Red Purple Black
Kurdistanigawre@gmail.com

گشتی

گیاکان که‌ ده‌بنه‌ هۆی هه‌ستیاری به‌تیشکی خۆر له‌ئاژه‌ڵدا photosensitive plants

ئه‌مه‌ش جۆرێکی تره‌ له‌ ژه‌هراوی بون به‌گیا یان خواردن له‌ئا‌ژه‌ڵدا که‌ له‌ئه‌نجامی خواردنی گیایه‌ک یان خواردنێک که‌گیایی نیه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ستیاری (ئاڵۆش) له‌ ئاژه‌ڵدا،جۆره‌ ماده‌یه‌ک له‌خوێندا دروست ده‌بێت هه‌ستیاره‌ بۆ تیشکی خۆر، په‌یدا بونی ئه‌م جۆره‌ هه‌ستیاریه‌ سێ هۆکاری هه‌یه‌ که‌ ئه‌مانه‌ن:
1-ئه‌و ماده‌یه‌ که‌ له‌لایه‌ن ئاژه‌له‌که‌وه‌ خوراوه‌ ماده‌ی هه‌ستیار به‌تیشکی خۆری تیدایه‌، واته‌ photodynamic plants
2- له‌ئه‌نجامی کارلێک و میتابۆلیزمی ئه‌و خواردنه‌دا جۆره‌ ماده‌یه‌ک دره‌وست ده‌بێ که‌ هه‌ستیاره‌ به‌ تیشکی خۆر
3- بۆی هه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی زکماکی ئاژه‌ڵه‌که‌ هه‌ستیار بێت به‌تیشکی خۆر
** ئاژه‌ڵی ڕه‌ش یان ئه‌و ئاژه‌لانه‌ی که‌ له‌شوێنی سێبه‌رو دور له‌تیشکی خۆر ده‌ژین توشی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نابن.
به‌ڵام ئاژه‌ڵی سپی ڕه‌نگ یان به‌شیک له‌پێستیان سپی و بێ ڕه‌نگه‌ ، و به‌ زۆری له‌ ژێر تیشکی خۆردان نیشانه‌ی ئاوسان و هه‌وکردنی پێستیان لێ ده‌رئه‌که‌وێ (dermatitis ) ،سه‌ره‌تا به‌ سوربونه‌وه‌ی پێست دواتر ئاوسان دروست ده‌کات،له‌ مه‌ڕ دا نیشانه‌کان له‌ سه‌ر گوێ ،لوت،ده‌وری چاو یان به‌گشتی ده‌مو چاو،( ئاوسانی سه‌رو که‌له‌،لێوه‌کان ) ده‌بینرێ که‌ شله‌یه‌کی ئاوی له‌ پێسته‌ هه‌ستیاره‌که‌وه‌ دێته‌ ده‌روه‌،ئینجا ڕه‌ق ده‌بێت و کڕێش دروست ده‌کات،دواتر وه‌ک توێژالێکی مردوی لێ دێت که‌ یه‌که‌مجار له‌ نوکی گوێ کانه‌وه‌ ده‌س پێ ده‌کات.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە کلیکی ئێرە بکە

 

راگەیاندنی منداڵان .. بەشی یەکەم .. گۆڤارەکانی منداڵان ... رەزا شوان

1مەبەست لە واتای گشتی راگەیاندن : ( گەیاندنی هەواڵ و زانیارییە بۆ کەسانی تر، بە هۆی .... ) .
راگەیاندنی منداڵانیشن، بەشێکی گرنگە لە راگەیاندنی گشتی، لە رێی چەند هۆیەکەوە دەگەیەنرێتە منداڵان، هۆیەکانیش وەکو : ( رۆژنامەی منداڵان، گۆڤاری منداڵان، گۆڤار و رۆژنامە و پەخشنامەی قوتابخانە، رادیۆ، تەلەفزیۆن، سینەمای منداڵان، ئینتەرنێت، شانۆی منداڵان) هەریەکەش لەم هۆیانە لقیان لێدەبێتەوە، هەریەکەشیان شێوازی تەکنیکی و هونەریی خۆیان هەیە بۆ گەیاندنیان بە منداڵان.
راگەیاندنی منداڵان بابەتێکی زۆر گرنگ و فراوانە .. بۆ ئەوەی بە تەسەلی لە جۆر و لە لق و، لە هۆیەکانی بدوێین پێویستی بە شارەزایی و بە لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی وردی زانستییانە هەیە .. پێویستە کەسانی پسپۆر و شارەزا خۆیان لەم دەریا قووڵ و بەرینە بدەن و، بە سەرکەوتووی لێی بپەڕنەوە .. تا ئێستا لە جیهاندا، بە زمانەکانی هەموو گەلان، بە سەدان کتێبی زل و لێکۆڵینەوە و ماستەرنامە و، دکتۆرانامە، دەربارەی راگەیاندنی منداڵان نووسراون و چاپکراون . ئێمە لەم چاوخشاندنەدا، زۆر بە کورتی باس لە چەند هۆیەک لە هۆیەکانی راگەیاندنی منداڵان دەکەین .. ( رۆژنامەی منداڵان ) زاراوەیەکی گشتییە .. مەبەستمان لەو رۆژنامە و لە گۆڤارە گشتییەکانەن کە تایبەتن بە منداڵانە .
رۆژنامە چییە .. ؟ بە پێی وتەی ( بۆرک ) ی ئینگلیزی : ( رۆژنامە دەسەڵاتی چوارەمە ) .. رۆژنامە رۆڵێکی سەرەکی و زۆر گرنگی هەیە لە چارەنووسی گەلان و، لە رۆشنبیری کردن و، لە وریاکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵ .. گەلان هەر لە کۆنەوە درکیان بە گرنگی رۆژنامە کردوە .. رۆژنامەی راستی ئاوێنەیەکە بۆ گوزارشتە لە قسە و لە خواستەکانی گەل .. رۆژنامە بە خۆراکی رۆژانە دادەنرێت، کاریگەری ئەرێنی هەیە لە رۆشنکردنی هۆشی خەڵکی و، ئاگادارکردنەوەیان لە روودا و لە هەواڵی زانیاری و لە باس و خواسی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەری.
رۆژنامەی رۆژانەی، کە رۆژانە دەربچێت و، بابەتەکانی تایبەتبن بە منداڵان، لە کوردستان و، لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیشدا بوونی نییە .. تەنها لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکاندا هەیە، کە خاوەنی دامودەزگایەکی زۆر و خێرای راگەیاندن و چاپەمەنی و بڵاوکردنەوەن .. بە سەدان پسپۆران و نووسەران و هونەرمەندان و کادیرانی پێشکەوتووی بوواری نووسین و پەروەردە و دەروونناسی منداڵان و، رۆشنبیران و هونەرمەندانی منداڵان کاریان تێدا دەکەن و، سەرپەرشتیی رۆژنامەکانی رۆژانەی منداڵان دەکەن .. بوودجەیەکی زەبەلاحیشیان لە بەردەستدایە، هەروەهاش منداڵەکانیان رۆژانە دەیان خوێننەوە و، ئاستی رۆشنبیری و تێگەيشتنیان بەرزە .. بە زۆریش بە خۆڕایی و بە خێرایی و بە ئاسانی رۆژنامەکانیان پێدەگەنن .. لە ئەمڕۆدا ئەو توانا و پێویستییانە، لە زۆربەی وڵاتاندا نین .. بەڵام هەندێک لەو رۆژنامە رۆژانەی کە بۆ گەورەکان دەردەکرێن، لاپەڕەیەک یا گۆشەیەکیان لە رۆژنامەکانیاندا بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتی منداڵان تەرخان کردوون، یا هەندێ گۆڤار و رۆژنامەی گشتی پاشکۆیەکی رۆژانە یا هەفتانە، یا دوو هەفتانە یا مانگانە یا وەرزی بۆ منداڵان دەردەکەن، کە بابەتەکانیان لە لایەن گەورەکانەوە دەنووسرێن و ئامادە دەکرێن و دەردەهێنرێن .. لە ئەمڕۆژدا بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئینتەرنێتەوە، چەندین سایت و ماڵپەڕی تایبەت بە منداڵان هەن، کە رۆژانە یا هەفتانە بابەتی هەمەڕەنگە بۆ منداڵان، لە رۆژنامەی ئەلیکترۆنیدا بڵاودەکەنەوە .
لەبەر ئەوەی کە راگەیاندنی منداڵان، بەشێکی کارتێکەر و زۆر گرنگە لە رۆشنبیری و لە ئەدەبی منداڵاندا، زۆر بە کورتی باس لە چەند هۆیەکی راگەیاندنی منداڵان دەکەین :
گۆڤارەکانی منداڵان :
گۆڤارەکانی منداڵان، ئەو گۆڤارە نووسراو و چاپکراوانەن، کە بە پێی قۆناغەکانی تەمەن و گەشەکردنی منداڵان، لە لایەن گەورەکانەوە، بابەتەکانییان بە تایبەتی بۆ منداڵان دەنووسرێن و ئامادە دەکرێن و دەردەهێنرێن و چاپ دەکرێن، دەشێ منداڵان خۆشیان لە هەندێ گۆشە و بابەتی سووک و کورت و ئاساندا بەشداریان تێدا بکەن .. هەرچۆنێ بێت، گۆڤارەکانی منداڵان لە لایەن گەورەکانەوە ئامادە دەکرێن و دەردەهێنرێن .. بە مەبەستی هێنانەنەدی ئامانجەکانی پەروەردە، و ئامادەکردن و ئاراستەکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن، بۆ ژیانێکی باشتر و خۆشتر و، بۆ دواڕۆژێکی گەشتر و شیواتر .. بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بەختەوەرتر لە نەوەی ئەمڕۆمان .

گۆڤاری منداڵان، یەکێکە لە هۆیە گرنگەکانی راگەیاندنی منداڵان .. ناوەند و سەرچاوەیەکی گرنگە لە سەرچاوەکانی رۆشنبیری کردنی منداڵان .. کە بە زمانێکی ساکار و شیرین، بە شێوازێکی ئەدەبی و هونەری ناسک و جوان، بابەتەکانی ئامادە دەکرێن و دەڕازێنرێنەوە، ئەم تایبەتمەندییەش وای کردووە کە لەگەڵ سەرچاوەکانی تری رۆشنبیری منداڵاندا، جیاوازیان هەبێت، چونکە گۆڤارەکانی منداڵان بە ئاسانی دەتوانن سەرنجی منداڵان رابکێشن و، منداڵان چێژ لە خوێندنەوەی بابەتەکانیان وەربگرن و بە سەیرکردنی وێنە جوان و رەنگاوڕەنگەکانیان دیدەیان رۆشن بکەن، واش لە منداڵان بکەن، کە هۆگر و هاوڕێی هەمیشەی گۆڤارەکانی منداڵان بن و لایان شیرین ببن ن .
(عەبدولفەتاح ئەبو ئەلمەعال ) دەڵێت : " گۆڤارەکانی منداڵان، ئەو گۆڤارانەن کە تایبەتن بە ئەدەب و زانیاری و رۆشنبیری منداڵان .. کە لەلایەن کەرتی گشتی یا تایبەتییەوە سەرپەرشتییان دەکەن "
( عەبدولتەواب یوسف ) یش لە بارەی گۆڤاری منداڵانەوە، دەڵێت : " ئەو گۆڤارانەن کە ئاراستەی منداڵ دەکرێن، لەلایەن گەورەکانەوە دەردەکرێن بۆ رۆشنبیری کردنی منداڵان، ئەمانە لە گۆڤارەکانی قوتابخانەکان زیاتر بڵاودەکرێنەوە "
گۆڤارەکانی منداڵان ناوەندێکی گرنگن بۆ پاراستن و بۆ گواستنەوەی رۆشنبیری و بەها و داب و نەریتە رەسەن و جوانەکانی کۆمەڵ بۆ نەوەی داهاتوو .. هۆیەکی زۆر گرنگیشن لە هۆیەکانی پەروەردەکردن و فێرکردن و ئاراستەکردنی ناڕاستەوخۆی منداڵان، ـ گۆڤارەکانی منداڵانی کورد ـ هۆ و هاندەرێکی گرنگیشن بۆ گۆشکردنی مندان بە هەستی کوردایەتی و بە کوردستان پەروەری و بە خۆشەویستی مرۆڤایەتی .. هۆیەکی گرنگن بۆ ئاشناکردنی منداڵان بە مێژووی پڕ لە سەروەری گەلەکەمان و بە جوگرافیا و بە سروشتی جوانی کوردستان .. هۆیەکن بۆ ناساندنی سەرکردە و کەڵە تێکۆشەران و ناودارە نەمرەکانی گەلەکەمان بە منداڵە چاوگەشەکانمان .. هۆیەکی زۆر گرنگیشن بۆ فێرکردنی منداڵانی کوردمان، بە خۆشەویستی و شانازی کردن بە بەرگریکردن و، بە پاڵەوانێتی و گیان فیدایی پێشمەرگە و گەریلا قارەمانەکانی کوردستان، کە بوونەتە هێما و سیمبولی ئازایەتی و پاڵەوانێتی لە هەموو جیهاندا .. گۆڤارەکانی منداڵان، گەشە بە بەهرە و حەز و ئارەزووەکانی منداڵان دەکەن و، ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان فراونتر و گەشتر دەکەن .. سامانی وشە و رستە و فەرهەنگی زمانەوانیشیان زەنگینتر و رەنگینتر دەکەن .
لەبەر گرنگی و هەستیاری رۆڵی گۆڤارەکانی منداڵان، گۆڤارە جیهانییەکانی منداڵان لە لایەن کەسانی شارەزا و پسپۆر، لە بواری نووسین و ئەدەب و رۆشنبیری و پەروەردە و دەروونناسی و هونەری منداڵان و هونەری وێنەکێشانی بابەتەکانی منداڵانەوە، دەنووسرێن و ئامادەدەکرێن و سەرپەرشتی دەکرێن و دەردەهێنرین .. گەلێ مەرج و پێویستی هونەری و، شێوەی چاپکردن لە دەرهێنانی گۆڤارەکانی منداڵاندا رەچاودەکەن، وەکو : جۆری کاغەزەکان، قەوارەی لاپەڕەکان، دیزایینی بەرگ و، قەوارەی پیتەکان، گونجانی وێنە و رەنگان، تیراژ و نرخی گۆڤارەکان ، ... هتد .
پێویستە لە کوردستانی ئێمەشدا، ئەرکی نووسین و ئامادەکردن و سەرپەرشتی کردن و، چاودێری و زمانەوانی و، وێنەکێشانی بابەتەکان و، رازاندنەوە و، دەرهێنانی گۆڤارە کوردییەکانمان بۆ منداڵانی کورد، بە نووسەران و هونەرمەندان و رۆشنبیران و شارەزایانی زمانزانانی کوردی و، شارەزایانی قۆناغەکانی هەراشبوونی منداڵان بسپێردرێن، لەژێر چاودێری و ئامادەکردنی نووسەرانی شارەزای بواری ئەدەب و رۆشنبیری منداڵاندا بن .. بە داخەوە لە ئەمڕۆدا بەشێک لە گۆڤارە کوردییەکانمان بۆ منداڵان، کەسانێک بەڕێوەی دەبن و بابەتەکانیان ئامادە دەکەن، کەسانێکی نابەڵدن لە بواری ئەدەب و رۆشنبیری و قۆناغەکانی گەشەکردن و زمانی نووسین بۆ منداڵان ، رەنگە وابزان کە ئەمە کارێکی ئاسان و هەڕەمەکییە، ئەمانە بوونەتە هۆی لاوازی و کاڵوکرچی و ئاست نزمی بابەتەکانی گۆڤارەکانی منداڵانی کورد، لە راستیدا بەشێکیان لە ئاستی پێویست و ئارەزووەکانی منداڵاندا نین .. کورد وتەنی با ـ نان بە نانەوا و گۆشت بە قەساب ـ پسپێرین .
سوود و ئامانجەکانی گۆڤارەکانی منداڵان :
سەرەڕای ئەوەی کە گۆڤارەکانی منداڵان هۆیەکی سەرەکی و گرنگی رۆشنبیری منداڵانن .. هەموو منداڵێکیش لە ناخیدا، هەستێکی شاعیرانەی ناسکی هەیە، دەتوانێت بە جوانی وێنەی هەموو ئەو شتانە دەوروبەری، کە سەرنجی رادەکێشن .. لە ناخیدا بیان کێێشێت .. بە کورتی و بە چڕی لەم خاڵانەی خوارەوەدا، باس لە گرنگترین سوود و ئامانجەکانی گۆڤارەکانی منداڵان دەکەین :
١ـ گۆڤارەکانی منداڵان، هۆ و سەرچاوەیەکی گرنگن بۆ رۆشنبیری کردنی منداڵان، لە رێی ئەو بابەتە ئەدەبی و زانستی و زانیارییە هەمەڕەنگە ئاسانانەی بڵاویان دەکەنەوە .
٢ـ لە رێی ئەم گۆڤارانەوە، هەندێ لە کێشە و لە خووە ناپەسەندەکانی منداڵان، کە لە قۆناغەکانی ژیانیاندا فێریان بوونە چارەسەر دەبن، وەکو : لە خۆبایی بوون، خۆپەرستی، خۆهەڵکێشان، درۆ، بێزاری، کەللـەڕەقی، لاساری، ... هتد .
٣ـ ئەو منداڵانەی گۆڤارەکانی منداڵان دەخوێننەوە، رۆشنبیرتر و زیرەکتر و هۆشیارتر و زۆرزانتر و بەهرەدارتر دەبن .. ئاسۆی رۆشنبیرییان فراونتر دەبێ، زانیاری و زانستی گشتییان زەنگینتر دەبێ .
٤ـ منداڵان لەسەر ئەوە رادێن، کە بوێرانە و بە راشکاوی، بەزاری و بە نووسین، بە دروستی را و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن و، گوزارشت لە توانا و لە بەهرەکانیان و، لە هزری خۆیان بکەن .
٥ـ توانانی بیرکردنەوە و داهێنان و تازەگەریان گەشە دەکەن .
٦ـ منداڵان بە خوێندنەوە رادین و، تێدەگەن کە تەنها سەیرکردنی تەلەفزیۆن و سینەما بەس نییە .
٧ـ ئەو منداڵانەی کە گۆڤاری منداڵان دەخوێننەوە، توانای زمانەوەنیان و دەربڕینیان گەشەدەکەن .
٨ ـ لە رێی خوێندنەوەی ئەو بابەتە بەسوودانەی کە حەزیان لێیانە، زیاتر زاخاوی بیر و هۆشیان دەدەن و، ئاسۆی ئەندێشە و سەرنجدانیان فراونتر دەکەن .
٩ـ خولیا و بەهرە و ئارەزووەکانیان گەشەدەکەن، وەکو : وێنەکێشان، جواننوسین و نەخشەسازی .
١٠ـ نەریت و بەها جوانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگاکەیان لا دروست و شیرین دەبێت .
١١ـ ئاشنای داب و نەریت و بەها جوانەکانی گەلەکەیان دەبن و، دەیان پارێزن .
١٢ـ لە کێشە نەتەوایەتی و نیشتمانییەکان دەگەن و، چاویان دەکرێتەوە، کە گەوەرەشبن .. ئەم کێشانە دەبنە جێی بایەخدانیان . ١٣ـ سۆز و هاوبەستەبوونیان " ئینتیمابوونیان " بۆ نیشتمانەکەیان دەبێت، هەست بەوە دەکەن کە بە رگریکردن لە نیشتمانەکەیان و، لە بەها پیرۆزەکانی نەتەوەکەیان، ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی ئەستۆیان دەبێت .
١٤ـ هیوا و گەشبینیان پێ دەبەخشن .. بۆ هێنانەدی هیوا و خۆزگە و خەونە شیرینەکانیان .. بۆ هێنانەدی ژیانێکی خۆشتر و .. داهاتوویەکی گەشتر .
١٥ـ منداڵان بە مافە رەواکانیان ئاشنا دەکەن .
١٦ـ گۆڤارەکانی منداڵان، هاندەرێکی باشن بۆ ئەوەی منداڵان خووبدەنە خوێندنەوە و لێی دانەبڕێن و خوی پێوەبگرن .
١٧ـ لە گۆڤارەکانی منداڵانەوە، منداڵان فێری ئەوە دەبن کە رێزگرتن لە سەروەری یاسا بگرن .
١٨ـ گۆڤارەکانی منداڵان، رەوشتی بەرز و جوان لە دڵی منداڵاندا دەڕوێنن، وەکو : برایەتی، یەکێتی، هاوڕێتی، ئازایەتی، بەرخودانی، بەرگری، خۆڕاگری، هاوکاری، هەرەوەزی، دڵسۆزی، سۆزداری، هێمنی، رێزگردن، راستگۆیی، ناپاکی نەکردن، خۆشەویستی، رێزگرتن لە یاسا، پاراستنی ژینگە، چاکە خوازی، دادپەروەری، جیاوازی نەکردنی رەگەزی ، هەست و باوەڕی بەرزی مرۆڤایەتی، ئەمانەو گەلێ ئامانج و بەهای بەرز و پیرۆزی تر .
١٩ـ گۆڤارەکانی منداڵان، کاتی پەرژانی منداڵان پڕدەکەنەوە.
٢٠ـ گۆڤارەکانی منداڵان بزووتنەوەی نووسین بۆ منداڵان زیندوودەکەنە .. هەل بۆ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵان دەڕەخسێنن، بۆ ئەوەی نووسینەکانیان بڵاوبکەنەوە و، لە رێی بابەتە جوانەکانیانەوە، خۆیان بە منداڵان ئاشنا بکەن .
٢١ـ گۆڤارەکانی منداڵان دەرگایەکی ئەفسووناوین، بە رووی جیهانی فراوانی خوێندنەوە و فێربووندا .. منداڵان سەربەستن و بە ئازادی و بە ئارەزووی خۆیان، گوڵبژێری بابەتەکانی گۆڤارەکان دەکەن و دەیان خوێننەوە .. لە خوێندنەوەداشدا پشت بە خۆیان دەبەستن .
٢٢ـ منداڵان لە رێی خوێندنەوەی گۆڤارەکانی منداڵانەوە، ئاگاداری هەواڵەکان و باسی گەلەکەیان و نیشتمانەکەیان و جیهان دەبن .. ئاگایان لە داهینانە تازەکانی تەکنولۆژیای سەردەمەکەیان دەبێت .
٢٣ـ بە کەلەپوری رەسەن و، بە مێژوو و بە سەروەرییەکانی گەلەکەیان، ئاشانا دەبن .
٢٤ـ منداڵان وا ئاراستە دەکەن، کە لاوانی داهاتوون و، دەبنە بڕبڕەپشی نیشتمانەکەیان و، ئەمانن لە داهاتوودا دەبنە دەسەڵاتدار و، کاروباری گەل و نیشتمانەکەیان بەڕێوەدەبەن .
٢٥ـ گۆڤارەکانی منداڵان، منداڵان رادەهێنن، کە رەخنە بگرن و، رەخنەش قبووڵ بکەن .
جۆرەکانی گۆڤارەکانی منداڵان :
گۆڤارەکانی منداڵان دەبنە چەند جۆرێکەوە، گرنگترینیان سێ جۆرن : ( گۆڤاری گشتی ) و ( گۆڤاری تایبەتی ) و ( گۆڤاری کۆمیکس )، بە کورتی باسیان دەکەین :
١ـ گۆڤاری گشتی : ئەم جۆرە گۆڤارە، باوترین و بڵاوترین گۆڤاری منداڵانە لە هەموو جیهاندا، گۆڤاری گشتی منداڵان، بە بابەتی هەمەچەشنە و هەمەڕەنگەی ئەدەبی و زانیاری و هونەری و زانستی خۆش، بە زمانێکی ناسک و ئاسان و شیرین دەڕازێنرێتەوە .. وەکو چیرۆکی، زنجیرە چیرۆکی وێنەدار، چیرۆکی سەرکێشی، زانست و زانیاری گشتی، هۆنراوەی کورت و ناسک، وێنەی فۆتۆگرافی منداڵان، ... هتد .. بێگومان وێنە کێشراوە رەنگاوڕەنگەکانیش بەشێکی سەرەکی و گرنگی گۆڤارەکانی منداڵانن .. گۆنجانی بابەتەکان و وێنەکان پێکەوە، و دەرهێنانی گۆڤارەکە بە شێوەیەکی جوان و سەرنج راکێش، دەبێتە کارێکی ئەدەبی و هونەری بەسوود بۆ منداڵان .. دەبێتە گۆڤارێکی رازاوە و قەشەنگ و .. دەبێتە هاوڕێ و بە خۆشەویستی منداڵان .. پێویستە لە گۆڤاری گشتیدا، رەچاوی قۆناغەکانی هەراشبوون و، فەرهەنگی زمانی منداڵان و، خواست و ئارەزووەکانی منداڵان لەبەرچاو بگیرێن و، بابەتەکانیش نامۆ نەبن و لە ژیان و ژینگەی منداڵانەوە دوور نەبن، پێویستە بابەتەکانی کورت و ئاسان بن .. تا منداڵان لە خوێندنەوەیان بێزار نەبن .
گۆڤاری گشتی منداڵان، بە پێی ماوەی دەرچوونیان، دەبنە : گۆڤاری مانگانە، گۆڤاری دوو هەفتانە، گۆڤاری وەرزی، هەندێ گۆڤاریش هەن ساڵی جارێک دەردەکرێن، وەکو ئەو گۆڤارە گشتییانەی کە لە قوتابخانەکاندا دەردەکرێن، کە لە شێوەی کتێبێکی بابەت هەمەجۆرەدان .
هەندێ رۆژنامە و گۆڤاری مانگانە، کە بۆ گەورەکان دەردەچن، پاشکۆیەکی رۆژانە، یا هەفتانە، یا مانگانە بۆ منداڵان دەردەکەن و، بە بابەتی هەڕەنگەی ئاسان و خۆش دەیان رازێننەوە .
لە ئەمڕۆدا ژمارەی ئەو گۆڤارە بابەت گشتییانەی، کە لە هەموو جیهاندا بۆ منداڵان دەردەچن، زیاتر لە ( ٥٥٠٠) گۆڤاری لۆکاڵی و جیهانین .. تەنها لە فەرەنساد، مانگانە ( ١٠٥) گۆڤاری گشتی بۆ منداڵان دەردەکرین و، بە هەزاران ژمارەیان لێ بڵاودەکەنەوە .
٢ـ گۆڤاری تایبەتی : گۆڤاری تایبەتی بابەتی ئەو گۆڤارانەن کە بابەتەکانیان هەمەڕەنگە و گشتی نین، بەڵکو تایبەتن بە بوارێکی تایبەتی ئەدەب و رۆشنبیری یا هونەری یا وەرزشی بۆ منداڵان .. بۆ نموونە گۆڤاری منداڵان هەیە تایبەتە، بە هۆنەری ( سینەما و فیلمی منداڵان )، یا ( شانۆی منداڵان )، یا ( گۆڤاری زانیاری بۆ منداڵان ) .. ( گۆڤاری وەرزشی بۆ منداڵان ) .. ( گۆڤاری کۆمیدی) .. ( گۆڤاری ئاینی بۆ منداڵان ) ... هتد . ئەمەو لە زۆر لە وڵاتانی جیهاندا، گۆڤاری تایبەتی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکانیش دەردەکرێن بۆ ( نابیناکان، لاڵەکان، کەڕەکان ) .. لە وڵاتی ( ژاپۆن ) دا، گۆڤارێکی مانگانە بۆ تەمەنی منداڵانی دوو ساڵان دەردەکەن .
٣ ـ گۆڤاری کۆمیکس : بەو گۆڤارانە دەڵین کە بۆ منداڵان دەردەچن و، بابەتەکانی، چیرۆکەکانی، بە زنجیرە وێنەی کێشرا و، لە گەڵ سیناریۆی کورتدا بڵاودەکاتەوە، واتا سیناریۆ و وێنەکان پێکەوەن .. سەرهەڵدانی ( گۆڤاری کۆمیکس ) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ( ١٧٩٦) ز، کە هونەرمەندی وێنەکێش ( هوگراس ) لە گۆڤاری ( کۆمبس) دا، کە سەرپەرشتی بابەتی لاپەڕەکانی منداڵانی دەکرد، چیرۆکەکانی بە ( سیناریۆی کورت و وێنە دەستکرد ) دەکێشا و دەیڕازاندەوە .. لەوەدوا، بوو بە رێباز و چەندین گۆڤار بەم شێێوەیە دەرکران و، لە ئەمڕۆشدا دەردەکرێن .
هەندێ لە توژێنەران دەڵێن، کە گۆڤاری کۆمیکس، لە سەدەی نۆزدەمیندا، لەسەر دەستی وێنەکێشە ( وەتەری ) یەکان سەری هەڵداوە .. لە ئەمڕۆشدا چەندین گۆڤاری کۆمیكس دەردەچن، بۆ نموونە گۆڤاری : ( میکی ماوس )، ( دوناڵدوک )، ( تەڕەزان )، ( سۆپەرمان ) (پیاوی ئاسنین )... هتد .
بێجگە لەو جۆرە گۆڤارانەی کە باسمان کردن، قوتابخانەکانیش گۆڤار و بڵاوکراوەی سەر دیوار دەردەکەن، بەڵام بڵاوبوونەوەیان سنووردارن و، تا رادەیەک تایبەتین بەو قوتابخانانەی کە دەریان دەکەن .. پێویستە ئەو راستییەش فەرامۆش نەکەین، لە زۆربەی وڵاتادا، لە سەرەتادا گۆڤارەکانی منداڵان، لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی قوتابخانەکانەوە، بە هاوکاری قوتابییەکان گۆڤارەکان ئامادە دەکران و دەردەهێنران و بڵاودەکرانەوە .. بە زۆری بابەتەکانیان پەروەردیی و فێرکاری و زانیاری گشتی و رێنمایی ئامۆژگاری بوون بۆ قوتابیان .
چەند پێویستییەک لە گۆڤارەکانی منداڵاندا :
١ـ پێویستە باس و رووداو و بابەتەکانی گۆڤارەکانی منداڵان، لە چوارچێوەی شارەزایی و توانا و هۆشی منداڵاندا بن .
٢ـ پێویستە هەڵبژاردنی بابەتەکان، لەسەر بنامای پێویستییەکانی منداڵان و، لەبەرچاوگرتنی سیاکۆلۆژی و بایۆلوژی منداڵاندا بن .
٣ـ لە ئامۆژگاری وشک و رێنمایی سواو و، ئاراستەی توندوتیژی و دەمارگیری بەدووربن .
٤ـ گوزارشت لە بیر و لە کێشەکانی منداڵان بکەن .
٥ ـ بیرۆکەی بابەتەکانی تەواو و روون و ئاشکرابن .
٦ـ وشە و رستەکانی ئاسان و کورت و باوبن، بەلای منداڵانەوە بەکارهێنرابن و، لێیان تێبگەن .
٧ـ زمانی پەتی کوردی لە داڕشتنی بابەتەکانی گۆڤارەکانی منداڵاندا بەکاربهێنن .
٨ ـ نابێت بابەتەکان درێژبن و، منداڵان بە خوێندنەوەیان وەرستبن و تەواویان نەکەن .
٩ـ پێویستە بایەخ و گرنگییەکی زۆر، بە رازانەوەی بەرگی یەکەم و دووەمی گۆڤارەکان بدرێن .
١٠ـ کێشانی وێنەی رەنگاوڕەنگی گونجاو لەگەڵ ناوەڕۆکی بابەتەکاندا، زیاتر بابەتەکان خۆشەویست و ئاسانتر و شیرین دەکەن لە لای منداڵان .
بایەخی وێنە لە گۆڤارەکانی منداڵاندا:
وێنە چ فۆتۆگرافێ بێت یا وێنەی بە دەست کێشراوبێت لە لایەن وێنەکێشانەوە، بۆ رازا دنەوە و روونکرنەوەی بابەتە نووسراوەکانی گۆڤارەکانی منداڵان، زمانێکی هونەرییە وەکو زمانی قسەکردنە .. وێنە هۆیەکی گرنگی گوزارشت کردنە و، بنەمایەکی سەرەکی و گرنگی گۆڤارەکانی منداڵانە .. وێنە و نووسین تەواکەری یەکترین، بایەخی وێنەی جوان و رەنگاوڕەنگ، لە بایەخی وشەی ناسک و شیرین کەمتر نییە .. گرنگی چێژی وێنە و دیزایین و رەنگ و تابلۆکان لە کتێب و لە گۆڤارەکانی منداڵاندا، ئەوەندەی ناوەڕۆک و داڕشتن گرنگ و بایەخدار و کاریگەرن .. وێنەی قەشەنگ و جوان و رەنگاوڕەنگ زۆر گرنگن و دەتوانن زۆر لە کەموکوڕی و لاوازییەکانی نووسینەکان و داڕشتنیان داپۆشن .. کەواتە وێنە تەنها بابەتێک نییە لە بابەتەکانی رازاندنەوە و، لە دەرهێنانی گۆڤارەکانی منداڵان، بەڵکو بابەتێکی بنەڕەتی و سەرەکییە لە گۆڤارەکانی منداڵان .. وێنە بایەخێکی رۆشنبیری و راگەیاندن و گەیاندنی گەورە و گرنگی هەیە .. هەندێ جار وێنەکان، زیاتر لە خودی نووسینەکان، ناوەڕۆکی بابەتەکان روون و ئاسان دەکەنەوە .. ئاسانتریش مەبەستەکان بەدەستەوە دەدەن .. زیاتر سەرنجی منداڵان رادەکێشن و .. تام و چێژێکی زیاتر بە خوێندنەوەش دەبەخشن و .. خۆشییەکی زیاتریش بە دیدە و دەروونی منداڵان دەگەیەنێنن .. منداڵان لە رێی وێنەی رەنگاوڕەنگی جوانەوە، چێژی هونەری و هەستی جوانیان لا دروست دەبن .. چونکە وێنەی رەنگاوڕەنگ کارتێکردنێکی گەورەی هەیە لە بنیاتنانی هۆش و، هەست و، چێژی منداڵاندا .
دەبینین لە بەشێکی زۆری گۆڤارەکانی منداڵاندا، بۆ راهێنانی دیدە و، بۆ زاخاودانی بیر و هۆشی منداڵان، بۆ تيژی سەرنجدانیان .. دوو وێنەی رەنگاوڕەنگی لەیەکچووی جیاواز، یا لە دوو وێنە زیاتر، بڵاودەکەنەوە .. منداڵان خۆشی و زۆر دەبینن لە دۆزینەوەی جیاوازییەکانی نێوان وێنەکان.
( ماری بارڵت ) دەڵێت : " زۆربەی منداڵان، پێش چوونە قوتابخانە، لە تەمەنی دوو ساڵییەوە، شارەزاییان لە وێنە هەیە، لەوانەیە کتێبی وێنداری تایبەتییان هەبێت، لێوەی فێردەبن و، ئاماژە بە وێنەی شتە ناسراوەکان بە لایانەوە دەدەن، بۆ نموونە، وێنەی : منداڵ ، تۆپ ، پشیلە ، ... "
مێژووی داهێنانی گۆڤاەرکانی منداڵان :
گۆڤاری منداڵان هونەرێکی ئەدەبی تازە بابەتە، مێژووی سەرهەڵدانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا، بۆ قۆناغێکی نزیک دەگەڕێتەوە .. بۆ یەکەمین جار لە جیهاندا، لە سەدەی هەژدەمیندا، لە وڵاتی (فەرەنسا ) لەدایکبوو .. یەکەمین گۆڤاری منداڵان، لە نێوان ساڵانی ( ١٧٤٧ـ ١٧٩١) دا، لە ( فەرەنسا ) دا بە ناوی ( هاوڕێ ی منداڵان ) ەوە دەرچوو .. بەڕێوەبەری ئەم گۆڤارە، نووسەرێکی ئەدەبدۆستی منداڵان بوو، ناوی خۆی ئاشکرا نەکرد، بە ناوی خوازراوی ( هاوڕێ ی منداڵان ) ەوە گۆڤارەکەی دەرکرد .. کە بە زمانێکی ئاسان و شیرین و، بە شێوازێکی ناسک و رەوان بابەتەکانی دادەڕشتن . دەرکردنی ئەم گۆڤارە هەنگاوێکی دەستپێکی تازە بوو، لە بواری راگەیاندن و ئەدەبی منداڵاندا، هاندەرێکی باشیش بوو بۆ نووسەرانی ئەدەبی منداڵان .. ئەم گۆڤارە چەندین چیرۆکی منداڵانی لە وڵاتانی ترەوە وەرگرت و، وەری گێڕایە سەر زمانی فەرەنسی و، پێشکەشی بە منداڵانی فەرەنسا کرد .. ( هاوڕێ ی منداڵان ) توانی بۆشاییەکی گەورە لە حەز و ئارەزووەکانی منداڵان پڕبکاتەوە، چێژێکی زۆریان لە خوێندنەوەی بابەتە هەمەڕەنگ و خۆش و بەسوودەکانی وەردەگرت .. بەڵام لە سەرەتادا، بە زۆری منداڵانی رۆشنبیری چینی برجوازی توانای کڕین و خوێندنەوەی ئەم گۆڤارەیان هەبوو .. لەبەر گرانی نرخەکەی، بەشێکی زۆری منداڵان کەم دەرامەتی فەرەنسا، توانای کڕینیان نەبوو، بێ بەش بوون لە خوێندنەوەی .
هەندێ لەو کەسانەی کە باس لە مێژووی سەرهەڵدانی گۆڤاری منداڵان دەکەن، دەڵێن یەکەمین گۆڤاری منداڵان لە جیهاندا، لە ساڵی ( ١٨٣٠) دا لە فەرەنسا دەرچوو .. بەڵام بەشێ هەرە زۆری سەرچاوەکان، زۆرتر چەخت لەسەر مێژووی نێوان ساڵانی ( ١٧٤٧ـ ١٧٩١) دەکەنەوە .
لە ( وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ) شدا، رۆژنامەنووس، ( جۆزیف پولیتزەر ) بەڕێوەبەر و سەرنووسەری رۆژنامەی ( ورڵد : جیهان ) لە ساڵی ( ١٨٩٨) دا، پاشکۆیەکی تایبەتی ئەم رۆژنامەیەی بۆ منداڵان دەردەکرد، لەم پاشکۆیەدا، بە زنجیرە وێنەیەکی کێشراوی جوان، کە وێنەکێشی بەناوبانگی ئەمریکی ( ئۆتکوڵت ) دەیکێشان، لەگەڵ سێناریۆدا، لە شێوەی چیرۆکدا، گەشتەکانی منداڵێکی سەرکێشی ئەمریکی، لە شەقامەکانی شاری ( نیویۆرک) دەگێڕایەوە .. دەرچوونی ئەم پاشکۆیە، لەو سەردەمەدا، بە باتێکی تازەی ئەدەبی ناوزەندکرا .. دوا بە دوای ئەم پاشکۆیە لە ئەمریکادا، چەندین گۆڤاری گشتی و تایبەتی بابەت هەمەڕەنگە بۆ منداڵان دەرکران .
لە وڵاتی ( ئینگلتەرا ) شدا، خاتوو ( پەری ) لە ساڵی ( ١٩١٥) دا، یەکەمین گۆڤاری لە ئینگلتەرادا بۆ منداڵان دەرکرد، بە ناوی ( باخچەی قوتابخانە) ەوە .. ئەو چێژ و خۆشی و سوودەی منداڵانی ئینگلتەرا لە خوێندنەوەی ئەم گۆڤارە وەریان دەگرت، لەکتێبە تەڵقین ئاسایی و وشکە رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی قوتابخانەدا نەبوون .
لە ( یەکێتی سۆڤیەتی ) ی پێشوودا، گۆڤارەکانی منداڵان، بریتی بوون لەو گۆڤارانەی کە پارتی کومۆنیست دەری دەکردن، گرنگترینیان گۆڤاری ( پێشڕەوان ) بوو، کە بە بیری سۆشیالیستی و بە هزری کۆمۆنیستی منداڵانیان گۆش و ئاراستە دەکرد .. هیچ لایەنێکی تر، مافی ئەوی نەبوو کە گۆڤار بۆ منداڵان دەربکات .
لە ( ئەفریقا ) دا، یەکەمین گۆڤاری منداڵان، لە ساڵی ( ١٩٤٤) دا، لە وڵاتی ( نەیجیریا ) دەرچوو، کە پاشکۆیەکی مانگانەی رۆژنامەی ( نەیجیریای تازە ) بوو .
لە ئەمڕۆدا، ژمارەی ئەو گۆڤارە مانگانانەی کە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بۆ منداڵان دەردەچن، نزیکەی ( ٤٥٠) گۆڤاری مانگانەن، لە ئینگلتەراشدا، زیاتر لە ( ١٠٩) گۆڤار بۆ منداڵان دەردەچن، لە ( ئەڵمانیا ) شدا، ( خانەی مزو بۆ چاپەمەنی ) بە تەنها مانگانە ( ١٨) گۆڤار بۆ منداڵان دەردەکات.
گۆڤارەکانی منداڵان لە وڵاتانی عەرەبیدا :
لە ( وڵاتانی عەرەبی ) دا، بۆ یەکەمین جار، لە وڵاتی ( میسر ) دا، یەکەمین گۆڤار بۆ منداڵانی عەرەب، بە ناوی ( روضة المدارس : باخچەی قوتابخانەکان ) ەوە، لە نێوان ساڵانی ( ١٨٧٠ـ ١٨٧٧) دا، مانگی دوو جار دەردەچوو، سەرنووسەری ئەم گۆڤارە ( عەلی فەهمی ) بوو، لە لایەن نووسەری ناسراوی میسری ( روفاعە تەهتاوی ) یەوە، سەرپەرشتی دەکرا .. ئەم گۆڤارە لە بەرهەمهێنانی قوتابیان بوو، بابەتی چیرۆک و شیعر و زانیاری لەخۆگرتبوو .. گۆڤاری ( السندباد : ١٩٥٢) لەلایەن نووسەری بواری منداڵان ( محەمەد سەعید ئەلعوریان ) ەوە دامەزرا و بە رێوەی دەبرد .. لە ساڵی ( ١٨٩٣) دا، سەرکردەی نیشتمانی میسری (مستەفا کامیل ) گۆڤارێکی بۆ منداڵان دەردەکرد بە ناوی ( المدرسة : قوتابخانە ) ەوە .. مستەفا کامیل بە بابەتی ئەدەبی و نیشتمانی و زانیاری دەیڕازاندەوە .. هەر لە میسر ئەم گۆڤارانەش بۆ منداڵان دەردەچوون، گۆڤاری ( سەمیر : ١٨٩٧)، ( ئەنیس : ١٨٩٨)، ( المدرسة : قوتابخانە : ١٩٠٣ )، ( الاولاد ـ منداڵان : ١٩٢٣) .
لە ( سوریا ) ، لە (٩ /٤ / ١٩١٣) دا ، گۆڤاری ( الناشئە : تازە پێگەیشتوو) لە ( دیمەشق ) دا بۆ منداڵان دەرچوو .. لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ( ١٩٤٦) دا ، گۆڤارێک منداڵان بە ناوی ( الطفل : منداڵ ) ەوە، لە شاری ( حەلەب ) دەردچوو .. کە بە یەکەمین گۆڤاری منداڵان لە سوریا ناودەبرێت، لە ساڵی ( ١٩٤٧) دا لە شاری ( دیمەشق ) دا گۆڤاری ( العندلیب ـ بولبول ) بۆ منداڵان دەرچوو .. لە (١/٢/ ١٩٦٩) دا گۆڤاری ( ئوسامە ) دەرچوو، کە سەرنووسەر و دەرهێنەرەکەی، شاعیر و چیرۆکنووسی ناسراوی بواری ئەدەبی منداڵان ( زەکەریا تامر ) بوو .
تا ئێستادا لە وڵاتانی عەربیدا نزیکەی ( ١٠٠) گۆڤاری بۆ منداڵان دەرچوونە و بڵاوکراونەتەوە، ئەمانەی خوارەوە ناوی هەندێ لەو گۆڤارانەن کە لە وڵاتانی عەرەبیدا دەرچوونە، یا دەردەچن :
لە میسر: ( سمیر : ١٨٩٧ ) ، (أنیس الصغیر: ١٨٩٨) ، (مجلة المدرسة: ١٩٠٣ ) ، ( سندباد : ١٩٥٢) ، ( کروان : ١٩٦٤) ، ( میکي : ١٩٥٦)، ( صندوق الدنیا : ١٩٧٧)، ( المسلم الصغیر: ١٩٨٢) ، ( الفردوس: ١٩٩٠) ، (علاءالدین : ١٩٩٤) ، ( البلبل: ١٩٩٨)، ( خطوە ) ، ( زمزم ) ، ( سەمیری بچکووک : ١٩٥٦) ... چەند گۆڤارێکی تریش )
لە سوریا : ( الطفل : ١٩٤٦، العندلیب : ١٩٤٧، أسامە : ١٩٦٩، الطلیعي : ١٩٨٣، القمر الصغیر ، نیلوفر )
لە سعودیە : ( الروضە ، حسن ، باسم : ١٩٨٧، الشبل ، الرواد ، سنان ، فراس ، أطفال الیمامە )
لە کوەیت : ( العربي الصغیر: ١٩٨٦، سعد : ١٩٦٩، براعم الایمان : ١٩٨٠، سدرە ، إفتح یا سمسم، ، سلام، شاهین، العصافیر )
لە لوبنان : ( سامر: ١٩٧٩، أحمد ، بساط الریح ، سندباد ، توتە توتە : ٢٠٠٠، هزار ، طرزان ، أسامە ، لولو ، سوبرمان ، الوطواط )
لە ئوردن : ( فراس، سامر ، وسام ، براعم عمان)
لە قەتەر : ( حەمەد و سحر : ١٩٨٧، مشاعل ، زهرات و زهور ، راشد و نورە )
لە تونس : ( عرفان : ١٩٦٦، الشیماء، شهلول : ١٩٨٤، قوس قزح : ١٩٨٤ )
لە مەغریب : ( أزهار ، براعم ، مناهل الاطفال )
لە یەمەن : ( الهدهد، أسامە، الطفولە )
لە جەزائیر : ( جریدتي ، أمقیدش )
لە سودان : ( الصبیان : ١٩٤٦، مربود )
لە ئەبو زەبی : ( ماجد : ١٩٧٩، فرسان )
لە دبەی : ( خالد )
لە ئیمارات : ( ماجد : ١٩٧٩)
لە لیبیا : ( الامل )
لە عومان : ( البراعم )
لە فەلەستین : ( ینابیع )
لە دەرەوەی وڵاتانی عەرەبیشدا، ئەم گۆڤارانە بۆ منداڵان بە زمانی عەرەبی دەردەکرێن : ( السنابل ـ لە ئەمریکا ، مرحبا ـ لە ئیتالیا ، ئەم گۆڤارانەش لە بەریتانیا لە لەندن دەردەچوون : باسم : ١٩٨٦ ، فراس : ١٩٩٦، الرواد : ١٩٩٦ ، بناة المستقبل ، سامر ، أحمد ، سندباد ، بساط الریح )
گۆڤارەکانی منداڵان لە عێراق :
مێژووی داهێنانی گۆڤاری منداڵان لە عێراقدا بۆ سەردەمێکی نزیک دەگەڕێتەوە، لێرەدا، مەبەستمان لە عێراق، ناوەڕاست و باشووری عێراقە، چونکە باشووری کوردستان بەشێک نەبووە لە عێراق و ، بە غەدر و بە زۆر و، بە پیلانێکی دەوڵەتە زلهێزەکان لکێنرا بە عێراقەوە .. ئەمانە ناوی ئەو گۆڤارانەن کە لە عێراق دەردەچوون، لەوانە گۆڤاری ( مجلتي ) و ( المزمار) ئيستاش دەدەچن .. ١ ـ گۆڤاری ( التلمیذ العراقي : قوتابی عێراقی ) ، یەکەمین گۆڤاری منداڵانە، کە بە زمانی عەرەبی لە عێراقدا دەرچوو، یەکەمین ژمارەی لە مانگی ئوکتۆبەری ساڵی ( ١٩٢٣) دا دەرچوو، گۆڤارێکی قوتابخانەیی پەروەردەیی بوو هەفتانە بوو، خاوەنی ئیمتیاز ( سەعید فەهیم ) بوو، بەڕێوەبەرەکەشی ( مستەفا عەلی ئەفەندی ) بوو .
٢ـ گۆڤاری ( الکشاف العراقي : دیدەوانی عێراق ) لە (١٥ / ٦/ ١٩٢٤) دا، یەکەمین ژمارەی لێ دەرچوو، خاوەنەکەی ( مەحمود نەدیم ) بوو، گۆڤارێکی زانیاری و ئەدەبی و رێنمایی بوو، بە تایبەتیش زۆربەی بابەتەکانی پەیوە دییان بە دیدەوانییەوە هەبوو، مانگی دووجار دەردەچوو .
٣ ـ گۆڤاری ( المدرسە : قوتابخانە ) یەکەمین ژمارەی لە (١٥ /٥ / ١٩٢٦) دا دەرچوو، خاوەنەکەی ( مەحمود نەدیم ) بوو.
٤ـ رۆژنامەی ( التلمیذ : قوتابی ) لە ساڵی ( ١٩٢٩) دا، یەکەمین ژمارەی لێ دەرچوو .
٥ـ گۆڤاری ( الطلبە : قوتابی، خوێندکار ) یەکەمین ژمارەی لە مانگی یانواری ساڵی ( ١٩٣٢ ) دا دەرچوو، خاوەنەکەی ( عەباس فەزڵی خەماس ) بوو .. گۆڤارێکی رۆشنبیری گشتی هەفتانە بوو .
٦ـ گۆڤاری ( الفتوە : نەوجەوانان ) لە ساڵی ( ١٩٣٤) دا دەدەچوو .
٧ـ گۆڤاری ( دنیا الاطفال : دنیای منداڵان ) یەکەمین ژمارەی لە مانگی جۆزەردانی ( ١٩٤٥) دا دەرچوو، لە لایەن زەکی حەسەنی ( عەمو زەکی ) و ( حەمید ئەلمحەل ) ەوە دەردەکرا .
٨ـ گۆڤاری ( روضة الاطفال : باخچەی منداڵان ) لە نێوان ساڵانی چلەکان بۆ پەنجاکان دەردەچوو.
٩ـ گۆڤاری ( سند و هند ) لە ساڵی ( ١٩٥٨) دا، یەکەمین ژمارەی دەرچوو .
١٠ـ گۆڤاری ( صندوق الدنیا : سەنووقی دنیا ) یەکەمین ژمارەی لە مانگی گوڵانی ( ١٩٥٩) دا دەرچوو، خاوەنەکەی ( حەمید ئەلمحەل ) بوو.
١١ـ گۆڤاری ( جنة الاطفال : بەهەشتی منداڵان ) یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ١٩٦٠) دا دەرچوو، خاوەنی ئیمتیاز ( سەلمە محەمەد ئەلنائیب ) بوو، بەرێوەبەر و دەرهێنەرەکەشیی، پارێزەر ( ناسر کەمالەدین ) بوو، لە لایەن ( عەمو زەکی ) یەوە، سەرپەرشتی دەکرا .
١٢ـ گۆڤاری ( المدارس : قوتابخانەکان ) یەکەمین ژمارەی، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ( ١٩٦١) دا دەرچوو، گۆڤارێکی وەرزی بوو، لە لایەن ( هاشم خەیات ) ەوە دەردەهێنرا.
١٣ـ گۆڤاری ( مجلتي : گۆڤارەکەم ) یەکەمین ژمارەی ،لە مانگی گوڵانی ( ١٩٦٣) دا دەرچوو .. گۆڤارێکی مانگانەی گشتی بوو، لە لایەن کۆمپانیای نیشتمانی بۆ رۆژنامە، دەردەکرا .
١٤ـ گۆڤاری ( ألف لیلە ولیلە : هەزار و یەک شەس )، یەکەمین ژمارەی لە ( مانگی یانواری ) ساڵی ( ١٩٦٤) دا دەرچوو .. رێییان پێدا، کە لە قوتابخانەکاندا بڵاوبکرێتەوە .
١٥ـ گۆڤاری ( الظریف : زەریف ) یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا دەرچوو، گۆڤارێکی هەفتانە بوو، خاون و سەرنووسەر و دەرهێنەرەکەی، خاتوو ( رابیحە جومەیلی ) بوو .. بەڕیوەبەرکەشی ( ئیبراهیم شێخلی ) بوو.
١٦ـ گۆڤاری ( الجیل الجدید : نەوەی تازە ) یەکەمین ژمارەی لە ساڵی ( ١٩٦٨) دا دەرچوو، لە لایەن ( عەمو زەکی ) یەوە، دەردە کرا .
١٧ـ گۆڤاری ( مجلتی : گۆڤارەکەم ) یەکەمین ژمارەی لە ( ٢٤/١٢ / ١٩٦٩) دا دەرچوو .. گۆڤارێکی هەمەڕەنگەی گشتی مانگانەیە، لە سەرەتادا لە هەر ژمارە ( ١٠٠٠٠) هەزاری لێ چاپ دەکرد .. لە دواییدا گەیشتە ( ٢٥٠٠٠٠) هەزار دانە لە هەر مانگێکدا .. کەچی لە ئێستادا، مانگانە ( ٧٠٠٠) دانەی لێ چاپ دەکەن .. دەرچوونی گۆڤاری ( مجلتي ) وەرچەرخانێک بوو لە بواری گۆڤاری منداڵان و گەشەکردنی رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان لە عێراقدا .
١٨ـ گۆڤاری ( المزمار : زوڕنا ) لە پێشا رۆژنامەیەکی رۆژانە بوو بۆ منداڵان، یەکەمین ژمارەی لە لە مانگی دێسەمبەری ( ١٩٧٠) دا دەرچوو .. لە دواییدا بوو بە ( المزمار ) بوو بە گۆڤارێکی هەفتانەی گشتی بۆ منداڵان، بۆ هەر ژمارەیەکی (١٠٠٠٠) هەزا دانەیان لێ چاپ دەکرد، تا گەیشتە (٢٥٠٠٠٠) بۆ هەر دانەیەک .. ئێستاش دەردەچێت، بەڵام مانگی (٧٥٠٠) دانەی لێ چاپ دەکەن.
دکتۆر ( جەمال ئەلعەتابی ) سەربەرشت نووسین و دەرهێنانی ئەم گۆڤارەی دەکرد .
١٩ـ هەریەکە لەم رۆژنامانە، لاپەڕەیەک، یا پاشکۆیەکی تایبەتییان بۆ منداڵان دەردەکرد لەوانەش : ( رۆژنامەی الصباح : بەیانی ) ، ( رۆژنامەی طریق الشعب : رێگای گەل )
لە ساڵی دەرچوونی هەندێ لە گۆڤارەکانی منداڵاندا، لە سەرچاوەیەکەوە بۆ سەرچاوەیەکی تر، کەمی جیاوازی هەیە .. بۆ نموونە، گۆڤاری ( التلمیذ العراقی : قوتابی عێراقی ) لە هەندێ سەرچاوەدا، نووسیوێتی لە ساڵی ( ١٩٢٢) دەرچووە، بەڵام بەشێکی تری سەرچاوەکان، لەوانەش، دکتۆر جەمیل حەمداوی، ساڵی ( ١٩٢٣) بە راست دەزانێت .. هەروەها لە گۆڤارە عەرەبییەکانی تردا بۆ منداڵان، کەمێک جیاوازی لە ساڵەکاندا هەیە .
کۆڤاری ئەلیکترۆنی بۆ منداڵان :
شۆڕشی تەکنۆلۆجیا و داهێنان و پێشکەوتن بەردەوامە و وەستانی نییە، رۆژ لە دوای رۆژ شتی تازەتر و سەیر و سەمەرەتر دادەهێنرێن و دەیان بینین و دەکەونە خزمەتی مرۆڤەوە .. تیشکی داهێنان و پێشکەوتن، بواری راگەیاندن و رۆژنامە و گۆڤاریشی گرتووە .. لە ئەمڕۆدا، لە جیهاندا، ژمارەیەکی زۆری رۆژنامە و گۆڤار و کتێبی ئەلیکترۆنی دەردەچەن و بڵاودەکرێنەوە .. لە ئەمڕۆدا گۆڤاری ئەلیکترۆنی و گۆڤاری کاغەز لە ململانێدا، دڵنیام سەرکەوتن بۆ گۆڤاری ئەلیکترۆنی دەبێت .. ئاخۆ دوای دە ساڵی تر دەبێت چ گۆڕانکاری و چ تازەگەرییەک لەم بوارە و، لە هەموو بوارەکانی تردا رووبدەن .. چونکە ئارەزووەکان و پێویستییەکانی مرۆڤ بۆ پێشکەوتن و داهێنان ناوەستێت ؟
با لە باسەکەمان دوورنەکەوینەوە، شەپۆلی ئەلیکترۆنی نەمان باتە قووڵایی دەریای پان و بەرینی ئەلیکترۆنییەوە .. کە بۆ نابەڵەدێکی وەکو ئێمە، نەتوانین بە باشی و دروستی مەلەی تێدا بکەین .
گۆڤاری ئەلیکترۆنی منداڵان، ئەو گۆڤارانەن کە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێنەوە، لە شێوەی گۆڤارێکی چاپکراودا، کە لەسەر پەردەی کۆمپیوتەری ئەلیکترۆنی، بە وێنە و دەنگ و رەنگ و وێنەی جۆڵاو بڵاودەبنەوە .. یاخود دەقی وێنە و کۆپی گۆڤارە چاپکراوەکانن .
تا ئیستا ژمارەیەکی زۆری سایت و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی کوردیمان هەیە، کە بە زمانی کوردی بابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە .. بەڵام بە داخەوە، کە زۆربەیان، بابەتەکانی منداڵان پەراوێز دەکەن و، بە شایانی بایەخپێدان و بڵاوکردنەوە نازانن .. هەڵبەتە خاوەنی ئەم سایت و ماڵپەڕانە، ئەوە نازانن کە منداڵان هەموو شتێکن و، گرنگترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن و، زۆر لە سامانی نەوت و زێڕيش بەنرختر و گرنگترن .. کوردیلەکانی ئەمڕۆمانن کە هیوای داهاتووی کورد و کوردستانن .. چارەنووس و داهاتووی گەلەکەمان، لە رادەی چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن و رێنمایی و ئاراستەکردنی ئەمڕۆی منداڵەکانماندا بەدی دەکرێن .. چی بچانین ئەوە دروێنە دەکەین .
گەلی جیاوازی لە نێوان گۆڤاری کاغەز و گۆڤاری ئەلیکترۆنیدا هەیە، بۆ نموونە تەنها باس لە دوو جیاوازی دەکەین، لە رووی داراییەوە، گۆڤاری کاغەز پارەیەکی باشی دەوێت بۆ درێژەدان و، پێشکەوتن و جوانتر رازانەوەی .. بەڵام گۆڤاری ئەلیکترۆنی هەر وەکو ئەوەیە کە بە خۆڕایی بێت .. نووسەر بە ئەوپەڕی ئازادییەوە و بەبێ سانسۆر، دەتوانێت لە گۆڤارە ئەلیکترۆنییەکاندادا، را و بۆچوون و نووسینەکانی خۆی بڵاوبکاتەوە، بەڵام ئەم ئازادییەی لە گۆڤاری کاغەزدا سنووردارە .
هیوادارم، ئەو دڵسۆزانەی توانا و شارەزاییان لە دامەزراندنی ماڵپەڕ و سایتی منداڵاندا هەیە و، دەتوانن سەرکەوتووبن لە بەڕێوەبردن و درێژەپێدانی، دڵسۆزی خۆیان بنوێنن و، خۆیان لای منداڵانی کوردمان و، لای نووسەرانی بواری رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵان شیرین بکەن و، دەست پێشکەری بکەن بۆ کردنەوەی ماڵپەڕێکی ئەلیکترۆنی تایبەت بە منداڵانی کوردمان . پێشڕە و دەست پێشکەربن بۆ دەرهێنانی گۆڤارێکی کوردی ئەلیکترۆنی بۆ منداڵانی کوردمان .. دڵنیابن لەوەی، کە زۆر نووسەر و رۆشنبیری بواری ئەدەبی منداڵان، زۆر خەمخۆری منداڵان هەن، پێشوازی و دەستخۆشیتان لێدەکەن و، هاوکارتان دەبین و، بەشداری لە سەرکەوتن و لە پێشکەوتنی پرۆژەیەکی پێویستی وادا دەکەین .. سەرەتای هەمووکارێکیش بیرۆکە و قسەکردنە .. ئینجا نەخشەدانان و جێبەجێکردنە .. دەڵێن ( بڕینی ماوەی هەزار کیلۆمەتر .. بە هەنگاوێکی سەرەتا دەست پێدەکات )
( خوێنەرانی دڵسۆز : ( بەشی دووەم ) یشم نووسیوە، کە دەربارەی ( گۆڤارە کوردییەکانی منداڵانی کورد ) ە .. کە لە هەفتەی داهاتوودا .. بەرچاوتان دەکەوێت ... )
رەزا شوان
نەرویج : ٢١/ ٢/ ٢٠١٥

 

دوو کورتە چیرۆکی کۆمیدی ... وەرگێڕانی ... رەزا شوان

١ـ چیرۆکی ئاوێنە :

لە وڵاتی هیندستاندا، لە سەردەمێکی کۆندا، پێاوێک لەگەڵ خێزانەکەیدا، لە کێڵگەیەکدا دەژیان .. هیچ کەسێکی ئەم خێزانە ئاوێنەیان نەبینی بوو .
رۆژێک پیاوەکە لە کێڵگەکەیدا ئاوێنەیەکی خڕی بچکۆلەی گیرفان دەدۆزێتەوە .. کە سەیری ئاوێنەکەی کرد و .. وێنەکەی خۆی تێدا بینی .. وای زانێ ئەمە وێنەی باوکی کۆچکردوویەتی .. زۆر دڵی خۆشبوو، ئاوێنەکەی خستە گیرفانییەوە، هەموو رۆژێک بە نهێنی سەیری ئاوێنەکەی دەکرد و قسەی لەگەڵ وێنەکەی خۆیدا دەکرد ، دەشیگوت : " باوکە گیان تۆ کوتومت لە من دەچیت .. قسەکانی منیش دووبارە دەکەیتەوە ..!؟ "
ژنەکەی هەستی بە شتێک کرد و، لە مێردەکەی کەوتە گومانەوە .. رۆژێک پیاوەکە ئاوێنەکەی لە بیرچوو بوو، لە ماڵەوە لێی بە جێمابوو .. ژنەکەی ئاوێنەکەی بینی، سەیری ئاوێنەکەی کرد، کە وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی .. دڵی داخورپا و گوتی : " ئەها، دۆزێمەوە .. ئەمە ئەو ژنەیە، کە هەموو رۆژێک مێردەکەم بە دزیی منەوە قسەی لەگەڵدا دەکات .. ئەمە کوێی لەمن جوانترە .. قبووڵی ناکەم ؟! " ژنەکەی زۆر تووڕە بوو، بە بۆڵە بۆڵ چوو بۆ لای خەسووەکەی و، ئاوێنەکەی دایە دەستی و پێی گوت : " پووری گیان بڕوانە، کوڕەکەت، هەموو رۆژی بە دزیی منەوە لەگەڵ ئەم ژنەدا قسەدەکات، ئەمە کێیە ..؟! " کە خەسووەکەی سەیری ئاوێنەکەی کرد و وێنەکەی خۆی لە ئاوێنەکەدا بینی .. دڵی بووکەکەی دایەوە و پێی گوت : " رۆڵە گیان، دڵگران مەبە، غەم مەخۆ .. چونکە ئەم ژنە پیرە و، لەوانەیە بەم زووانە بمرێت .. "
٢ ـ پاشا گرەوەکەی دۆڕاند :

پاشایەک هەبوو، زۆر حەزی لە پێکەنین و قسەی خۆش و فشە و فیشاڵ و درۆ دەکرد .. رۆژێک پاشا گرەوێکی راگەیاند، گوتی : " هەچ کەسێک، هەر درۆزنێک، درۆیەکم بۆ بکات و، بڕوا بە درۆکەی بکەم، ئەگەر پێم گوت ـ درۆدەکەی ـ بەڵێن بێت، نیوەی وڵاتەکەمی پێشکەش دەکەم .. " .. درۆزنەکان بۆ بردنەوەی گرەوەکە کەوتنە خۆیان.
رۆژی یەکەم، بەرگدروویەک چوو بۆ لای پاشا و، گوتی : " خاوەن شکۆ، ئەم نێوەڕۆیە بینیم، ئاسمان دڵی دڕاوە و، ئاوی لێدەچێت، منیش بە پەلە مەکینەکەم هەڵگرت و، فڕیم بۆ ئاسمان و، بە چرکە ساتێک جوان دڵی ئاسمانم دوورییەوە "
پاشا : " دەستەکانت خۆشبێ، کارێکی چاکت کردووە "
بەرگدرووەکە بەبێ ئومێدی گەڕایەوە .. چونکە پاشا پێی نەوت درۆدەکەی .
رۆژی دووەم، شوانێک چوو بۆ لای پاشا و گوتی : " خاوەن شکۆ، من منداڵ بووم، باپیرم قەڵەنگێکی زۆر درێژی هەبوو، سەد باڵ درێژ بوو، بە چاوی خۆم بینیم باپیرم لە دوورەوە بەو قەڵەنگەی مەڕەکانی پێ لێدەخوڕی .. "
پاشا بە شوانەکەی گوت : " ئەو قەڵەنگەی باپیرت، لە شوولکی چەمەکەی باپیری من بڕی بووی، لەو کاتەدا، چەمەکەی باپیرم، شوولکەداری لەوەش بەرزتری تێدا بوو "
شوانەکەش بەبێ ئۆمیدی دەرچوو، چونکە پاشا بە ئەمیشی نەوت درۆدەکەی .
رۆژی سێیەم، پیاوێکی هەژا، قزناغێکی گەنم پێوانی پێبوو، چووە لە بەردەمی پاشا دا، وەستا و سەیری دەکرد، بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات .
پاشا " ها مامە گیان، چیت دەوێت ؟ ئەو قزناغە دارە چییە بە دەستەوە ..؟!
پیاوە هەژارەکە : " خاوەن شکۆ، ساڵی پار، دە قزانغ بەم قزناغە، زێڕی خاوێنت لە من قەرزکرد .. هاتووم قەرزەکەم بدەیتەوە "
پاشا ـ بە تووڕییەوە : " ئەوە دەڵێی چی .. ؟ من زێڕم لە تۆ قەرزکردووە .. ؟! "
پیاوە هەژارە : " بەڵی خاوەن شکۆ، دیارە لە یادت نەماوە .. یان ناتەوێ بمدەیتەوە "
پاشا : " درۆدەکەی "
پیاوە هەژارەکە : " کەواتە گرەوەکەم لێت بردەوە، چونکە تۆ بەڵێنت دا، بە هەرکەسێ بڵێیت ـ درۆدەکەی ـ نیوەی وڵاتەکەتی پێشکەش بکەیت .. ئێستاش خۆت یەکلایی بکەرەوە .. یا دە قزناغ زێڕم بدەرێ، یا نیوەی وڵاتەکەتم بدەرێ . کامیانم دەدەیەتێ ؟ "
پاشا لە زیرەکی ئەم پیاوە هەژارە سەری سوڕما .. دانی بە دۆڕاندنەکەیدا نا و، ناچار بوو کە یەکێکیان قبووڵ بکات .
(*) ئەم دوو چیرۆکە بە دەستکارییەوە، وەرگێڕانەتە سەر زمانی کوردیمان .

 
 

جه‌عفه‌ر سه‌حراڕوودی ئه‌و كوردكوژه‌ی پیاوچاكانی هه‌رێم به‌گه‌رمی پێشوازییان لێی كرد؟

111له‌ پره‌نسیبه‌كانی دیپلۆماسیدا ئاساییه‌ كه‌ وڵاتان له‌كاتی پێوه‌ندی دیپلۆماتیكدا كه‌ڵك له‌و كه‌سایه‌تییانه‌ وه‌ربگرن كه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنیان له‌‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و له‌ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانی نێوانیان ڕۆڵی چاره‌سه‌ر و ئه‌رێنی ده‌گێڕن. به‌تاییبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ له‌لایه‌ن لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه‌ به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی كاریگه‌ر پێناسه‌ بكرێت و ڕێزی لێ بنرێت و پێوه‌ندی تووندوتۆڵی له‌گه‌ڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ردا هه‌بێت.

له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا كه‌ دیپلۆماسی گرینگترین ویستگه‌ی چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌كانه‌، كه‌واتا ئاساییه‌ كه‌ كه‌ڵك له‌و كه‌سانه‌ وه‌ربگرن كه‌ باشتر له‌ زمانی به‌رامبه‌ر تێ ده‌گه‌ن و له‌گه‌ڵ كولتووری لایه‌نی به‌رامبه‌ردا ئاشنان و كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێز و ناسراویان له‌ ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌‪.‬ هه‌روه‌ها نامۆیه‌ كه‌ وڵاتێك كه‌ڵك له‌ كه‌س و كه‌سایه‌تییه‌ك وه‌ربگرێت كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتی به‌رامبه‌ره‌وه‌‌ یانخود له‌ لایه‌ن به‌شێك له‌ دانیشتووانی وڵاتی خانه‌خوێوه‌ كه‌سایه‌تیی ئه‌و كه‌سه‌ نه‌رێنی بێت و ڕۆڵی چاره‌سه‌ركه‌ر له‌ پێوه‌ندی به‌ كێشه‌كان نه‌گێڕێت و پێچه‌وانه‌ كێشه‌كان پتر ئاڵۆز بكات و شه‌قام بورووژێنێت.

ناردنی ئه‌و چه‌شنه‌ له‌ كه‌سایه‌تییه‌كان كه‌ ڕۆڵی نه‌رێنی ده‌گێڕن و توانای دیپلۆماسیان له‌ ئاستێكی نزم دایه‌ و له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ پێكهاته‌كانی وڵاتی خانه‌خوێوه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی لاوازی هه‌یه‌ و دژكرده‌وه‌ی به‌شێك له‌ دانیشتووانی وڵاتی خانه‌خوێ به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت له‌وانه‌یه‌ ئامانجێكی سیاسیی و ته‌نانه‌ت ده‌كرێ تاكتیكێكی سه‌ربازیشی له‌ پشته‌وه‌ بێت.

ئامانج له‌ ناردنی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ په‌ره‌دانه‌ به‌ ئاژاوه‌ و ئاڵۆزكردنی پێوه‌ندی نێوان پێكهاته‌ی سیاسیی وڵاتێك و به‌ مه‌به‌ستی په‌لكێشكردنی قه‌واره‌كانی سیاسیی و پێكهاته‌گه‌لی جیاوازی وڵات بۆ شه‌ڕێكی ده‌روونی و نه‌خوازراوه‌ كه‌ ته‌نیا كۆمه‌ڵگای سیاسیی وڵات یانخود نه‌ته‌وه‌ی خانه‌خوێ تێیدا زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت. ئه‌م چه‌شنه‌ له‌ پێوه‌ندی دیپلۆماسی له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی جیهانی یه‌كه‌م و دووه‌م و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی ساردیشدا كه‌ڵكی لێوه‌ر گیراوه‌ و كاریگه‌ری نه‌رێنی خۆشی داناوه‌.

به‌ڵام له‌ دوونیای ئه‌مڕۆدا كه‌ دیپلۆماسی به‌ پڕۆسه‌یه‌كی گرینگ و چاره‌سه‌ركه‌ری كێشه‌كانی نێوان وڵاتان پێناسه‌ ده‌كرێت، پێش هاتن و ڕۆییشتنی شاندێك له‌ وڵاتێكه‌وه‌ بۆ وڵاتێكی دیكه‌ هه‌ر دوو لایه‌ن له‌باره‌ی كه‌سایه‌تییه‌كانه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌نێرن كه‌ دڵخوازی هه‌ردوو وڵات بن، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر كه‌سی پێشوازیكه‌ریش ڕێكه‌وتن ده‌كه‌ن كه‌ كام كه‌س له‌ فڕۆكه‌خانه‌ پێشوازی له‌ نوێنه‌ری وڵاتی مێوان ده‌كات و كام كه‌س دانیشتن و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ ده‌كات.

هاوكات هه‌ردوو وڵات مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی پێشنیاركراو بۆ ناردن وه‌ك نوێنه‌ر و ته‌نانه‌ت وه‌ك پێشوازیكه‌ریش ڕه‌فز بكه‌نه‌وه‌ و داوای گۆڕانكاری له‌ ئه‌ندامانی شاندی نێردراو یانخود پێشوازیكه‌ر بكه‌ن و به‌ته‌واوه‌تی له‌سه‌ر هه‌موو پرسه‌كانی پێوه‌ندیدار به‌ وردی گفتوگۆ و ڕێكه‌وتن بكه‌ن.
وه‌ك ئاماژه‌ له‌ دوونیای دیپلۆماسیدا ئاساییه‌ كه‌ سه‌رۆكی پارله‌مانی وڵاتی مێوان ته‌نیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارله‌مانی وڵاتی خانه‌خوێ دانیشتن و گفتوگۆ بكات.

به‌ڵام كاتێ كه‌ سه‌رۆكوه‌زیری وڵات، سه‌رۆكی وڵات، سه‌رۆكی پارله‌مانی وڵات و تێكڕای سه‌رۆك و جێگری سكرتێره‌كانی پارته‌كانی سیاسیی وڵات و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی حیزبه‌كانیش به‌ بنه‌ماڵه‌كانیشیانه‌وه‌ پێشوازی له‌ نوێنه‌ر و كه‌سایه‌تیی وڵاتی مێوان ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ئیتر شتێكی ئاسایی نییه‌. ئه‌گه‌ریش كه‌سایه‌تیی و نوێنه‌ری وڵاتی مێوانیش سه‌رۆكی پارله‌مان بێت و به‌رپرسی یه‌كه‌می وڵات نه‌بێت ئه‌وه‌ ئیتر كاره‌ساته‌. گرینگ نییه‌ كه‌ سه‌رۆك و سه‌رۆكوه‌زیر و سه‌رۆك پارله‌مانی هه‌رێمێك بیت یانخود وڵاتێك، گرینگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆكێكی فه‌رمیت و له‌لایه‌ن یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵاته‌وه‌ وه‌ك هه‌رێم و سه‌رۆك هه‌رێمێك دانت پێدا نراوه‌. بچووكی و گه‌وره‌یی وڵات هیچ له‌ باییخت كه‌م ناكاته‌وه‌ چونكه‌ یاسای بنه‌ڕه‌تی وڵات دانی پێتدا ناوه‌.

چۆن ده‌بێ كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی پارله‌مان، سه‌رۆكوه‌زیر و سكرتێر و جێگرانی سكرتێر و سه‌رۆكی حیزبه‌كانی كوردستان به‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ پێشوازی له‌ كه‌سێك بكه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێكی سه‌ره‌كیی له‌ نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ به‌ كه‌سێكی تاوه‌نبار پێناسه‌ ده‌كرێت و ڕاسته‌وخۆ ده‌ستی له‌ تیرۆركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی كورد هه‌بوو بێت. باشه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن كه‌ ئێمه‌ ده‌سه‌ڵاتمان نه‌بووه‌ ڕێگری له‌ هاتنی ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌ن، خۆ ده‌تانتوانی له‌ هاتنی بۆ هه‌رێم ڕێگری بكه‌ن ئه‌وه‌ش به‌پێی یاسای هه‌رێم. باشه‌ خۆ ده‌تاتوانی له‌ ڕێگای ئه‌و نوێنه‌ره‌وه‌ كه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێراق هه‌تانه‌ ڕێ له‌ هاتنی بۆ نێو ئێراق بگرن. باشه‌ خۆ ده‌تانتوانی له‌و ئاسته‌ به‌رزه‌دا پێشوازی لێنه‌كه‌ن. باشه‌ خۆ ده‌تانتوانی خۆتان له‌ پێشوازیكردنی ئه‌و كه‌سه‌ له‌ هه‌رێم بكه‌نه‌وه‌، یانخود ده‌تانتوانی به‌شێوه‌ی نهێنی پێشوازی لێ بكه‌ن و به‌جیا له‌ سه‌رۆكی پارله‌مانی ئێران پێشوازی بكه‌ن. له‌ ڕاستیدا ڕێگه‌ زۆر بوو كه‌ ڕێ له‌ هاتنی ئه‌و تیرۆرسته‌ بۆ كوردستان بگرن. به‌ڵام دیاره‌ سیاسه‌تی ئێوه‌ش ده‌روڕووی نییه‌!

ته‌نانه‌ت ڕژیمی ئێرانیش له‌ نزمیی كه‌سایه‌تیی سه‌حراڕوودی ئاگاداره‌ هه‌ربۆیه‌ له‌و هه‌واڵانه‌ی میدیاكانی فه‌رمیی ئێران و پارله‌مانی ئێرانه‌وه‌ باس له‌ چوونی سه‌حراڕوودی بۆ ئێراق و لوبنان نه‌كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌و شانده‌دا كه‌ له‌لایه‌ن حوكوومه‌تی ئێراقه‌وه‌ پێشوازی لێكراوه‌ نابینرێ، باشه‌ بۆ هه‌ركه‌ ده‌گاته‌ كوردستان ده‌بێته‌ كه‌سایه‌تییه‌كی زه‌ق و به‌رچاوی شانده‌كه‌ی حوكوومه‌تی ئێران! ئه‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌ و نابێ دووپات بێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ مه‌زنیی نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی له‌ هه‌رێم بێ سنوور ده‌كات و حوكوومه‌تی هه‌رێمیش ڕۆڵی له‌جاران لاوازتر ده‌بێت. نه‌هاتنی شاندێك زۆر له‌وه‌ باشتره‌ كه‌ بێن و بێڕێزیت پێ بكه‌ن و كێشه‌ و ئاژاوه‌ت بۆ درووست بكه‌ن. ئامانج له‌ ناردنی ئه‌و چه‌شنه‌ كه‌سانه‌ وه‌ك نوێنه‌ر له‌گه‌ڵ شاندێكدا به‌ مانای داننان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی وڵاتێك یانخود هه‌رێمێك نایه‌ت و پێچه‌وانه‌ مانای پێچه‌وانه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و ئاماژه‌ به‌ دۆستایه‌تیی نێوان دوو وڵات و دوو نه‌ته‌وه‌ ناكات. ده‌بێ وڵاتان ڕێز له‌ هه‌ستی یه‌كتر بگرن، ته‌نانه‌ت دوو وڵاتی دووژمنیش له‌كاتی پێوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كه‌ڵك له‌و كه‌سانه‌ وه‌رناگرن.

دوایین قسه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ با له‌و پرسه‌ گه‌ڕه‌یین كه‌ پێوه‌ندی به‌ سیاسه‌ت و پرسه‌كانی سیاسیی و دیپلۆماسییه‌وه‌ هه‌یه‌، كه‌ پێوه‌ندی به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمیی و حیزبیی و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ك چۆن هه‌رێم ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره‌ پارته‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌هه‌مان شێوه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ره‌ كه‌ چۆن مۆڵه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ چۆڵه‌ كه‌ كه‌سانێكی وه‌ك سه‌حراڕوودی به‌ ئاسانی دێن و ده‌چن و كه‌سیش لێیان ناپرسێته‌وه‌! من ده‌ڵێم با ده‌سه‌ڵاتی باشوور ئاوڕێك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كانی باشوور بداته‌وه‌ و وه‌ك په‌نابه‌ر سه‌یریان نه‌كات و مافیان ژێرپێ نه‌خرێت و وه‌ك هاوڵاتی كورد چاویان لێبكات نه‌ك وه‌ك بێگانه‌.

كاتی خۆی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ڕژیمی به‌حسی ئێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌دام حسێن كه‌وتنه‌ گفتوگۆوه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا بوو كه‌ به‌شێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و سه‌ركردانه‌ی باشوور له‌ لایه‌ن سه‌دام و ڕژیمی به‌حسه‌وه‌ ئه‌نفال، زینده‌به‌چاڵ و له‌ سێداره‌ درابوون، به‌ڵام له‌به‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی سیاسیی كورد له‌گه‌ڵ سه‌دام دانیشتنی ڕاسته‌وخۆیان كرد. ئه‌و كات ئه‌و دانیشتنه‌ له‌و بارودۆخه‌دا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ڕێوه‌چوون، به‌ڵام دڵنیام كه‌ ئێران ئامانجی ئاژاوه‌گێڕییه‌ و یاریكردنه‌ به‌ ڕۆژهه‌ڵات و باشوور و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ درز بخاته‌ نێوان پێكهاته‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و به‌تاییبه‌ت به‌شێك له‌ پارته‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. هاوكات دان به‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم وه‌ك كیانێكی سه‌ربه‌ست و ئازاد نانێت. ئێران پێی وایه‌ كه‌ هه‌رێمێكی له‌و چه‌شنه‌ نه‌به‌هێز و نه‌ لاواز له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران نییه‌، چونكه‌ هاوكێشه‌كان له‌ ئێراق ده‌گۆڕێت. به‌ڵام ده‌یهه‌وێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ده‌ست بدات و ته‌نیا بمێنێته‌وه‌ و له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا ته‌نیا ده‌ست بۆ ئێران درێژ بكات. چونكه‌ له‌ باری ژئۆپلۆتیكه‌وه‌ ڕۆژهه‌ڵات گه‌لێك گرینگه‌ بۆ باشوور و هه‌روه‌ها باشووریش گرینگه‌ بۆ ڕژهه‌ڵات. دابڕن و لێك دووركه‌وتنه‌وه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات ئێران له‌ ئامانجه‌كانی نزیكتر ده‌كاته‌وه‌.

تێبینی؛ نه‌مویست له‌م باره‌وه‌ بنووسم به‌ڵام كه‌ بینیم ڕژیمی ئێران خۆشی باسی له‌ چوونی سه‌حراڕوودی بۆ ئێراق نه‌كردووه‌ و له‌ نزمیی كه‌سایه‌تیی ئه‌و تیرۆرسته‌ ئاگاداره‌ و ده‌زانێ كه‌ جه‌عفه‌ر سه‌حراڕوودی كه‌سایه‌تییه‌كی دیپلۆماتیكی نییه‌، خۆنه‌ویستانه‌ كه‌وتمه‌ نێو ئه‌م باسه‌وه‌.

له‌نووسینی؛ ئاریتما موحه‌ممه‌دی‌

 

ئەو لێدوانەی بەرێز سەلاحەدین دەمیرتاش تووشی شۆکی کردم.

DSC 0277بەڕێز سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی گشتیی پارتی دێموكراتی گەلان (هەدەپە) لە لێدانیکیدا بۆ ماڵپەری فورات نیوزی، لە پێوەندی بە هێرشەکانی پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنەوەی ناوچەکانی شینگال دڵخۆشیی خۆی بۆ ئازاد‌كردنی زۆربەی ناوچەكانی سنووری شنگال دەربڕی و پیرۆزباییشی لە پێشمەرگەو گەریلا كرد. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ڕایگەیاند کە شنگال بە شێوەیەكی فەرمی بەشێكە لە عێراق، ئێستا مەترسی هەیە كە ئەو شارۆچكەیە بخرێتەوە سەر هەرێمی كوردستان.
هیچ نکۆڵی لەوە ناکرێت کە بەرێز دیمیرتاش بە هۆی پێداگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە باکوری وڵاتمان تا ڕادەیەکی باش خۆشەویستی خۆی بردوەتە دڵی خەڵکەوە. کە چی زۆر پێچەوانەی کەسایەتی و هەڵویستە سیاسی و نەتەوەیەکانی چەندساڵ پێشی، و لە کات وساتێکی زۆر ناسکدا، کە بە سەدان هەزار کوردی خەڵکی شنگال بە یەزیدی وغەیرە یەزیدییەوە چاوەروانی ڕزگاری شارە داگیرکراوەکەیان بوون بە هیمەتی هێزەکانی پێشمەرگەو هاوپەیمانانیان لە ژێرچنگی چەتەکانی داعش، و بۆ گەرانەوەی سەر دەسەڵاتی باشوری کوردستان. کە چی ناوبراو داوای ئەوە دەکات شنگال نەخرێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
بەڕاستی ئەم لێدوانەی بەرێزیان بۆ من و هەزارانی وەک من جێگەی پرسیارە، و نایشارمەوە کە من بەو لێدوانەی بەرێزیان وێرای ئەو هەموو خۆشەویستییەی کە بۆ بەرێزیان هەمە بەڵام تووشی شۆک بووم. ناوبراو بە تەوای شینەکردوەتەوە کە مەبەستی چییە لەوەی نەگەرێتەوە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. ئەگەر مەبەستی ئەوەیە کە شنگاڵیش بکرێتە کانتۆنێکی سەربەخۆ ئەوەش بەبۆچوونی من بیرکردنەوەیەکی هەڵەیە. بە کانتونکردنی شارەکانی کوردستان بە بۆچوونی من دیسانەوە پارچە پارچە کردنەوەی کوردستان ولە یەکدابراندنێکی کۆمەڵایەتییەوە. با هەر بەشەی کوردستان حکومەتێکی گشتی هەبێت کە یاساکانی بۆ گشت شارو ناوچەکانی بێت، نەک هەر شارەی کوردستان بۆ خۆی حکومەتێکی هەبێت و خۆی بریار بدات. ئەم جۆرە کانتونانە دەمانگەرێنێتەوە بۆ سەردەمی ئەمارەتەکانی سەدانساڵەی پێشوومان کە بە ناچاری و بە هۆی نەریتی نالەباری ئەو سەردەمە هەر ناوچەیەکی وەک بابان و سۆران و هیدیکە دەسەڵاتی ناوچەی خۆیان بەرێوە دەبرد. یا ئەگەر بەرێزیان پێیان وایە کە شنگاڵ بخرێتەوە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی بەغدا ئەمەش هەڵەیەکی مێژوویە بۆ بەرێزیان و خەباتی چەند ساڵەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
لەم سەردەمەی ئیستادا لە سەرتاسەری جیهان باس باسی گەلی کورد و خۆراگری پێشمەرگەو گەریلایە. کەیسی سەربەخۆیی کوردستان و بە بە دەوڵەتبوونی کوردستان زۆر ڕێگەی بۆ خۆشکراوە، دەرکردنی داگیرکەری کوردستان لە سەر خاکەکەمان بووەتە پرۆژەی رۆژانەی هێزەکانی پێشمەرگە و گەریلا. کەچی مخابن تازە لە لایەن هیندێک سەرکردەی نەتەوەیی کوردەوە گۆی بیسی مانەوەی یەکێتی خاکی ئێراق و نەگەرانەوەی شارێکی مەزنی وەک شنگال بۆ سەر کوردستان دەبین؟ بەڕاستی نازانم ئەمە چ نهێنییەکی بە شۆیندایە و مەبەست لەم جۆرە لێدوانانە لەم کاتانەی خاکی کوردستان بەرەو ڕزگاربوون دەروا لە چ دایە
بەیجی فەرمی فایسبووک
https://www.facebook.com/pages/Aref-Bawecani-%D8%B9%D8%A7%D8%B1%D9%81-%D8%A8%D8%A7%D9%88%DB%95%D8%AC%D8%A7%D9%86%DB%8C/197961183628816?pnref=story

 
 

JPAGE_CURRENT_OF_TOTAL