خاوەنی چەندین شەهید نەبن، بشکی خۆیان پێشکەش کردوە بە نیشتیمانە کەیان.بۆ ئەومەبەستەش ماڵباتی شەهید ساڵح سەعید کە دەکاتە باوکی شەهید دکتۆر هادی، خۆی حەوت کوڕی و گیانی پاکیان بەنیشتیمان بەخشیەوە.
لە ڕۆژی ٢١/١١/٢٠١٤/ ڕۆژی شەهیدانی شۆڕشی نوێ گەلەکەمان هەزاران سڵاو بۆ گەڵکۆی سەرجەم شەهیدانی نیشتیمان دادە نوێنم. هەر لەم ڕۆژە دا سەری ڕیزو نەوازش دادەنوێنم بۆ سەرجەم شەهیدانی کوردستانی گەورە بەگشتی.
سڵاو و رێزم بۆ سەرجەم کەس وکاری شەهیدانی کوردستان بەگشتی. هەر لەمڕۆژەدا بەڵێن دووپات دەکەینەوە شەهیدان شەهیدی هەموو ماڵباتێکی کوردیە هەموومان دەبێت درێژە دەری ڕێگای ئەوان بین تادوا لووتکەی سەرکەوتن.
شەهیدان سەروەرن هەرگیز نامرن و ئەوان بۆ هەمیشە لەدڵی گەلدان.
هەر بەرزوو پیرۆزبێت یادی شەهیدانی شۆڕشی نوێ گەلەکەمان.
هیوا شوانی
ل." کۆمەڵەی پێشمەرگەدێرینەکانی کوردستان/ لژنەی فینلندا.
٢١/١١/٢٠١٤
تێبینی. وێنەکە لە ئەرشفی بەرێز مەلاشاخی ورگیراوە.
سوپاس وپێزانی مان بۆ بەڕێزیان.

 

سەروەری و بیرەوەری ... مەلاشاخی

hbiiiiiiii

سەروەری و بیرەوەری
مەلاشاخی
لە ٢٧ ساڵەی یادی شەهیدان
کاک (شوانەی تەنسیق و مامۆستا جمهور و کاک نەوزادعثمان)دا
دوای سڵاو لەگیانی پاکیان..
ئەم بیرەوەرییەتان پێشەش دەکەم:
- دوا بە ‌دوای شەهیدبوونی (مامۆستا جمهور)و
كاك (شوانەی تەنسیق)و كاك (نەوزادعوسمان)
لیژنەیەك پێكهات لەسی هەڤاڵ كاك (احمدكرێكار)و
(وریائاغجەلەری) و (مەلاشاخی)
بۆ سەردانی خانەوادەی شەهیدەكان و
پارستنی ئەو نهێنییانەی لە جانتای ئەم هەڤاڵە كادرانە دا هەبوون...
ئەوەی لە بیرەوەری من هەرگیز ون نابێت ئەمەبوو:
دوای كۆكردنەوەی هەموو نهێنییە تایبەتییەكانی رێكخستن،
لەگیرفان كورتەكی (مامۆستاجمهور)دا ئەلبومێك‌مان دۆزییەوە
كە ئەم شتانەی تیابوو:
1- بیست دینار واتە (دوو دە دیناری).
2- وینەیەكی خۆی.
3- ئەم وێنەیەی كچەكەی.(كە لای خوارەوە بڵاوم كردۆتەوە)
ئەوەی كەهەرسێكمانی هینایە گریان وێنەی كچەكەی بوو
- ئەو وێنەیە ئێستاش شوێنەواری پارچەی فیشەكێك بە لاسەریەوە دیارە..
فرمێسك لەچاوەكانی دەبارێ ئەڵێی بۆ شەهید بوونی باوكی و...
پارچەكەی سەری خۆی دەگریێت..
پێش چەند رۆژێك لەسەردانێكی خوشكە (شەرمن)ی
خێزانی مامۆستا جمهور دا.
ئەم بیرەوەرییەم بۆی گێڕایەوە...
ئەوەی زۆرسەرسامی كردم ئەوەبوو..
دەستی كرد بەگیرفانی دا (20 دینارەكەو
وێنەكەی شەهیدو وێنەی كچە گریاوەكەی)
لە بەردەمم دا دانا...
منێش هەر ئەوەندم بۆ كرا،
لێی پارامەوە هەردوو وێنەكەم بداتێ
تا (سكان) یان بكەم و لە (فەیسبووك)دا بڵاویان بكەمەوە...
جارێكی تر سڵاو..
بۆ گیانی پاكی شەهیدان..
سەری رێز لەئاست كەسوكاریان دادەنوێنم...

 

 

 

 
 

سوێن بە خوا ! سوێن بە خوێنی هەموو شەهیدان!

1897955 1423296141247483 1043984262 nتکایا!
تکایا!
بڵاوی کەنەوە با نەوەی نوێ بەشێک لە ڕابردوی نەتەوەکەی بزانێت!

سوێن بە خوا ! سوێن بە خوێنی هەموو شەهیدان!
ئەم دایکە ڕەحمەتییە!
ئەگەر دایکی هەر سەرکردەیەکی کورد ،یان ملیاردێرێکی کورد ،یان سەماکەرێک بوایە!!
ئێستا هەموتان ناوتان دەزانی!؟بەڵام ئەمڕۆ من پێتان دەناسێنم!
ئەم شێرە ژنە ناوی (محبوبە خانە*
وە خێزانی( شەهید مام صالحە*
وە دایکی 7 کوڕە شەهیدە (شەهید دکتۆر هادی و شەهید سعدون و شەهید ڕەفیق و شەهید عادل و شەهید وەهاب و شەهید صلاح و شەهید مەهدی*
بەڵێ!
هاوڕێ خۆشەویستەکانم..
ئەو ڕۆژانەم هەرگیز لەبیرناچێتەوە!!
من و شەهید دکتۆر هادی، لە دواناوەندی (ابو ایوب الانصاری* کەرکوک خوێندکار بوین،
کە دەکەوێتە گەرەکی ئیمام قاسمی کەرکوک...هەردوکمان (کۆمەڵە) بوین زۆر بە نهێنی لە کەرکوک کارمان دەکرد ، دووا دیداری من و دکتۆر لە خۆپیشاندانەکەی 1982,5,6ی کەرکوک بوو ! دواتر لە پێشمەرگایەتی چەند جارێک یەکترمان بینی ، هەردووکمان زۆر خەمی کەسوکارمان بوین،هەردووکمان باوکمان لە زیندان بوون ،باوکم بەر عەفوعام کەوت،پاش دەرچونی لە زیندان یەکسەرخۆی و خوشک وبراکانم هەڵهاتن بۆ شاخ بۆ لای من..
بەڵام زۆر بە داخەوە باوکی شەهید دکتۆر هادی لە ناو شار مایەوە،پاش چەند ساڵێک لە 23 ی ئاداری 1987 دووبارە جەلادەکانی بەعس دەچنەوە سەر ماڵی مام صالح لە گەڕەکی ڕەحیمئاوا !؟ مام ساڵح خۆی و کوڕەکانی (کاکە سعدون و کاکە ڕەفیق و کاکە صلاح و کاکە وەهاب و کاکە مهدی و کاکە عادل شەهید دەکەن!!
وە دکتۆر هادی، لە شەڕێکی زۆر قورس و قارەمانیدا لە 23 ,ئاداری 1988 لە گوندی شانەخسێ شەهید کرا!
هەرگیز لە بیرم ناچێت ،شەهید دکتۆر هادی دەیگووت : "هاوڕێ کرێکار کورد نەتەویەکی زۆر بە وەفایە هەرچی بۆ بکەیت بە فیڕۆ ناچێت!!

hawre krekar

هاوڕێ کرێکار/کەرکوک

 

شەهید ( محمد ڕەشید قەیتوولی) ناسراو بە حەمەی حەلاو

10612588 10204116804293720 7864304137183697847 nشەهید ( محمد ڕەشید قەیتوولی) ناسراو بە حەمەی حەلاو
یەکەم پێشمەرگەی شۆڕشی نوێی قەیتوول و دەورو بەری لە ساڵی 1978 شەهید محمد بوو چەکی پێشمەرگایەتی کردە شان و بۆن و گوڵاوی زەیتی تفەنگ و ڕەزن و مەخزەنی بە هەناوی مناڵانی دێدا بەخشییەوە.
حەمەی حەلاو یەکێک بوو لە پێشمەرگە ئازاو بە ناو بانگەکانی سەرەتای شۆڕش، دەوری ئەم پێشمەرگەیە ئەوەندە گرنگ و کاریگەر بوو لەو قۆناغەدا چەندین جار دوژمن بە سوپایەکی گەورەی پڕ ئەمن جاش و جەیشەوە هێڕشی دەکرد بۆ سەر ناوچەکە و قەیتوول بە تایبەتی، ڕۆژی وا هەبوو خەڵکی ئاوایی لە زرمەی پێی چەکدارانی سەربازەکانی سوپای بەعسدا بە خەبەر دەبوونەوە، شەوان دەهاتن سەربانی هەموو ماڵەکانیان دەگرت، بە سەماعە هاواریان دەکرد نابێ لە ژن و منداڵ زیاتر هیچ کەسێک لە ماڵ بمێنێت و هەموو پیاوەکان دەبێت بێن لە خوار ئاواییەوە کۆ ببنەوە.
بیرم دێت ڕۆژێک لە تەنیشت ماڵی خاڵۆم احمد حاجی حمەلاو کە زەویەکی چۆڵە هەموو پیاوانی ئاواییان کۆ کردبوەوە پرسیاریان دەکرد حەمەی حەلاو لە کوێیە، کەس ڕاستی بە پیاوانی دوژمن نەدەوت هەمووی دەیوت نازانین بۆیە هەر ئەو ڕۆژە ئازار و ئەشکەنجەی زۆر لە گەنجانی خەڵکی ئاواییان دا، خۆم دەمبینی کە چۆن وەلەکە عارەب بە پۆستاڵەوە دەچوە سەر قاچی گەنجەکانی خەڵکی ئاوایی و ئیهانەی دەکردن.
کاکە حەمە کوڕی تاقانەی دایکی بوو/ میمکم حەلاو یەکێ بوو لە ژنە هەرە دنیا دیدەکانی قەیتوول وە دایکی یەکەم پێشمەرگەی ناوچەکە بوو بە داخەوە چەندین جار دەیانگرت و دەیانبرد لە قادرکەرەم زیندانیان دەکرد و ئازار و ئەشەکجەیان دەداو داوایان لیی دەکرد شوێنی کوڕەکەیانی پێ بڵین بەڵام ئەم نەی دەدرکاند لە دوا جاردا باسی کرد بۆمان کە چەند ىی ویژدانانە ئازاریان داوە!!!
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە لە 28-8-1994 لە شەڕێکی نەخوازراودا شەهید کرا و لە دوای خۆی کوڕێکی لێ بە جێماوە بە ناوی کەریم ئێستا ئەویش بە هەمان پیشەو ئاواتەکانی باوکی پێشمەرگەیە و لە بەرەکانی جەنگی دژ بە گەلەکەمانە و بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.
کەمن ئەوانەی بەروبۆمی تێکۆشانی خۆیان و هاوڕێ شەهیدەکانیان بینی و زۆرن ئەوانەش نەک خوێن بەڵکو عارەقیش بە ناوچاوانیاندا نەهاتۆتە خوارەوە تا ئێستاش وەک بەرزەکی بانان لە بەرزترین ترۆپکی دەسەڵاتدان بێ ئەوەی بە ماندوێتی و قوربانی تێکۆشەرانی گەلەکەیان بزانن !!!.
شایانی باسە ئێستا گوندی قەیتوول خاوەنی دەیان پێشمەرگەی سەنگەر و زیاتر لە 150 شەهیدی شاڵاوی تاوانە نامرۆڤانەکەی ئەنفالە لە ساڵی 1988.!!!

ساڵح قەیتوولی

 

 
 

JPAGE_CURRENT_OF_TOTAL